خەفەتەکانمان

2023-04-27 07:37:30



د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

لە دوورەوە گوێم لە هاوارەکەی بوو پرسی: دێیتەوە؟ من لە دڵی خۆمدا وتم مەگەر لە ئیمتیحاندا. کابراکەی بەرامبەرم خوڕ خوڕ دەستی کرد بە پێکەنین. دیارە گوێی سوکە. سوکە؟ ئەی بۆ ناچێ بۆ عاسمان؟ عاسمانی چی هەتیو، حەوت زەمانە تەیارەخانەکە داخراوە. باوەڕ بکە نەمبیستووە. نەتبیستووە؟ نەبەخوا. خوا ڕووت ڕەش کا وەک سودانی. سودان بۆیە دروست کراوە بۆ ئەوەی کورد زۆر بەزەیی بە حاڵی خۆیدا نەیەتەوە. خەمت نەبێ نایەتەوە، لە کارەباکەی ناوبازاڕ خراپترە. جا ئەوچاتر. بازاڕ پڕە لە حوت. حوتەکانی ئێرەش سەیرن ها، تا ئێستا یەک دانەیان خۆی نەکوشتووە، کەچی لەو ئەوروپایە بە کۆمەڵ و بزووتنەوەو یەکگرتوو بەقەدەر سەلەلەفییەک دەستیان ناڕوا. بەڕاستی وەزعێکی بۆگەنە. مامۆستای وەرزش وتی بۆگەنەکە خەتای وەزع نییە، غازەکەی پیسە. عەینەن مێش. ڤ.. ڤڤڤڤ. ڤڤڤڤنگ.. ڤ. ئەرێ وەڵا گرتم… مێش نییە مێشولەیە. فەرق ناکات، موهیم ئەوەیە گرتم. حاکم وتی ئەگەر لەسەر کێشەی عەشایەری بێ حوکمەکەی کەمترە. پارێزەرەکە بە هەڵەداوان هات: بۆچی گرتونانە، چی کردووە؟ داواکاری گشتی فەرموی شیعر.. شیعری کردوە… هاهاهاها.. شیعر نانوسرێ قوربان. خۆی ناخافڵ دێت. خۆی چۆن دێت ؟ قابیلە مەسیج بێت؟ نەخێر گولـلەی وێڵە… وێڵ و بەستەزمانە شەو. ئای ڕەحمەت لە قەبرت زیرەک. ڕۆژ نییە خەفەتت بۆ نەخۆم. بەڵام خەفەتێکی بێ تام. چونکە دکتۆر بۆی نوسیوم خوێی پێوە نەکەم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand