ئی ئۆ سی

2023-04-11 06:40:20



د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

کورد ئەگەر لە پەندەکانییەوە نمرەی بۆ دابنێیت، ئەڵێیت باوو باپیرانمان تاجیر باشییەک بون برنجی. قازانج سەری مایە دەخوات و زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە جووتێ نمونەی زێڕینن بۆ تەسدیقی قسەکەمان. ئەوەی دووهەمیان ئەمریکای هاو پەیمان بە ڕۆژی نیوەڕۆ لێی دزین و هات لە ئەفغانستاندا کۆپی پەیستی کرد. دەستیشی خۆش بێ. ئەی توخوا لەو موتەخەلیفخانەیەدا بمایاتەوەو دوو تریلیۆن دۆلاری تری خەسار بکردایە؟ ڕۆڵەگیان ئەوە ئەمریکایە هەموو شتێکی بە حساب و کیتابە. قابیلە وەک ئێمە بێ کە ناوێرین بە لێخشاندنیش تەماشایەکی سیاسەت و ئیدارەو کۆمەڵگا بکەین. سی و قسور ساڵە عیلاقەی حیزبی و سیستمی حوکمڕانی و سیاسەتی کارەباو خەستەخانەو ئاستی مەکتەبلییەکانمان فڕیان بە جمهورییتەوە نییە، کەچی هەر درێژەی پێ ئەدەین. بەنوقتەو فاریزەوە یاسای یەکەمی چاڵبازی ئەخەینە پشتگوێ کە ئەفەرموێ کاتێک خۆت لە چاڵێکدا بینییەوە پاچکارییەکە بوەستێنە. ئینکاریکردن لەگەڵ شکستی حەتمیدا بابەتێکی دەرونناسی و کۆمەڵناسی یە کە کورتکراوەکەی پێی ئێژن ئی ئۆ سی، مەعنای زاراوەکە ئەبێ بە زیادکردنی پابەندبوون، واتە گیرخواردن لە کارێکی بێهوودەدا: چەند ساڵە وا ڕامان کێشاوە تازە چۆن وازی لێ بهێنین؟ سەبری گیان بەو دەستانەی خۆم گەورەم کرد؟ ڕاستە حەزم لە بەشی مێژوو نییە بەڵام تازە لە پۆلی سێم بە چ ڕوویەکەوە بیگۆڕم؟و…، 
پۆپۆلیستیەکانی سیاسەت و کۆمەڵناسی پاڵەوانی خۆشەویستی ئەم جۆرە بیرکردنەوە خۆتڕێنەن. بەردەوام بە. کۆڵ نەدەی ها. هەر ئەم هەورازەیەو دوای ئەوە ئەگەینە تەختایی کامەرانی. خوا هەڵناگرێ ورەو پشوودرێژی سیفەتی جوانی ئینسانن، بەڵام پیاوم دەوێت کەلـلەڕەقی لە سەبری شۆڕشگێڕی جیا بکاتەوە. وەڵا ئەکرێت. ئەوەڵەن لەڕووی فەرهەنگەوە کوردەواری ئەو توێکڵە مۆزەیە کە هەموو کەسێکی ئی ئۆ سی پەروەری پێ دەخلیسکێت. هەم کۆمەڵگایەکی نادادپەروەرەو هەم نێرسالارە: گەورەم کۆڵ نەدەی با نەیارەکەت دڵی خۆش نەبێ. ئەوە وازت هێنا هەی حەیابەرەی ژنانی؟
بەڵگەیەکی تری بەتەقەدا کەوتنمان لەم شکستخواردنە ئەبەدییەدا ئەوەیە کە تەواوی قەرارەکان هەمیشە لەدەست نوخبەکەدا بووە، لە حاڵێکدا کە زۆر جار خەڵکی دەرەوەی بەزمەکە عەیب و عارەکان باشتر دەبینن. گوێ لە هەر مەسئولێکیش ئەگریت تەنیا هەر هەقایەتی کۆن و بەڵگەی زەمانی تەقیانوسەکەت بۆ ئەهێنێتەوە لەکاتێکدا کە ئینسانی حەکیم لەفکری سبەینێدایە. خاڵمان زۆر سەرف کرد، لەبەرئەوە ئەڵێین خاڵۆزایەکی تری سەبەبکاری ئەم چەقینەمان لەوەدایە کە حەفیزەهوڵاکان وا هەست دەکەن گەر پێچ بکەنەوە ئەوە ئیتر ئاخری دنیایە، چونکە هیچ سنعاتێکی تر نازانن جگە لە دروستکردنی قەیران و بابەخوڵێکردن بە دەوری شیعارە بەتاڵەکان و خەیاڵە موستەحیلەکاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand