کەون و کائینانت وان بە شەحنەوە

2023-04-07 13:12:15



د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

ساحەکە هیچ یارییەکی تیا نەماوە. وەک ئەو شەترەنجە وایە کە شایەکی فڵقەکۆن لەسەر دنیایەک وەزیرو قەڵاو فیل و عەسپ و جوندی مغاویرا تەنیاو تەنیا تاقە یەک عەسکەری ئیحتیاطی بەدیارەوە هەڵکوڕمابێت. جابۆیە نەکەس ئەوێرێ قەرارێک بدات و نە هیچ بەچکە ڕێوییەکیش ئەوەندە کەرە ڕای خۆی دەرببڕێت و شان و شەپیلکی ئارداوی بکات. دیقەت لەئەخبارو لێداوان و تەحلیلەکان بفەرموو  ئەبینیت هەموو شتەکان تەحویل بون بۆ کرداری داهاتووی بکەر نادیار. گەورە تا بچوکمان لەچاوەڕوانییەکی گاڵتەجاڕیدا ئەخوڵێینەوە وەکو مزراح. ئەحمەدە سەلکەزۆڵەکان ئیشوکاریان هاتۆتە سەر ئەوەی مەحمودە حەپۆلەکان بکەن بەشەحنەوە. بۆ نموونە:
١- گەر بتەوێ وەزعی خراپی دائیرەکەت بۆ مودیر بەگ بخەیتە جوملەیەکی موفیدەوە یەک صەلەف شەکرەکە لە دەمتا ئەکات بەقسەو ئەڵێ باشەباش، بەڵام ئێستا چاوەڕێی میوانم، دوایی دادەنیشین.
٢- سەد جەڕەس بۆ مەسئولەکەت لێ بدەی، لە سەدو یەکەمدا مەسیجێکت بۆ دێت: ئای کۆڵ یو لەیتەر.
٣- لە چاوەڕوانیی مەوقیفێکی ئارەقسڕی پەڕلەماندا سوێت بێتەوە عەشتەبای خوات دەستناکەوێ جگە لە پیرۆزبایی سەرۆکایەتی پەڕلەمان بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی بۆرکینافاسۆوە.
٤- کە شەکوای حاڵت ئەگەیەنیتە قون سوڵی ئەمریکا، بەزەردەخەنەیەک تێت ئەگەیەنێ کوڕە هەی ئەحمەق ئێستا کەی وەختی ئەم قسە قۆڕانەیە؟ جارێ وازی لێ بێنە تا ئەم شەڕەسەگەی ئۆکرانیامان لەکۆڵ ئەبێتەوە.
٥- وڕکی دنیا لە مێردەکەت بگریت بۆ بەربانگ بتباتە ڕامادا فایدەی نییە. بە زمانی حاڵ و مەسەلە حاڵیت ئەکا سەبرت بێ بەشکو دۆلارنەختێ دابەزێ.
٦- ئەوەی کە جاران کتێب و قاوەو دیژلەمەی بۆ چارەنوسی ڕیفۆڕم ئەگرتەوە ئێستا دەمی بووە بەتەڵەی تەقیو. هەرسوئالێکی لێ بکەی لە سەر هەر مەوزوع و مەتەڵێک بێ، ئەڵێ با بزانین چۆن ئەبێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand