"گرێبەستی سەدە".. ئەردۆغان پشتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی دەشكێنێت

Draw Media

2018-03-24 14:23:00



" ئەمە دواهەمین بزمارە ئەردۆغان لە تابوتی دیموكراتیەتی دەدات لە توركیا" بەمشێوەیە رۆژنامەنوس ئادەم ئەرسەلان دەدەوێت دەربارەی ئەوەی کە بە "گرێبەستی سەدە" لە توركیا ناودەبرێت، كە گروپی دۆغانی زەبەلاحی بواری راگەیاندن بە گروپی (دیمیرۆرین) دەفرۆشرێت كە نزیكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی كۆماری توركیاوە و بەهای گرێبەستەكەش (890 ملیۆن) دۆلارە.
گروپی دۆغان كە بە سەربەخۆ وەسفدەكرێت بە تەنها خاوەنی نزیكەی 40%ی دەزگاكانی راگەیاندنی توركیایە لە ناویاندا رۆژنامەكانی وەك (حوڕییەت) و (میللیەت) و (فاناتیك) و (پۆستا) و تەلەفزۆنەكانی وەك (سی ئێن ئێن تورك) و (كەناڵی دی).
ئادەم ئەرسەلانی رۆژنامەنوس لە لێدوانیدا بۆ سایتی " ئەلحوڕە" دەڵێت " ئەمە گرێبەستێكی ئاسایی نییە، بەڵكو گرێبەستێكە لەژێر گوشاری سیاسی گەورەدا كراوە كە كۆمپانیاكە ماوەیەكی دوورودرێژە روبەڕووی دەبێتەوە ".
ئاماژەبۆئەوەشدەكات، بەهای ئەو گروپە زۆر لەوە زیاترە ئەوەشی رودەدات پەیوەندی تەنها بە " خواست و ویستە كەسیی و دەسەڵاتخوازیی ئەردۆغانەوە هەیە".
ئەرسەلان باسلەوەدەكات، تەواوكردنی ئەو گرێبەستە ئەوە دەگەیەنێت كە حكومەت بە رێژەی 80% دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا كۆنترۆڵدەكات و  دەستبەسەراگرتنی میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن لەلایەن سەرۆكەوە لەكاتێكی زۆر هەستیاردایە و دوای ساڵێك هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوەدەچێت.
گروپی كۆمپانیاكانی (دۆغان) كە هەروەها چەند بەرژەوەندییەكی لە بوارەكانی وزە و بازرگانی و دڵناییدا هەیە ساڵی 2009 روبەڕوی غەرامەكردنێكی پێوانیی بووەوە كە (2.5 ملیار) دۆلاری تێپەڕاند دوای تاوانباركردنی بە خۆدزینەوە لە باج، ئەو گروپە ناچاربوو دوای ئەوە رۆژنامەی (میللیەت) و (فاتان) و كەناڵی (ستار تی ڤی) بۆ قەرەبووی ئەو زیانە بفرۆشێت.
" بەداخەوە لە كۆتاییدا گروپی دۆغان ملیدا بۆ ئەو گوشارانەی خرانەسەری" ئادەم ئەرسەلانی رۆژنامەنوس وای وت.
ئەرسەلان دەڵێ: ئەردۆغان لەم سنورەشدا ناوەستێ، بەڵكو لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ نەهێشتنی ئەو تۆزە دەنگە " ئازاد"انەی لە توركیا ماون، ئەو هیچ دەنگێكی دژ و ئۆپۆزسیۆن قبوڵ ناكات.. ئێستا پرۆژە یاسایەك لە پەرلەمانە كە رێگە بە حكومەت دەدات ئینتەرنێت كۆنترۆڵ بكات".
ئەرسەلان پێشبینیشدەكات ژمارەیەكی زۆر لەوانەی ئێستا لە گروپی دۆغان كاردەكەن لە كارەكانیان دەربكرێن، چونكە قبوڵی ناكەن ببنە " وتەبێژ و زوڕناژەنی ئەردۆغان".
ئەو رۆژنامەنوسەی توركیا رایگەیاند" توركیا بووەتە زیندانێكی گەورە بۆ رۆژنامەنوسان، كەس ناتوانێت باوەڕ بەوە بكات كە ئێستا چی لە توركیادا روودەدات، وەكو كۆریای باكور و ئێرانمان لێهاتووە، ئەوەش دۆخێكی خەمناكە بۆ دیموكراتیەت لە توركیادا".
ئەردۆغان كودەتا شكستخواردوەكەی تەموزی 2016ی قۆستەوە بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەیش وایدەبینن كە هۆكارێكە بۆ سەركەوتكردنی ئازادییەكان و بێدەنگكردنی ئۆپۆزسیۆن و سوكایەتیكردن بە هەر كەسێك دژی خواستە دەسەڵاتخوازەكانی بێت.
دادگاكانی توركیا سەدان یاداشتی دەستگیركردنیان بۆ رۆژنامەنوسان دەركرد بەهۆی تۆمەتگەلێكەوە كە رێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ بە پوچ و پێچەوانەی دەستوری توركیای دادەنێن، بە تایبەتی تۆمەتی پەیوەندی بە بزوتنەوەكەی فەتحوڵا گولەوە كە ئەنكەر بە پلانداڕێژەری كودەتاكەی دادەنێت.
دەسەڵاتدارانی توركیا لە ناوەڕاستی 2016ەوە دەیان هەزار كەسیان دەستگیركردووە لە ناویاندا زیاتر لە (100) رۆژنامەنوس هەن و زیاتر لە (150) دەزگای راگەیاندنیشان داخستووە.
بە گوێرەی قسەی رێكخراوی " بی 24" تایبەت بە ئازادی رۆژنامەگەریی، زیاتر لە (170) رۆژنامەنوس لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەستگیركراون و توركیا لە ئازادی رۆژنامەگەریدا لە پلەی (155)ی ریزبەندی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوردایە كە ئەو وڵاتەی بە " گەورەترین زیندان بۆ رۆژنامەنوسان لە جیهاندا " وەسفكردووە لە راپۆرتی ساڵی 2016ی خۆیدا.

وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ 
https://www.alhurra.com/a/key-media-group-turkey-pro-government/426243.html
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand