داواكاری گشتی سكاڵا لەسەر خۆپیشاندەرانى دهۆك تۆمار دەكات

Draw Media

2020-05-19 18:52:20



 
درەو: 
دوێنێ دادوەری لێكۆڵینەوەی دهۆك بڕیاریدا بە ئازادكردنی 12 خۆپیشاندەری خۆپیشاندانەكەی شاری دهۆك بە كەفالەت، بەڵام تەنها (6) خۆپیشاندەریان ئازادكراون و ئەوانەی دیكە لە زینداندا هێڵدرانەوە.
رێڤینگ یاسین پارێزەری خۆبەخشی دەستگیركراوان بە (درەو)ی راگەیاند: ئەو (6)كەسەی لە زیندان هێڵدراونەتەوە داواكاری گشتی سكاڵای نوێی لەسەر تۆماركردوون.
ئەو پارێزەرە خۆبەخشە رونی كردەوە لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای خۆپیشاندانەكان دەستگیركراوان ئازاددەكرێن و هیچ كارێكی نایاساییان نەكردووە ، ئەوان داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كردبوو، كە وەڵامیان نەدرابوەوە دوای 48 كاتژمێر بە رەزامەندبوون ئەژمار دەكرێت بە پێی بڕگەی (4) لە مادەی (4)ی یاسای ژمارە (11) ی سالێ 2010 خۆپیشاندانەكان كە تیایدا هاتووە "لە حاڵەتی وەڵام نەدانەوەی داواكارییەكە كە لەلایەن لیژنەوە پێشكەش كراوە دوای تێپەڕبوونی(48) كاتژمێر بەسەر مێژووی پێشكەشكردنی داواكارییەكە، ئەمە بە رەزامەندی لەسەر رێكخستنی خۆپیشاندانەكە دادەنرێ"
دوای ئەوەی بە یاسای خۆپیشاندانەكان دادوەر بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەركردن، داواكاری گشتی سكاڵایەكی نوێی لەسەر تۆماركردن ئەویش بە مادەی (2)ی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، بە بیانوی ئەوەی شەوی پێش خۆپیشاندانەكە، ئەوان لە فەیسبوكی تایبەتی خۆیانەوە، داوایان لە خەڵكی كردووە بەشداری خۆپیشاندانەكەی رۆژی 16/5/2020 ی دهۆك بكەن. 
بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆك لە خۆپیشاندانەكەدا (60)خۆپیشاندەر دەستگیركران،  فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك، یەكێتی و یەكگرتوو، گۆڕان، پەكەكەی تۆمەتباركرد كە لە پشتی خۆپیشاندەرانەوە بوون. 
  دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانی گەڕاندەوە بۆ رێو شوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.
ئەو 6 خۆپیشاندەرەی ئازادنەكران و سكاڵای نوێیان لەسەر تۆماركرا
- بەدەل بەرواری مامۆستا
- شڤان سەعید مامۆستای ئایینی
- ئومێد بەرۆشكی رۆژنامەنووس
- غازی سەلیم كادری یەكێتی
- نەورەس عەلی خوێندكار
- جابر حسێن مامۆستا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand