كۆرۆنا: بەردەوامبوونی ژیان و چانسی چاكبوونەوە

Draw Media

2020-03-20 08:02:59



ئامادەكردنی: پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەددین

ستراتیژی هەرێم
خۆشبەختانە هێشتا هەرێمی كوردستان لە پێگەی یەكەمی رێگرتنە لە پەتای كۆرۆنا و رێگەی نەداوە گوڕ بستێنێ و لەكۆنترۆڵ دەربچێ. ستراتیژی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە تاوەکو ئێستا ئەوە بووە كە رێگە لە هاتنەژوورەوەی بگرێ و دواتریش كە هاتە ناوەوە، رێگە لە تەشەنەكردنی بگرێت. پێویستە ئەو رێكارانە هەتا ماوەی چەند مانگێك بەردەوام بن، چونكە ڤایرۆسەكە هێشتا لە دەورەبەری هەرێم و وڵاتانی جیهان لە تەشەنەكردندایە. هەر كاتێكی هەرێم و خەڵكی هەرێم لەپابەندبوون بەو ستراتیژە خاو ببنەوە یان كۆڵ بدەن، ئەوا پەتاكە لەناكاو دەگاتە رادەی مەترسیدار.
لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە پەتایەكە تێیاندا خەریكی تەشەنەكردنە، هەوڵدراوە خێرایی تەشەنەكردنەكە كەمبكەنەوە و لووتكەی لێشاوی پەتاكە دوا بخەن، واتە لوتكەی كێرڤەكە پان بكەنەوە (سەیری وێنەكە بكە)، تاوەكو دەرفەت بدەنە سیستەمی تەندروستییەكەیان بە چارەسەری نەخۆشەكان رابگات. لەو نێوەشدا گرنگی زیاتریان بە بەرزكردنەوەی توانای سیستەمی تەندروستییان داوە.

هەڵبەتە ئەو جۆرە ستراتیژە لە ئایندەدا بۆ هەرێمی كوردستانیش پێویست دەبێ چونكە لە دەرەنجامدا ڤایرۆسەكە هەر دزە دەكات، بەڵام هەتا درەنگتر بێ ئەوا باشترە. بەداخەوە ئەو جۆرە ئەركە قورسە بۆ ئەو ماوە درێژە خەڵك و حكومەت تووشی ماندووبوونی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دەكات، بەڵام چارەش نییە، چونكە بۆ هەرێم تاكە رێگەی بەردەوامبوونە. شاراوە نییە كە سیستەمی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لەو ئاستەدا نییە كە بەرگەی لێشاوێكی لەناكاوی نەخۆشی تووند یان كوشندە بگرێت، نە لە ئێستا و نە لە ئاییندە. بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵكی هەرێمی کوردستان لە رێكارەكانی ئێستایاندا بەردەوام بن و بە پێی توانا و بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ (چەند مانگێك) رێگە لە هاتنە ناوەوە و تەشەنەكردن بگرن.
رێژەی چاكبوونەوە
ئامارە بڵاوكراوەكان لە زۆربەی راپۆرتە پزیشكییەكان باس لەو نەخۆشانە دەكەن كە لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون، نەك ئەوانەی لە ماڵەوەن و نەخۆشییەكەیان سووكە یان لەبنەڕەتەوە لە مرۆڤەكەدا بەدەر نەكەوتووە. دیارە جیاوازی نێوان خەڵك گەلێك زۆرە، جا هەر لە رۆژی توشبوونەوە هەتا دوا دەرەنجامی نەخۆشیەكە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە. بۆ نموونە:
لەو كاتەی كە ڤایرۆسەكە دەگاتە لەشی كەسێكی ساخ، دوای چوار یان پێنج رۆژ نیشانە سەرەتاییەكان سەر هەڵدەدەن، بەڵام لە هەندێ كەسدا دوای دوو رۆژ و لە هەندێكی دیكە دوای دوو هەفتە بەدەردەكەون. ئەوەشە نهێنی ئەو دوو هەفتە كەرەنتینەی كە لە ئێستادا جێبەجێ دەكرێ.
لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، نەخۆشەكان هەست بە بێتاقەتی و تا و كۆكە دەكەن. هەندێكیان تەنگەنەفەسی، گەروو كەوتن، بەڵغەم و هێڵنج و سكچوویی تووش دەبن پێش ئەوەی تووشی هەوی سیپەلاك و بۆڕیەكانی هەناسە ببن. هیچ كام لەو نیشانانە لە سەدا سەدی خەڵك رووی نەداوە.
درێژەی نەخۆشییەكە و قورسییەكەی و قۆناخی چاكبوونەوەش دیسانەوە جیاوازن. هەیانە چەند رۆژێك دوای نەخۆشكەوتن چاك دەبنەوە و لە هەندێكیشیان دوو تاوەکو سێ هەفتە دەخایەنێ.
بە واتایەكی دیكە، جیاوازییەكان بێ سنوورن لەنێوان خەڵك. ئەو جیاوازییانەش دەگەڕێنەوە بۆ جیاوازی تەمەن و ئاستی تەندروستی و ئاستی بەرگری لەشی نەخۆش، ژمارەی (جورعەی) ئەو ڤایرۆسانەی دەچنە لەشەوە، بارودۆخی نەخۆش، یان چۆنیێتی مامەڵەكردنی نەخۆشەكە لەگەڵ نەخۆشییەكەی و ئاستی خزمەتە پزیشكییەكەی دەستی دەكەوێ.
بە شێوەیەكی گشتی، لەو رۆژەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، لە سەرەتادا بە خێرایی گەشە دەكات و تەشەنە دەكات و نیشانەكانی نەخۆش لە مرۆڤەكە سەرهەڵدەدات. دواتر كە بەرگری لەش دێت بەسەر نەخۆشیەكەدا زاڵ ببێت، ئەوا ژمارەی ڤایرۆسەكان روو لە كەمبوون دەكەن. لە دوای هەڵسانەوە و چاكبوونەوە هەتا چەند رۆژێك لیكاوی دەم و بەرغەم و پیسایی هەناوی نەخۆشەكە ڤایرۆس هەڵدەڕێژێتە دەوروبەر، بەڵام دوای ئەوە، نەخۆشەكە بە تەواوی چاك دەبێتەوە و بەرگری لە دژی ڤایرۆسەكە پەیدا دەكات و دەگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی. ئیتر ئەو كەسە چیتر هەڕەشە نییە بۆ كۆمەڵگە و نابێتە سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆس. بە پێچەوانەوە، ئەوانە ئازادن و باشترین كەسن كە رێگەیان پێبدرێت تێكەڵاوی خەڵك بن، كار بكەن یان خزمەتی نەخۆشی نوێ بكەن.
ئەوانەی كە بە تووندی دەیگرن كێن؟
دوای شیكردنەوەی زیاتر لە 44 هەزار نەخۆشی چینی، ئامارەكانی كە لە مانگی شوبات بڵاوكرانەوە (لە لایەن CDC ئەمەریكی پوختەكراون) وای دەگەیەنن كە:
– زیاتر لە سێچارەگی نەخۆشەكان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵیەوە بوو، وە تەنیا سەدا دوویان لە ژێرەوەی 20 ساڵیدا بوون
– لەوانە، نزیكەی یەك لە پێنج كەس بە تووندی نەخۆشیەكەی گرت و پێویستی بە نەخۆشخانە بوو
– لەنێو ئەوانیشدا، دەوروبەری چارەگێكیكان (%30-20) پێویستی بە چارەسەری چڕ (ئینعاش) هەبوو
– لەنێو ئەوانیشدا نیوەیان چاكبوونەوە
بە شێوەیەكی گشتی، رێژەی چاكبوونەوە و مردن لەو كەسانەی كە بە تووندی نەخۆشییەكەیان گرت بەپێی تەمەنی نەخۆش و ئاستی تەندروستی (نەخۆشی پێشوەختە) جیاواز بوو. ئەو دوو خشتەیە پوختەی كۆمەڵێك بڵاوكراوەی وڵاتی چینن (مانگی شوبات):

ئەو دوو خشتەیە هەر بۆ تێگەیشتنە، ئەگینا رێژەكان لە بەپێی شوێن و كات و وڵات و جۆری توێژینەوەكان دەگۆڕین. ئامار و ئەزموونی وڵاتی چین و ئێران، ئیتاڵیا و بەریتانیا و ئەمەریكیا زۆر لێك جیاوزن.
خۆ پاراستن لەناو ماڵ
مایەی خۆشحاڵییە كە هاووڵاتیان و كۆمەڵگەی هەرێم ئاستی هۆشیارییان سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و رادەی پابەندبوونیان بە رێنماییەكان تەندروستییەكان زۆر بەرزبووەتەوە، ئەوەش هاوكاری حكومەتی كردووە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. هاوكات خەڵك زیاتر لە جاران بیر لە پاكوخاوێنی و خۆپاراستن دەكەنەوە، كە لە هەڵسوكەوتی رۆژانەیان رەنگی داوەتەوە، بەڵام گرنگە كە رێكارەكانیان لەسەر بنەمای زانستی بن و بە پێی پێویست بن، بەبێ ئەوەی بگەنە رادەی وەسواسێتی یان رەفتاری هەڵە تێكەڵ بە هی راست بكرێ.
– خێزان لە ماڵەوە: پێویستە ماڵ و كەلوپەل و خواردن بە گشتی بە پاكوخاوێنی رابگیردرێ، هەروەك رۆژانی ئاسایی، لەوە زیاتر پێویست نییە.
– دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ، دەستشوشتن بەبێ دواكەوتن زۆر گرنگە. ئەو شتومەكانەی لە دەرەوە هاتوون، بە پێی توانا خاوێن بكرێنەوە و ئەوەی شوشتنی بووێ بشۆردرێت.
– پێویستە جلوبەرگی دەرەوە لەگەڵ هی ناوماڵ جیاواز بن، بەڵام پێویست ناكات جلوبەرگی دەرەوە زوو زوو بشۆردرێن، چونكە هەڵواسینیان شەو تا بەیانی (بۆ 12 سەعات) بە ووشكی لە كەنتۆردا بەسە بۆ ئەوەی هەر ڤایرۆسێكی لەسەر نیشتبێ بمرێ.
– هەڵبەتە، ئەندامانی خێزان كە لەگەڵ یەكتر دەژین و هەمیشە تێكەڵ بەیەك دەبن، لە رۆژێكدا بە دەیان جۆر ئاڵوگۆڕی تەماس و هەناسە و كەلوپەلی ناوماڵ دەكەن، بۆیە زۆر زەحمەتە (بگرە مەحاڵە) بتوانن خۆیان لە یەكتر بپارێزن. خۆ ئەگەر یەكێكیان ڤایرۆسی تووشبوو ئەوا زەحمەتە ئەوانی دیكە لێی بپارێزرێن. بۆیە دەبێ زیاتر تەركیزی خێزان لەسەر ئەوە بێ كە ڤایرۆس لە دەرەوە نەیەتە ناو ماڵ. واتە، ئەگەر كەسی دیكە نەهاتە ناو ماڵ و خاوەنماڵیش نەچووە دەرەوە ئەوا پێویست ناكات بە زیادەوە ماڵ پاك بكرێتەوە وەیان هەر جارێك ئەندامانی خێزان دەستیان بەیەكتر كەوت دەست بشۆن.
– كە سەردانی ماڵێك دەكەیت، باشترە بێ تەوقەكردن و بە دووە پەرێزیەوە لەگەڵ یەكتر دانیشن، وە بە زیادەوە خۆت لە ئەندامە پیر و نەخۆشەكانی خێزانەكە بپارێزی بۆ ئەوەی بیانپارێزی. هاوكات، پێویستە كەمترین كات لەو ماڵە بمێنیەوە و بە پێی توانا لە هەوای كراوە دانیشن یان لەكاتی دانیشتن لەناو ماڵدا دەرگە و پەنجەرەكان بۆ هەواگۆڕكێ بكەنەوە.
– كە میوان رۆیشت، باشترە هەر كەلوپەلێكی دەستی پێكەوەتووە وەیان بەكاری هێناوە (كورسی و مێز و دەسكی دەرگا و قاپ و كەوچك هتد)، بسڕدرێتەوە یان بشۆردرێت. دوای ئەوە، بابەتەكە لەبیر بكرێت.
– شوشتنی جلوبەرگ (بە جلشۆر- غەسالە) و قاپ و قاچاخ (بە شلە و سابوونی ئاسایی) بەسن بۆ ئەوەی لە ڤایرۆس پاك ببنەوە، بۆیە پێویست بە بەكارهێنانی هیچ ماددەیەكی دیكە ناكات. هاوكات دەستشوشتن بە سابوون بەسە بۆ ئەوەی ڤایرۆسی سەر دەست بكوژێ وەیان هەڵیخلیسكێنێ.
– مەرج نییە خەڵك هەموو كاتەكەی لە دیوی ژوورەوەی ماڵ بەسەر ببات، بەڵكو دەكرێ پیاسە و وەرزش بەدەوروبەر و باخچە گشتییەكان و دەشت و دەر بكات، بەڵام بەبێ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ خەڵكی دیكە تێكەڵاو ببێ. هەڵبەتە مانەوەی ئەندامانی خێزان لەناو ماڵدا بۆ ماوەی درێژ و نادیار كارێكی ئاسان نییە، بەڵام باجێكی بچووكە لەچاو ئەو باجە مەزنەی كە لە دەرەنجامی بێباكی لەو پەتایە دەدرێ، كە لەوانەیە بە درێژایی تەمەن لەبیر نەكرێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand