بەهۆی بەرگریكردن لە ماف و موچەی پێشمەرگە لەسەركارلابران

Draw Media

2020-03-17 18:25:41



درەو:
لەبەرامبەر ئەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك رەخنەیان گرتووە لە دواكەوتنی موچەی پێشمەرگە، لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە كە لەسەر پشكی یەكێتیە، لە پۆستەكانیان لابراون، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دوو پێشێلكاری بەرامبەر بە پێشمەرگە كردووە، لەكاتی خۆیدا موچەی پێنەداون و لە ریزبەندی یەكەمی وەزارەتەكان دەریكردوون. 
لە چەند رۆژی رابردوودا هەریەك لە عەمید ڕوكن (ڕێبوار عەلی) فەرماندەی لیوای 1ی پیادەی كەركوك لەیەكەی‌ 70ی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگەی‌ سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان و  لیوا (سەربەست زێباریی) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رشتەكان لەوەزارەتی پێشمەرگە  لە پەیجی تایبەتی خۆیان رەخنەیان لە دواكەوتنی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە گرتبوو. بەپێی زانیاری و بەدواداچونەكانی (درەو) لیوا سەربەست زێباری پورزای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە واتا (دایكیان خوشكە) هاوكات خوشكەزای هوشیار زێباریە. 
عەمید روكن رێبوار عەلی نوسیبوی: "وەزارەتی پیشمەرگە و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەریم باش بزانن جام كە پربوو لێی ئەڕژیت ، بەسە هەتا كەی حیساب بۆ هیزی پیشمەرگە ناكەن لە پیداویستی و خۆراكی رۆژانەیان و سوتەمەنی پیویست و پلە بەرزگردنەوە و كەمی موچە ، لەسەروی ئەمانەشەوە بە فەرمان دەوامی پشیمەرگە زیاد دەكەن بەبیانوی مەترسی داعش و لەهەمان كاتدا موچە دابەش ناكریت. ئەگەر پیشمەرگە نەبیت نەوەزیری پیشمەرگە نە هینی دارایی و نەسەرۆكی حكومەتەكەیش یەك سەعات خۆتان راگیر ناكەن لەو پایانە ، تێرمان خوارد لە درۆ نە كەستان پیشمەرگەن و نە كەستان هاوخەمی ئیمەن . بەسە هەتا جامەكە زیاتر پر نەبووە ئاوریك لەحالی هیزی پیشمەرگە بدەنەوە"
لیوا سەربەست زێبارییش نوسیبووی:" شەرمە بو وەزیری مالیە كو اڤرۆ موچیت وزارتا پیشمرگا راوستینیت بلا حكومتا هەریما كوردستانی و وزیر مالیە بیراخوە لە برگریا پیشمرگا بكەت كو اوان چەند شهید برینداریت دای و خوینا خوە كرە قوربانی بوبەرگری كرن لاخا كوردستانی و هەریما كوردستانی، وەزیری مالی بلا باش بزانیت اگەر اڤ پیشمەرگە نەبان امرو او لڤینە خوشیە و ارمی دا نەتبون اوجا لسرڤان همو زحمەت و نە خوشیادا لهمو تناگڤیا وروژیت سەخت و دژواردا موچی ڤان قهرمانا تاخیر دكەن"
ئەمڕۆ بەفەرمانی شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ( لە پشكی یەكێتی) ئەو دوو ئەفسەرە لە پۆستەكانیان دورخرانەوە، لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی ھێزەكانی پێشمەرگە هەواڵەكەی پشتڕاستكردۆتەوەو رایگەیاندووە" دورخستنەوەی هەردو فەرماندەكە بەهۆی لادانیان لەپرەنسیپی سەربازی‌و بڵاوكردنەوەی بابەت لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دورخراونەتەوە" 
لەلایەن خۆشیەوە لیوا (ئەیوب یوسف سەعید)، فەرماندەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای3و7ی هێزەكانی پێشمەرگە كە بە لیواكانی كۆسرەت رەسوڵ ناسراوە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك رەخنەی توندی لە دواكەوتنی موچەی پێشمەرگە گرتوو رایگەیاند: 
🔹ئاگادارتان دەكەینەوە كە باردودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە ناسەقامگیرە و بە دۆخێكی خراپ و نالەباردا گوزەر دەكەن و گەیشتۆتە راددەیەك كە جێگای قبوڵكردن نەبێ
🔹پێشمەرگە نابێ و ناكرێ باجی هەڵە و سیاسەتی چەوت بدات، چونكە لە هەمو دۆخێكدا وەك هێزی پارێزەرو داكۆكیكار لە مەیداندابوین و بێ وچان خزمەتمان كردوە.
🔹ئەو لایەنانەی لەم دۆخە بەرپرسیارن بە فەرمی نەیەنە سەر خەت و موچەی پێشمەرگە لە نزیكترین كاتدا دابین نەكەن ئەوا ئێمە هەلوێستی جدییمان دەبێت، دڵنیاشتان دەكەینەوە كە لە تواناماندا هەیە ئەنجامی بدەین
🔹بڕینی موچە و قوتی هێزەكانی پێشمەرگە كە مافی رەوای خۆیانە و ئەبوایە جیاواز لە هەمو چینەكانی تری كۆمەڵگا خزمەت بە پێشمەرگە بكرایە و ژیانیان بۆ دابینبكرایە نەك مافەكانی خۆشیان لێ زەوتبكرێت.
🔹داوا لە هەمو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین بێ جیاوازی هەڵوێست وەرگرن و پشتیوانمان بن و بێنە سەر خەت لەسەر ئەم باسە رەوایە.
 

 

حكومەتدوو پێشێلكاری بەرامبەر بە پێشمەرگە كردووە

سەرەرای دواكەوتنی موچەی پێشمەرگە كە دەبوو مانگانە لە 5ی مانگەوە موچەیان وەربگرتایە، لە هەمانكاتدا حكومەت پێشێلی بڕریارێكی پەرلەمانی كوردستانی كردووە تایبەت بە دواخستنی موچەكەیان كە دەبوو یەكەم وەزارەت بوونایەوە لە ریزبەندی وەزارەتەكاندا بۆ وەرگرتنی موچە، بەڵام هەریەك لە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ موچەیان وەرگرتووە، هێشتا وەزارەتی پێشمەرگە موچەی وەرنەگرتووە.
بەپێی بڕیاری ژمارە(19) كە لە رۆژی 23/7/2014 دەرچووە لە بڕ"ەی یەكەمدا هاتووە: وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی موچەی مانگانە یەكەم وەزارەت دەبێت.
بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو پێشێلكاری بەرامبەر بە پێشمەرگە كردووە:
یەكەم: لەكاتی خۆیدا بەبێ هیچ بیانویەك موچەی پێشمەرگەی دواخستووە.
دووەم: پێدانی موچەی پێشمەرگەی لەپلەی یەكەم دەرهێناوە كە بڕیاری پەرلەمانی كوردستانە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand