تائێستا كەیسەكە یەكلانەبووەتەوە

Draw Media

2020-02-24 11:32:23



(درەو):
گومانی حاڵەتى نەخۆشێك لە نەخۆشخانەی (شار) لە شاری سلێمانی، بەرپرسانی تەندروستی سەرقاڵكردووە‌و تائێستا یەكلانەبووەتەوە دوچاری كۆرۆنا بووە یاخود نا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە پێشنیوەڕی ئەمڕۆوە لە نەخۆشخانەی شار بەرپرسانی تەندروستی سەرقاڵبوون بە حاڵەتی كەسێكی نەخۆشێكەوە كە گومان دەكرێت دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوبێت.
(درەو) زانیویەتی، نەخۆشەكە كچێكی 22 ساڵە‌و لە ئێران گەڕاوەتەوە‌و لە نەخۆشخانەی شارەوە رەوانەی نەخۆشخانەی (سەرچنار) كراوە كە ئەو نەخۆشخانەیە وەكو ئامادەكارییەك بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادەكراوە.
تائێستا بۆ بەرپرسانی تەندروستی یەكلانەبووەتەوە حاڵەتەكە كۆرۆنایە یاخود نا، (درەو) پەیوەندی بە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستییەوە كرد، بەڵام پشتڕاستی نەكردەوە‌و رایگەیاند، بەدواداچوون دەكات، هەرووەها پەیوەندی بە سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانییەوە كرد، وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نەدایەوە.
چەند سەرچاوەیەكی تەندروستی ئاگادار لە سلێمانی بە (درەو)یان راگەیاند، ئەو پشكنینانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەن تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنیا رێژەی 30%ی ئەگەری توشبونی كەسێك بە ڤایرۆسەكە یاخود توشنەبوونی دەستنیشان دەكەن، بۆیە ناتوانرێت بە خێرایی بڕیار لەسەر حاڵەتەكە بدرێت.
هاوكات لەگەڵ سەرقاڵبوونی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی بەو حاڵەتەوە، بەرپرسانی تەندروستی عێراق تۆماركردنی حاڵەتێكی كۆرۆنایان لە شاری نەجەف رایگەیاند.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand