Draw Media

ڕکاربەری لایەنەکان بۆ کورسییەکانی سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

ڕکاربەری لایەنەکان بۆ کورسییەکانی سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

2025-05-12 07:49:27


 

شیكاری: درەو
🔻 لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)؛
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان) بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی کوردستان، بە شێوەی فرە لیستی، (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (20) کورسی.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (11) کوردسی.
3.    نەوەی نوێ (8) کورسی.
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (3) کورسی.
5.    کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی.
6.    ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی، دەبەنەوە.

سەرەتا یەکی پێویست
بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018.
لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛  دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت .
شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج ‌و سویددا بەكارهاتوە‌ بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە بەهۆیەوە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی قەوارە سیاسییە بچوكەكان شكایەوە. ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات.
بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) ‌و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو ‌و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام  بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراوەتەوە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین.
لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران پارێزگاکانی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.
لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) شیکار دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی؛
1.    پاڵپشت بە دەنگی هەر پارتێکی سیاسی، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.  
2.    هیچ دۆخێکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە بەرچاو نەگیراوە، چونکە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەو پارێزگایانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بۆ دەکرێت هەر هاوپەیمانێتییەک گۆڕانکاری ڕێژەیی لەسەر دەرەنجامەکان دروست بکات.

یەکەم: دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر
پاڵپشت بەپیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای هەولێر بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (15) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت.
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) بەڕێوەچوو لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، (669 هەزار و 273) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لە ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (347 هەزار و 786) دەنگی بە ڕێژەی (52%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو، بە دوای ئەویشدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (111 هەزار و 102) دەنگ بە ڕێژەی (17%)، نەوەی نوێ (104 هەزار و 222) دەنگ بە ڕێژەی (16%)، یەکگرتووی ئیسلامی (24 هەزار و 178) دەنگ بە ڕێژەی (4%)، کۆمەڵی دادگەری (20 هەزار و 265) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، ڕەوتی هەڵوێست (16 هەزار و 871) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، بەرەی گەل (9 هەزار و 776) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (3 هەزار و 458) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، بزوتنەوەی گۆڕان (هەزار و 455) دەنگ بە ڕێژەی کەمتر لە (1%) و سەرجەم دەنگی پێکهاتەو سەربەخۆکان و لیست قەوارەکانی دیکە (30 هەزار و 160) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%).
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن کە لە دوا هەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، بەشێوەی فرە لیستی، تەنها (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەکەی یەکەمی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی.
3.    نەوەی نوێ (3) کورسی.
خشتە (هەولێر)


دووەم: دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی
پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای سلێمانی بە سنورە ئیدارییەکەیەوە (بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە) بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (18) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت.
بەم پێیە لەسەر ئاستی سنوری ئیداری پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنن، لە دواین هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024؛ (665 هەزار و 160) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (269 هەزار و 889) دەنگی بە ڕێژەی (41%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو.
-    نەوەی نوێ (141 هەزار و 179) دەنگی بە ڕێژەی (21%) هێنابوو.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (62 هەزار و 856) دەنگی بە ڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو.
-     یەکگرتووی ئیسلامی (50 هەزار و 534) دەنگی بە ڕێژەی (8%).
-    کۆمەڵی دادگەری (40 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (6%).
-    ڕەوتی هەڵوێست (30 هەزار و 699) دەنگی بە ڕێژەی (5%)،
-    بەرەی گەل (21 هەزار و 80) دەنگی بە ڕێژەی (3%).
-    بزوتنەوەی گۆڕان (9 هەزار و 933) دەنگ بە ڕێژەی (1%).
-    هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (8 هەزار و 917) دەنگ بە ڕێژەی (1%).
-    دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (29 هەزار و 151) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4%).
ئەگەر هێزە سیاسییەکان تاڕادەیەک بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛
1.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (8) کوردسی.
2.    نەوەی نوێ (4) کورسی.
3.    پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی.
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (2) کورسی.
5.    کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی.
6.    ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی
خشتە (سلێمانی)


سێیەم: دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک
پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای دهۆک بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (11) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت.
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، لە سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک (548 هەزار و 15) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (402 هەزار و 157) دەنگی بە ڕێژەی (73%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو.
-    نەوەی نوێ (46 هەزار و 631) دەنگی بە ڕێژەی (9%) هێنابوو.
-    یەکگرتووی ئیسلامی (42 هەزار و 732) دەنگی بە ڕێژەی (8%).
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (28 هەزار و 577) دەنگی بە ڕێژەی (5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو.
-    ڕەوتی هەڵوێست (8 هەزار و 438) دەنگی بە ڕێژەی (2%).
-    کۆمەڵی دادگەری (3 هەزار و 677) دەنگی بە ڕێژەی (1%).
-    بەرەی گەل (2 هەزار و 605) دەنگی بە ڕێژەی کەمتر لە (1%).
-    هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان تەنها (851) دەنگی بە ڕێژەی نزیک (2%).
-    بزوتنەوەی گۆڕان تەنها (248) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (0%).
-    سەرجەم پێکهاتەکان و سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (12 هەزار و 99) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (2%).
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی.
2.    نەوەی نوێ (1) کورسی.
3.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (1) کورسی.
خشتە (دهۆک)

چوارەم: دابەشبوونی کورسییەکانی سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
لەسەر بنەمای لێکدانەوەی هەرسێ بازنەکەی سنوری ئیداری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەی فەرە لیستی، (6)هێزی سیاسی هەرێمی کوردستان دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا هاتووە.
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (20) کورسی.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (11) کوردسی.
3.    نەوەی نوێ (8) کورسی.
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (3) کورسی.
5.    کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی.
6.    ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی، دەبەنەوە.

خشتە
دابەشبوونی کورسییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand