Draw Media

زۆرترین پارەو داهاتی هەرێم لە 2024 دا

زۆرترین پارەو داهاتی هەرێم لە 2024 دا

2025-01-25 15:01:07


لە 11 ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 پارە لە بەغدادەوە نەهاتووە
لە 11 ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 پارە لەبەردەست حكومەتدا نەبووە
درەو:
لە (11) ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 پارە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە كە (10 ترلیۆن و 26 ملیار) دینار بووە، لە (11) ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 داهات و پارە لە بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەبووە كە (16 ترلیۆن و 966 ملیار) دینار بووە بە پارەی بەغداد و داهاتی نەوت و ناوخۆ، بەبێ داهاتی نەوتیش (14 ترلیۆن و613 ملیار) دینار داهاتی ساڵی 2024ی عێراق بووە، 

داهاتی هەرێمی كوردستان

بە درێژایی (11) ساڵی رابردوو (2014 – 2024) هیچ ساڵێك هێندەی ساڵی 2024 پارە لەبەغدادەوە نەهاتووە، هیچ ساڵێكیش وەك ساڵی 2024 داهات و پارە لەبەردەستی حكومەتی هەرێم نەبووە، (بۆ هەمو ژمارەو داتاكانی ناو ئەم راپۆرتە پشت بە سەرچاوەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم بەشتراوە):
یەكەم/ پارەی هاتوو لە بەغدادەوە
بەپێی راەیەندراوی رەسمی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024دا بڕی (10 ترلیۆن و 753 ملیار و 879 ملیۆن) دینار بۆ موچەی موچەخۆران نێدراوە بەڵام (726 ملیارو 995 ملیۆن) دیناری خانەنشینی و باجی موچەی لێبڕدراوە كە دەكاتە (10 ترلیۆن و 26 ملیارو 883 ملیۆن ) دینار بە سافی لە بەغدادەوە گەیشتووەتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە بۆ موچە تەرخانكراوە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا لە (2014 – 2024) هێندەی ساڵی 2024 پارە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە:
ساڵی 2014: 2 ترلیۆن و 280 ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە
ساڵی 2015: 2 ترلیۆن و 476 ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە
ساڵی 2016: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە
ساڵی 2017: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە
ساڵی 2018: 3 ترلیۆن و 175  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە
ساڵی 2019: 5 ترلیۆن و 439  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە
ساڵی 2020: 1 ترلیۆن و 359  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە
ساڵی 2021: 1 ترلیۆن و 200  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە
ساڵی 2022: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە
ساڵی 2023: 4 ترلیۆن و 298  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە
ساڵی 2024: 10 ترلیۆن و 26  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

واتا بە كۆی ئەو (11) ساڵە لە (2014 – 2023) بڕی ( 29 ترلیۆن و 53 ملیار) دینار لە بەغدادەوە هاتووە لەو بڕە ( 10 ترلیۆن و 26 ملیار) دیناری تەنیا لە 2024 دا بۆ هەرێم هاتووە
-     لە 2014 – 2023  بڕی (19 ترلیۆن و 27 ملیار) دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە،
-    تەنیا لە 2024 دا بڕی (10 ترلیۆن و 26 ملیار دینار ) بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە


دووەم:  داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 دا
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024دا بە چوار رێگە داهاتی هاتووەتە بەردەست، (بۆ ژمارەكان پشت بە ئامارە رەسمییەكان بەستراوە) حكومەتی هەرێم بە چەندین رێگای جیاواز داهاتی كۆكردووەتەوەو هاتووەتە بەردەستی:
یەكەم: پارەی بەغداد
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم كۆی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە گەیشتووەتە هەرێم بۆ موچە: (10 ترلیۆن و 26 ملیار ) دینار بووە.
بەڵام بەپێی راپۆرتی بڵاوكراوەی وەزارەتی دارایی عێراق (10 ترلیۆن و 901 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە.

دووەم: داهاتی ناوخۆ
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم كۆی داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 2024 دا بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 347 ملیار) دینار بە (كاش و چەك و مقاسە)ەوە واتا مانگانە (362 ملیار) دینار بەڵام لەو ژمارەیە (652) ملیار دیناری چەك و مەقاسە بووە
سێیەم: پارەی هاوکاری هاوپەیمانان
مانگانە هاوپەیمانان بڕی (20 ملیار) دینار دەدەنە هەرێمی كوردستان پێشتر دەدرایە موچەی لیوا هاوبەشەكان ئێستا وەك مینحە پێیان دەدرێت، كۆی ئەو پارەیەی هاوپەیمانان خەرجیان كردووە (240 ملیار) دینارە.

چوارەم: داهاتی نەوت
لە 25ی ئازاری 2023ەوە نەوتی هەرێمێكی كوردستان بە بۆری راگیراوە، لە ئێستادا كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم نەوت بەرهەمدەهێنن و دەیفرۆشن بە پاڵاوگەكان و بەشێكیشی بۆ دەرەوە، بەپێی چاوپێكەوتنەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ رۆژنامەنووسان وتی (بەرمیلێک نەوت بە تێكڕا بە (31.3) دۆلار دەفرۆشرێت (55%)ی داهاتەكەی بۆ حكومەتەو (45%)ی داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە) لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكان خەرجی گواستنەوە نادەن راستەوخۆ دەیفرۆشن.
ئێستا رۆژانە بە تێكڕا لەسەرجەم كێڵگەكانەوە (310 – 320 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، بە پێی لێكدانەوەكانی (درەو) لە ساڵی 2024دا بڕی (111 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەرمیلی بە (31.3) دۆلار، كۆی داهاتەكەی دەكاتە (3 ملیارو 493 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار (ئەگەر 1 دۆلار بەرامبەر هەزار و 320 دینار بێت)، لەو پارەیە (55%)ی بۆ حكومەت بووە (ملیارێك و 921 ملیۆن) دۆلار واتا (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار، رێژەی (45%)ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان بووە بە بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 74 ملیار) دینار.

كۆی داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2024)دا
-    پارەی بەغداد: 10 ترلیۆن و 26 ملیار دینار
-    داهاتی ناوخۆ: 4 ترلیۆن و 347 ملیار دینار
-    پارەی هاوپەیمانان: 240 ملیار دینار
-    داهاتی نەوت بۆ حكومەت: 2 ترلیۆن و 353 ملیار دینار
كۆی گشتی داهاتی هەرێم لە 2024 دا دەکاتە  16 ترلیۆن و 966 ملیار دینار
خۆ ئەگەر بەتەواوی داهاتی نەوتیشی لێدەربكرێت واتا بەبێ داهاتی نەوت كۆی داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (14 ترلیۆن و 613 ملیار) دینار
كۆی ئەو پارەیەی بۆ موچەی (11) مانگ لە 2024دا خەرجكراوە دەكاتە: (10 ترلیۆن و 26 ملیار) پارەی بەغداد لەگەڵ (960) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ كە دەكاتە (10 ترلیۆن و 986 ملیار) دینار، لەكاتێكدا كۆی داهاتەكانی هاتووەتە بەردەستی حكومەتی هەرێم ( 16 ترلیۆن و 966 ملیار) دینار بووە.
واتا 16،966،000،000،000 – 10،986،000،000،000 = 5 ترلیۆن و 980 ملیار دینار  زیاتر لە پارەی خەرجكراوی موچە بووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی (11) مانگی دابەشكردووە.  

خەرجی موچە چەند زیادیكردووە:
-    ساڵی 2014 :بڕی (850) ملیار دینار
-    ساڵی 2019 : بڕی (892) ملیار دینار
-    ساڵی 2020 : بڕی (895) ملیار دینار
-    ساڵی 2022: بڕی (913 )ملیار دینار
-    ساڵی 2023: بڕی (930) ملیار دینار
-    ساڵی 2024: بڕی (1 ترلیۆن) دینار
 
واتا لە ساڵی 2014 تا 2024 خەرجی موچە لە (850) ملیار دینارەوە بۆ (1 ترلیۆن) دینار زیادی كردووە بڕی زیادكردنەكە (150) ملیار دینارە واتا بەرێژەی (15%) خەرجی موچە زیادی كردووە، سەرەڕای جێبەجێكردنی یاسای چاكسای و ساڵانەش (5 -6) هەزار كەس خانەنشین دەبن.

 

راپۆرتی پەیوەندیدار:

پارە كەمە یان خراپ ئیدارە دەدرێت؟

دۆخی دارایی هەرێم لە سەردەمی "هەناردەکردنی نەوت"دا

ژمارەی موچەخۆران و خەرجی موچە لە 2023

ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە

رونكردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر موچەی هەرێم

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand