Draw Media

ئەبو محەمەد جۆلانی كێیە؟

ئەبو محەمەد جۆلانی كێیە؟

2024-12-06 09:56:18


(درەو):
ئەو پیاوەی كە ئێستا رێبەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی چەكدار دەكات و هەر رۆژەی شارێكی نوێ لەدەستی سوپا بەشار ئەسەد وەردەگرێتەوە، پێشتر ئەندامی رێكخراوی قاعیدە بووە لە عێراق و ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانی ئەمریكییەكاندا بووە، لە 2013وە ئەمریكا ئاگاداری ئەوە بوون ئەركی خستنی رژێمی ئەسەدو چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامی لە سوریا بەم پیاوە سپێردراوە، ئەبو محەمەد جۆلانی كێیە؟ 
ئەوکاتەی سەرکردەی لقی رێكخراوی قاعیدەی توندڕەو بوو لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی سوریادا، کەسایەتییە نهێنییەکەی (ئەبو محمد جۆلانی) ناسرا نەبوو، هەر ئاواش بە شاراوەیی  مایەوە، تەنانەت لەو ئەوكاتانەشدا کە گروپەکەی بوو بە بەهێزترین هێز لە شەڕی دژ بە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا. 
ئەمڕۆ ئەو بووەتە دیارترین سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە سوریا، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2016وە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە پچڕاندو وردە وردە كەوتە بەر رۆشنایی و؛ ناو و ئاڕاستەی گروپەکەی گۆڕی و بوو بە فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە باکوری رۆژئاوای سوریا.
ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە دەركەوت کە (دەستەی تەحریر شام) بە سەرۆکایەتیی جۆلانی، هەفتەی رابردوو کۆنترۆڵی شاری حەلەبی کردو؛ جولانی زیاتر لە جارێک دەرکەوت کە پەیامی دڵنیاكەرەوە بۆ کەمینەکانی سوریا نارد، کە لە مێژە ترسیان لە گروپە توندڕەوەکان هەیە، دەستەی تەحریر شام پێشتر بە (جەبهەی نوسرە) ناسرابوو کاتێک لقێکی رێکخراوی توندڕەوی قاعیدە بوو لە سوریا.
کاتێک چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا چوونە ناو شاری حەلەب کە گەورەترین شاری سوریا بوو بەر لە جەنگ، جۆلانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەرکەوت كە لەرێگەی تەلەفۆنەوە فەرمانی دەردەکردو رێنماییەکانی پاراستنی خەڵک و ڕێگریکردنی لە چوونە ناو ماڵەکانیان بەبیر هێزەكەی دەهێنایەوە. 
لە ڤیدیۆیەكی تردا كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو تۆماركراوە، جۆلانی دەردەكەوێت كاتێك سەردانی قەڵای حەلەب دەکات و چەكدارێك یاوەری دەکات کە ئاڵای شۆڕشی سوریای هەڵگرتووە، ئاڵایەك پێشتر بەرەی نوسرە رەتیدەكردەوەو وەكو سیمبولێكی "ئیلحاد" ناوی دەهێنا، بەڵام جۆلانی ئیتر بەم دواییە ئەو ئاڵایەشی وەک ئاماژەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆنی فراوانتری سوریا قبوڵ كردووە.
لەسەرەتای هێرشی ئەمدواییەوە، ئەبو محەمەد جۆلانی ئیتر بەناوی راستەقینەی خۆیەوە بەیاننامەكان دەردەكات كە ناوی (ئەحمەد شەرع)ە. 
جۆشوا لاندیس پسپۆڕ لە كاروباری سوریاو سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆكلاهۆما دەڵێ:" جۆلانی زۆر لە ئەسەد زیرەكترە. ئامرازو سیمای گشتیی خۆی گۆڕیوەو هاوپەیمانێتیی نوێی گرێداوەو پەیامی دۆستانەی بۆ كەمینەكان نارد". 
ئارۆن لۆند توێژەر لە سەنتەری سینشوری ئینتەرناشوناڵ بۆ توێژینەوە باسلەوە دەكات، جۆلانی و دەستەی تەحریر شام بەشێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا ئەو لەگەڵ گروپەكەیدا تاڕادەیەك رادیكاڵ ماونەتەوە. 
"ئەمە كەمپەینێكی پەیوەندییە گشتییەكانە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان ئەم هەوڵە بە خەرج دەدەن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن كە ئیتر بەوشێوەیە توند نەماون كە پێشتر وابوون. كاستە كۆنەكەی قاعیدە یان رێكخراوی دەوڵەتیی ئیسلامی هەرگیز كارێكی لەمشێوەیان نەدەكرد". 
لەناو ئەو گروپانەدا كە زۆربەیان لە رۆژانی یەكەمی راپەڕین دژی ئەسەد بەر لە زیاتر لە دوو دەیە دەركەوتن، جۆلانی و بەرەی نوسرە وەكو بەهێزترین گروپی ئۆپۆزسیۆن خۆیان نیشاندا. 
بەر لە دامەزراندنی بەرەی نوسرە، جۆلانی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەدا لە عێراق كاریدەكرد، ماوەی پێنج ساڵی لە زیندانی ئەمریكییەكاندا بەسەربرد، ئەبو عومەر بەغدادی رێبەری ئەو سەردەمەی رێكخراوی قاعیدە لە عێراق، لەگەڵ دەستپێكی راپەڕینی سوریادا، جۆلانی رەوانەی ئەوێ كرد بۆ ئەوەی جێ پێی قاعیدە لە سوریا خۆش بكات. 
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ساڵی 2013دا ئەبو محەمەد جۆلانی خستە لیستی تیرۆرەوەو رایگەیاند، رێكخراوی قاعیدە لە عێراق كۆتایهێنان بە رژێمی ئەسەدو چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامی لە سوریا لە جۆلانی سپاردووە. بەرەی نوسرەش هێرشی خۆكوژی ئەنجامداوە كە بووەتە هۆی كوژرانی خەڵكی مەدەنی و هەڵگری روانگەیەكی تائیفی توندوتیژە.
توركیا كە پاڵپشتیكاری سەرەكی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە لەسەر ئاستی دەرەوە، سەرباری ئەوەی كە پشتیوانی لە ژمارەیەك گروپی تری ئۆپۆزسیۆن دەكات لە باكوری خۆرئاوای سوریا، بەڵام دەستەی تەحریر شامی وەكو گروپێكی تیرۆرستی ناساندووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand