هەناردە لە ئەیلولدا 114 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە
2024-10-24 13:41:51
(درەو):
مانگی ئەیلولی رابردوو هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە بڕی (114 هەزار) بەرمیل دابەزیوە، لە ئازاری رابردووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكراكردنی داهاتەكانی داهاتی نەوتی راگرتووەو تەنیا بڕی هەناردەی نەوت بڵاودەكاتەوە.
هەناردەی نەوتی عێراق مانگی رابردوو بریتی بووە لە نزیكەی (3.310) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەمە لەكاتێكدایە مانگی پێشتر (واتا مانگی ئاب) ئاستی هەناردە گەیشتوەتە (3.414) بەرمیلی رۆژانەو بەبەراورد بە ئاستی هەناردە لە مانگی تەموزدا، نزیكەی 71 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.
هەناردەی نەوتی عێراق لە تەموزی ئەمساڵدا گەیشتە (3.485) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، بەوهۆیەوە ئاستی هەناردە لەم مانگەدا بە بڕی نزیكەی 75 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، ئەمە بەراورد بە ئاستی هەناردە لە مانگی حوزەیراندا كە نزیكەی (3.410 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانەی تۆماركردبوو.
پێشتر سایتی (عێراق ئۆیل ریپۆرت) رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا بە بڕی (100 هەزار) بەرمیلی رۆژانە كەمیكردووە، ئەمە بەهۆی فشارەكانی هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لەسەر بەغداد بەمەبەستی پابەندكردنی بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
بەگوێرەی داتای كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، ئاستی هەناردەی نەوت لە مانگی ئەیلولی 2024دا گەیشتوەتە نزیكەی (99 ملیۆن و 311 هەزارو 107) بەرمیل، ئەمە لەكاتێكدایە ئاستی هەناردە لە مانگی ئابی 2024دا بریتی بووە لە (105 ملیۆن و 845 هەزارو 599) بەرمیل.
لە مانگی ئەیلولی رابردوودا هەناردەی نەوت لە كێڵگەكانی ناوەڕاستی عێراقەوە نزیكەی 99 ملیۆن و 4 هەزارو 320 بەرمیل بووە، ئەمە لەكاتێكدا كە هەناردەی نەوت بۆ ئوردن بریتی بووە لە نزیكەی (306 هەزارو 787) بەرمیل.
ئەم داتایە بۆ مانگی ئاب بەجۆرێكی ترە، هەناردەی نەوت لە كێڵگەكانی ناوەڕاستەوە بریتی بووە لە نزیكەی (105 ملیۆن و 559 هەزارو 525) بەرمیل، هەناردەی نەوت بۆ ئوردن نزیكەی (286 هەزارو 74) بەرمیل.
هەناردەو داهاتی نەوت لە 2024دا
قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا نزیكەی (102 ملیۆن و 314 هەزارو 548) بەرمیلی تۆماركردووە، لەكاتێكدا لە مانگی ئایاردا نزیكەی (104 ملیۆن و 130 هەزارو 292) بەرمیلی تۆماركردووە، ئەمە لەبەرامبەر هەناردەی مانگی نیساندا كە گەیشتووەتە نزیكەی (102 ملیۆن و 386 هەزارو 818) بەرمیل.
هەناردەی نەوت لە مانگی ئازاری 2024دا لەنزیكەی (106 ملیۆن و 112 هەزارو 38) بەرمیلدا راوەستاوە، ئەمەش ئەو مانگەیە كە تێیدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئیتر بڕیاریدا پرۆسەی راگەیاندنی قەبارەی داهاتەكانی نەوت رابگرێت و ئیتر تەنیا بڕی هەناردەی رۆژانەو مانگانەی نەوت رابگەیەنێت.
لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، تێكڕای هەناردەی نەوتی عێراق لەسەر ئاستی ساڵانە بە بڕی نزیكەی 430 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادی كردووە، ئەم زیادكردنە لەكاتێكدا بوو كە حكومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی (223 هەزار) بەرمیل لە نیوەی یەكەمی 2024دا راگەیاندبوو.
تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان نزیكەی (3.92 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانەی تۆماركرد، ئەمە لەبەرامبەر (3.49) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە هەمان ماوەدا (چارەكی یەكەم) لە ساڵی 2023.
بە كۆتایهاتنی چارەكی یەكەم، ئیتر قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق لە چارەكی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی بە پاشەكشێ كردووە، بەدیاریكراویش لە مانگی نیسانەوە كە ئاستی ئەم پاشەكشێیە گەیشتوەتە (11 هەزار) بەرمیلی رۆژانەو بەگشتی ئاستی هەناردەی (3.412) ملیۆن بەرمیلی تۆماركردووە، بەراورد بە (3.423) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە مانگی ئازاری 2024دا، تا دەگات بە ئاستی ئەو پاشەكشێیەی كە مانگی ئابدا روویداوە كە بڕەكەی (71 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بووە.