Draw Media

كڕیارێكی تری نەوتی روسیا روو لە عێراق دەكات

كڕیارێكی تری نەوتی روسیا روو لە عێراق دەكات

2024-10-23 12:39:16


(درەو): 
نەوتی عێراق نزیكبووەتەوە لەوەی بگاتە یەكێك لە وڵاتانی تری یەكێتی ئەوروپا، وڵاتێك كە دەیەوێت پەیوەندی بە ریزی ئەو وڵاتانەی ترەوە بكات كە وەكو سزایەك بۆ هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا، هاوردەی نەوتی خاوی مۆسكۆ قەدەغە بكات. 
رۆژی 18ی ئەم مانگە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ (یان لیباڤسكی) وەزیری دەرەوەی چیك وتی: لە ساڵی داهاتووەوە، لە چیك نەوتی عێراق شوێنی نەوتی روسیا دەگرێتەوە .
نەوتی عێراق لەرێگەی كەشتییەكانەوە دەگاتە وڵاتانی ئەوروپا، دواتر لەرێگەی هێڵی بۆری "تال" كە لە ئیتالیاوە درێژدەبێتەوە بۆ ئەڵمانیاو تێكەڵ دەبێت لەگەڵ هێڵی (IKL) كە نەوت بە چیك دەدات. 
هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ چیك لە ساڵی ئایندەوە لەكاتێكدایە تائێستا چیك پشت بە هاوردەی نەوتی روسی دەبەستێت و، ئەم نەوتە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا رێژەی 49%ی تێكڕای هاوردەی چیكی پێكهێناوە، لە ساڵی 2023دا رێژەی 60%و لە ساڵی 2022دا رێژەی 56%ی هاوردەی چیكی پێكهێناوە. 
بۆ كۆتایهێنان بە هاوردەی نەوت لە روسیاوە، چیك گرەو لەسەر هێڵی بۆری "تال" دەكات. ساڵی رابردوو پراگ زیاتر لە 4.3 ملیۆن تەن (واتا 30.5 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە روسیاوە هاوردە كردووە لەگەڵ (14.3 ملیۆن بەرمیل) لە ئازەربایجان و (3.9 ملیۆن بەرمیل) نەوت لە كازاخستانەوە. (1 تەن نەوت = 7.1 بەرمیل)
چیك و هەنگاریاو سلۆڤاكیا پێویستیان بەكاتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بچنە ریزی ئەو وڵاتانەی تری یەكێتیی ئەوروپا كە لەدوای جەنگی ئۆكرایناوە هاوردەی نەوتی روسیایان قەدەغەكردووە.
بەر لە كۆتایی 2023، نیكۆلای تۆكاریڤ سەرۆكی كۆمپانیای ((Transneft)ی روسی رایگەیاند، چیك و سلۆڤاكیا داوایان لە یەكێتی ئەوروپا كردووە رێگە بدات بەردەوام بن لە هاوردەكردنی نەوتی روسیا، چونكە ئەوان دوو وڵاتی ئابلۆقەدراون و دەرفەتی تریان نییە بۆ هاوردەكردنی نەوت لە سەرچاوەی ترەوە. 
چیك لەرێگەی هێڵی بۆری دروژبا (Druzhba)وە نەوتی روسیا هاوردە دەكات، ئەم هێڵە بواردنی بۆ كراوە لەو سزایانەی كە وڵاتانی خۆرئاوا بەسەر روسیایاندا سەپاندووە، ئەم هێڵە یەكێكە لە گەورەترین تۆڕەكانی بۆری نەوت لەسەر ئاستی جیهان؛ نەوتی خاو لە نزیكەی 4 هەزار كیلۆمەتری خۆرهەڵاتی روسیاوە بە دیاریكراوە لە شاری (ئەلمێتیڤسک)ەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئۆكرایناو بیلاروسیاو پۆڵەنداو هەنگاریاو سلۆڤاكیاو چیك و ئەڵمانیا. ئۆكراینا بڕیاریداوە لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە، لەناو خاكەی خۆیدا، هەناردەی نەوتی خاوی روسیا بەم بۆرییەدا رابگرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand