كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.. داكەوتەو لێكەوتەكان

Draw Media

2024-09-23 14:00:28



د. یاسین تەها-  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمی و دزەپێكراوەكان، بڕیارە لەماوەی دوو ساڵی ئایندەدا (تا كۆتایی 2026) هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق بە چەند قۆناغێك بكشێنەوەو كۆتایی بە ڕۆڵی "هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش" بهێنرێت، كە دەوروبەری 10 ساڵە دەستبەكارە. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی وردەكاری و لێكەوتەكانی ئەم پلانە هەڵوێستە دەكات.

پەرەسەندنەكانی پلانی كشانەوە
بەپێی بڕگە سەرەكییەكانی پلانی ئاشكراكراوی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، تا ئەیلولی ساڵی داهاتوو (2025) سەدان سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە لەژێر فەرماندەیی سوپای ئەمریكادان، لە عێراق دەكشێنەوە؛ ئەوانەش كە دەمێننەوە، تا كۆتایی 2026 عێراق بەیەكجاری بەجێ دەهێڵن. زانیارییە بەردەستەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن ئەم پلانە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر كراوەو تەنیا هەنگاوەكانی كۆتایی ماون. لەئێستایشدا بەهۆی بارودۆخی جەنگی غەززەوە ڕاگەیاندنی دوا كەوتووە[1]، بۆ ئەوەی نەبنە دەستكەوت بۆ گروپەكانی دژ بە ئەمریكا؛ جگە لەوەش هەندێك وردەكاریی پلانەكە هێشتا یەكلایی نەبوونەتەوەو لە قۆناغی دانوستاندان.
زانیارییە فەرمییەكان باس لەوە دەكەن ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق 2500 سەربازن، جگە لەوە 900 سەربازیش لە سوریان و بۆ پشتیوانیی "هێزەكانی سوریای دیموكرات" دژ بە داعش لە ئەركدان؛ چالاكییەكانی سوپای ئەمریكاش لە هەردوو وڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدایە كە ساڵی 2014 پێكهێنراوە[2]. بەڵام ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەڵێت "هیچ پێویستییەك بۆ هەبوونی ئەو هێزە ئەمریكییە لە عێراقدا نەماوە لە پاش شكستی داعش"، بەتایبەت كە عێراق خۆی "توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ پاشماوەكانی داعش هەیە" بە قسەی سەرۆك وەزیران؛ هەروەها دڵنیایی دەدات لەوەی عێراق لە قۆناغی جەنگەوە، چووەتە دۆخی ئۆقرەیی و چیتر "داعش مەترسییەكی جددی نییە بۆ عێراق" [3].
بەپێی پلانە ئاشكراكراوەكە، كشانەوەكە بە دوو قۆناغ دەبێت: قۆناغی یەكەم لە ئەیلول/ سێپتەمبەری ئەمساڵ (2024) دەست پێ دەكات و تا ئەیلول/ سێپتەمبەری ساڵی داهاتوو (2025) دەخایەنێت؛ قۆناغی دووەمیش، دەبێت تا ئەیلول/ سێپتەمبەری 2026 كۆتایی پێ بێت كە تێكڕا دەكاتە دوو ساڵ.[4] هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا بەرپرسێكی ئەمریكی ئەوەی دركاندووە كە ڕێككەوتنی كشانەوە لە عێراق ڕێگە بە ئەمریكا دەدات لە عێراقەوە هاوكاری پێشكەش بە سوپاكەی بكات لە سوریا (900 سەرباز)[5]؛ واتە كشانەوەكە لێكەوتەی لەسەر كانتۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) نابێت.

پاڵنەرەكانی سەرهەڵدانەوەی كشانەوە
كۆدەنگییەكی شیعی هەیە لەبارەی پێویستی و گرنگیی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق؛ ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بڵاوبوونەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق، ڕێگرە لە سەربەخۆیی و سەروەری و، مەترسییە بۆ سەر دراوسێكانیش (ئێران). لە ئۆكتۆبەری 2023 بەدواشەوە گروپە شیعەكانی عێراق و هێزەكانی ئەمریكا دوژمنایەتییەكی نوێیان بۆ دروست بووەو عێراق بووەتە بەشێك لە بەرەی جەنگ دژی ئەمریكاو ئیسرائیل و، هێزە پەڕگیرە شیعەكان سورن لەسەر ئەوەی "واشنتۆن كۆتایی بە دەستیدەستیكردن لە دۆسیەی كشانەوە لە بنكە سەربازییەكان بهێنێت و، هەژموونی خۆشی لەسەر گرێبەستەكانی پڕچەككردنی عێراق هەڵگرێت"[6].
باوەڕی زاڵیش ئەوەیە حكومەتی عێراق لەژێر گوشاری گروپە شیعە چەكدارەكان و لێكەوتەكانی جەنگی غەززەدا سەرەتای ئەمساڵ (2024) ناچار بووە لەگەڵ ئەمریكا دەست بە دانوستان بكات بۆ گەیشتن بە خشتەیەكی كاتیی كە كۆتایهاتنی ئەركی "هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش" لەخۆ بگرێت[7]. لە لایەكی دیكەوە شرۆڤەكارو ئاگادارانی ڕەوشی ئێران باس لەوە دەكەن هاتنی "مەسعود پزیشكیان"ی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق بەشێكی بۆ ئاسانكاریكردنی كشانەوە بووە؛ بەو پێیەی ئێران یارمەتیی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیییەكانی عێراق بدات و كورد لە بەغدا نزیك بكاتەوە، بۆ ئەوەی دانانی خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا خێراتر بكرێت و لەمپەری بۆ دروست نەبێت[8]. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش ئەوەی دركاندووە ئەمریكییەكان نیگەرانن كە ئێران، عێراقی كردووە بە یەكەم وێستگەی سەردانە دەرەكییەكانی پزیشیكان كە ژمارەیە بۆ هەڵكشانی نفوزی ئێران و باڵەكانی لەم وڵاتە.[9]

دۆخی هەرێمی كوردستان
لێدوانە فەرمییەكانی هەرێم هێشتا داعش بە مەترسی دەبینن؛ ڕۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانانیش بە گرنگ دەبینن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و مەترسیی تیرۆر. وەزیری دەرەوەی عێراقیش، فوئاد حسێن، كە كوردە،  لە یەكێك لە سەردانەكانیدا بۆ واشنتۆن ڕاشكاوانە ڕایگەیاند: كوردو سوننەو بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین؛ بۆ ئەمەش پاساو و هاندەریان هەیە؛ بەڵام شیعەكان ئەمەیان بەئاشكرا نەوتووە[10]. بەپێی ڕاپۆرتی "واشنتۆن پۆست"یش لێكگەیشتنی بنەڕەتیی نێوان بەغداو واشنتۆن لەبارەی سوپای ئەمریكاوە، دەرفەت دەدات بەجێهێشتنی هێزێكی بچوك لە هەرێمی كوردستان كە ئەركی پاراستنی هەرێمە لە هێرشی باڵەكانی سەر بە ئێران. میدیا ئەمریكییەكە ئەم زانیارییەی لە زاری بەرپرسێكی عێراقییەوە گواستووەتەوە بەبێ باسكردنی وردەكاریی زیاتر؛ بەڵام ڕۆژنامە ئەمریكییەكە بەگشتی هۆشداریی داوە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2011ی كشانەوەی ئەمریكا كە عێراقێكی لەرزۆكی بەجێهێشت كە گیرۆدەی ناكۆكیی ئیتنی و گەندەڵی و لاوازی بوو. ئەمەیش دەرفەتی ڕەخساند بۆ دەركەوتن و پەرەسەندنی داعش لەسەر خاكەكەی. لەم بارەیشەوە "دانا سترۆل" بەرپرسی توێژینەوەكانی پەیمانگەی واشنتۆن جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت كشانەوەكەی سوپای ئەمریكا گەرەنتیی ئەوەیشی لەگەڵدا بێت وڵات نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ ئێران و، چارەسەری بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی گەندەڵی لەخۆبگرێت و یارمەتیی هێزە ئەمنییەكانیش بدرێت لە ئەركی خۆیان[11].

جۆری پەیوەندییەكانی پاش كشانەوە
ژمارەیەك لە كۆنگرێسمانە ئەمریكییەكان باوەڕیان وایە هەر كشانەوەیەكی بێ بەرنامەی ئەمریكا لە عێراق، ڕێگە بە داعش دەدات خۆی ڕێكبخاتەوە یان دەرفەتی ئەوە بە ئێران دەدات بۆشاییەكەی ئەمریكا پڕ بكاتەوە[12]. بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەخت دەكاتەوە ئەوان كار بۆ "گواستنەوەیەكی ڕێكخراو"ی "هاوبەشی ئەمنیی دووقۆڵیی هەمیشەیی" دەكەن لەپاش كشانەوە[13]، كە ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی عێراق- ئەمریكا  كە ساڵی 2008 واژۆ كراوە. لە دیمانەكەی "بلومبێرگ"یشدا سودانی هەر جەختی لەوە كردووەتەوە كە پاش كشانەوە، عێراق و ئەمریكا بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی لەبوارە ئەمنی و ئابورییەكاندا. لەبارەی شێوازی ئەو هەماهەنگیەشەوە ڕاپۆرتە ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن لە چوارچێوەی نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا دەبێت لە عێراق، بەبێ ئەوەی پێویست بكات ئەمریكییەكان بەشداریی ڕاستەوخۆی شەڕ بكەن"[14].

لەمپەرەكانی بەردەم كشانەوە
ئەگەرچی ڕێككەوتنی كشانەوە بە شێوەیەكی بەرایی و بنەڕەتی گەڵاڵە كراوە بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمییەكان، بەڵام بەپێی ئاماژە بەردەستەكان كۆمەڵێك لەمپەر و ڕێگر لە بەردەم پرۆسەكەدا هەن كە گومان لەسەر گەرەتنیی پلانەكە دەكەن و دەشێت بەم شێوەیە گەڵاڵە بكرێن:
-    بەپێی ڕاپۆرتێكی دەزگەی “Century foundation”ی ئەمریكا خشتەی كشانەوەی هێزەكانی واشنتۆن لە عێراق، مەرجدارە بە ڕاگرتنی هێرشی باڵە ئێرانییەكان؛ ئەمەش كارێكە لە توانای حكومەتی عێراقدا نییە گەرەنتی بكات[15].
-    ئیدارەی بایدن نایەوێ تا كۆتایهاتنی هەڵبژاردن (نۆڤەمبەری 2024) هیچ هەنگاوێك بنێت لەبارەی كشاندنەوەی سوپاكەی، بەتایبەت كە ئێستا دۆسیەی كشانەوە لە ئەفغانسان بەشێكە لە هەڵمەتی گەرمی هەڵبژاردن. لەبەرامبەریشدا حكومەتی عێراق نایەوێت تاكلایەنە هێزەكانی ئەمریكا دەربكات لەترسی لێكەوتەی دارایی و، خوازیارە پرۆسەكە بە لێكگەیشتن بڕوات.
-    زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكاو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئامادە نین دەستبەرداری عێراق ببن؛ لەو سۆنگەیەی پێگەیەكی گونجاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. لەسەر زەمینیش هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ جموجۆڵی هێزەكانی ئەمریكاو، دیارە وڵاتە یەكگرتووەكان خاوەخاو دەكات چونكە دەزانێت عێراق گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران[16].
-    شارەزایانی سەربازی باس لەوە دەكەن هێشتا هێزەكانی عێراق لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە پێویستیان بە یارمەتیی ئەمریكی و نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەت ئەوەی كە پەیوەستە بە سیستەمی ڕادار یان بەرەنگاربوونەوەی ئامانجە دیاریكراوەكان [17]. بەپێی زانیارییەكانیش لە دانوستانەكاندا هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە ئایا ئەمریكا یارمەتیی ئاسمانی پێشكەش بە عێراق دەكات یان نا[18].

-    لایەنی ئەمریكی نایشارێتەوە زۆر وردەكاریی دۆسیەی كشانەوە هەن، بە وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە پەیوەستن؛ ئەوەش هێشتا یەكلایی نەكراونەتەوە[19].
-    بەردەوامیی جەنگی غەززەو كردنەوەی بەرەی جەنگ لە لوبنان و ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لە ناوچەكە (ئوردن و كوێت و سعودیەو وڵاتانی تری كەنداو)، ڕێگرن لە كشاندنەوەی كتوپڕی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق و بەجێهێشتنی بۆ باڵە ئێرانییەكان.
-    زۆربەی سیستەم و كەرەستە سەربازییەكانی عێراق، ئەمریكین و بەبێ ڕاوێژكاری ئەمریكی و بەبێ ئەپدەیتی ئەمریكی دووچاری كێشەو تەنگژەی زۆر دەبنەوەو، عێراقیش ناتوانێت لەوبارەیەوە پێداگریی زۆر بكات[20].
-    بە كشانەوەی ئەمریكا بەبێ ڕێككەوتنێكی گشتگیری پێشوەختە، عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەندامانی ناتۆ دەكەوێتە دابڕانەوە، چونكە هیچیان بەبێ ئەمریكا ئامادەی هاوكاری و مانەوە نین لە جەنگی داعش.
-    گومانی زۆر لەسەر توانای سوپای عێراق و سیستەمی ئەمنیی وڵاتەكە هەیە لە توانای بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە دەرەكییەكان بەبێ پشتیوانیی ئەمریكا[21]، بەتایبەت كە لە ئابی ڕابردوودا ئەمریكا كوشتنی 15 چەكداری داعشی لە ڕۆژاوای عێراق ڕاگەیاند[22].
-    بەپێی لێدوانە فەرمییەكان پێكهاتەی كوردو سوننەو بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین لە ئێستادا و، بۆ ئەمەش پاساو و هاندەریان هەیە؛ بەڵام شیعەكان بەئاشكرا هیچ ناڵێن[23].
-    سەرەتای ئەمساڵیش باڵیۆزە بەهێزەكەی ئەمریكا لە عێراق، "ئیلینا ڕۆمانۆڤسكی"، پێش سەردانی سودانی بۆ واشنتۆن هۆشداریی دا لەوەی داعش هێشتا مەترسییە، هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند باسی كۆتایهاتنی هاوپەیمانیی داعش لە ئارادا نییە![24]؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا "ئیان ماکاری"، نوێنەری ئەمریکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی داعش بەڕوونی ڕای گەیاندووە "لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە"[25].

سیناریۆ بەردەست و ئەگەرە ڕێتێچووەكان:
یەكەم: كشانەوەی تەواوەتیی هێزەكانی ئەمریكا بەو شێوەی گروپە شیعەكان پێداگریی لەسەر دەكەن وەك بەشێك لەپاكتاوی حیسابات لەگەڵ ئەمریكا لە ناوچەكە. ئەمەش لێكەوتەو لەمپەری زۆری لە بەردەمدایە و جێبەجێكردنی زۆر قورسە ئەگەر مەحاڵ نەبێت لە مەودای نزیكدا.
دووەم: مانەوەی سوپای ئەمریكا بە هەمان شێوەی خۆی كە 2500 سەربازە لە عێراق و گوێنەدان بە پێداگرییە عێراقییەكان لەو بارەیەوە. ئەم سیناریۆیەش شانسی سەركەوتنی زۆر نییە چونكە جگە لەوەی كشانەوەی ئەمریكا كۆدەنگییەكی شیعیی لەسەرە كە زۆرینەی حوكمڕانن، لە ئەمریكاش خواست زۆرە بۆ دووركەوتنەوە لە گێژاوی جەنگە بێكۆتایییە بەردەوامە تێچوو زۆرەكان، بەتایبەت لە عێراق كە ئەزموونێكی تاڵە بۆ ئەمریكا.
سێیەم: سیناریۆی نزیك و ڕێتێچوو ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ گۆڕانێكی گەورە لە دۆخی سوپای ئەمریكادا ڕوو نادات؛ لە پاش ئەوەش ئەگەر هەردوولا لەسەر وردەكاریی كشانەوە ڕێككەوتن و یەكلایی كرایەوە، ئەوە جۆری پەیوەندییەكە دەگۆڕێت بۆ بەركاركردنی "ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی 2008" كە پەیوەندیی هەردوولای لە بواری ئاسایش و بەرگریدا كردووەتە دوورمەوداو درێژخایەن. 

 

پەراوێز و سەرچاوەكان

[1]  https://2h.ae/qBnA

[2]  https://2h.ae/OjdP

[3]  https://2h.ae/aTUP

[4]  https://2h.ae/iXbW

[5]  https://2h.ae/KslQ

[6]  https://bit.ly/49fb6rB

[7]  https://bit.ly/4afdorS

[8]  https://2h.ae/jSuB

[9]  https://2h.ae/wFdD

[10]  https://bit.ly/3TATujZ

[11]  https://2h.ae/wFdD

[12]  https://2h.ae/aTUP

[13]  https://2u.pw/4utvqpno

[14]  https://2h.ae/PamG

[15]  https://2h.ae/rZZm

[16]  https://2h.ae/rZZm

[17]  https://2u.pw/sVx8aZqx

[18]  https://2h.ae/KslQ

[19]  https://2h.ae/KslQ

[20]  https://bit.ly/49gURKC

[21]  https://bit.ly/4aCk4Ap ؛

https://bit.ly/43FPWBK

https://bit.ly/43EdR4u

[22]  https://2h.ae/KslQ

[23]  https://bit.ly/3TATujZ

[24] https://bit.ly/3TFUeoh

[25]  https://bit.ly/3vwD0S5

 

ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand