پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر كێشەی تێكەوت

Draw Media

2024-08-20 07:41:23



(درەو):
ئەو كۆمپانیایەی بڕیار بوو كاری پەرەپێدانی كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە سەرچاوەی سەرەكی غازی هەرێمی كوردستانە ئەنجام بدات، لە كارەكەی دورخرایەوە، دانە غاز دەڵێ پابەندی گرێبەستەكەی نەبووە، بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی پەرەپێدانەكە تەواو ببێت، ئێستا كۆمپانیایەكی هاوبەشی دانەغاز خۆی كارەكەی وەرگرتووە.
كۆمپانیای (دانە غاز)ی ئیماراتی كە گرێبەستی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی كێڵگەی غازی (كۆرمۆر)ی لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، ئشكرایكرد، کۆنسێرتیۆمی (پێرڵ پترلیۆم) كۆتایی بە گرێبەستی كاركردن لەگەڵ (ئینەرفلێكس) هێناوە. كۆمپانیای (ئینەرفلێكس) بەڵێندەری پەرەپێدانی كێڵگەی غازی كۆرمۆر بووە لە (كۆرمۆر 250). 
وەكو دانە غاز باسی كردووە، هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە لاوازی ئاستی كاركردنی (ئینەرفلێكس) بووە، كە بەشێوەیەكی جەوهەری گاریگەریی لەسەر توانای كۆمپانیای ناوبراو لە پابەندبوون بە گرێبەستەكەیەوە دروستكردووە،  ئەمە جگە لە دواكەوتنی پرۆسەی پەرەپێدانی كۆرمۆر 250و تەواونەكردنی لە وادەی خۆیدا. 
لەبەرەنجامی ئەمەدا، كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم (هاوپەیمانی ئەو كۆمپانیایانەی كە كۆمپانیای هیلال و دانەغاز سەرۆكایەتیی دەكەن)، ناچار بووە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستوەردان بكات بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆسەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر لە كاتێكی گونجاودا. 
لەدوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای (ئینەرفلێكس)، ئیتر كۆمپانیای (پێرڵ پترلیۆم) خۆی بەشێوەی راستەخۆ قۆناغەكانی تری پرۆسەی پەرەپێدانی كۆرمۆر 250ی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەكردووە بەم هەنگاوە پرۆسەی پەرەپێدانی كێڵگەكەی خستوەتەوە سەر ئاڕاستە دروستەكەی خۆی. 
دانا غاز لە بەیاننامەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیای پیرڵ پترۆلیۆم هەموو مافەکانی خۆی بەپێی گرێبەستەکە دەپارێزێت، لەنێویاندا ئەگەری داواکاری قەرەبووكردنەوەی زیانەكان.
بڕیارە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر كۆتایی بێت، پرۆژەیەك كە بڕیارە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە لە (500 ملیۆن) پێ سێجاوە بۆ (750 ملیۆن) پێ سێجا بەرزبكاتەوە.   

كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان
كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ.
كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003‌و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و هەولێر.
بەرهەم كێڵگەكە بەمشێوەیە:
*    گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا
* كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی
* گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێت‌و دەیگوازێتەوە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand