كەركوك پارتی و یەكێتیی دەباتەوە بەردەم سودانی
2024-08-03 14:33:43
(درەو):
نوێنەرانی پارتی و یەكێتیی بە جیا سەرۆك وەزیرانی عێراقیان بینی، سودانی جەختی كردووە لە كەركوك "پەراوێزخستن" نەبێت، پارتی و یەكێتیی هەردووكیان لە كێبركێدان بۆ دروستكردنی زۆرینە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، سەرۆك وەزیران پێی وتوون بەر لە تەواوبوونی ئەو وادەی دیاریكراوە، پۆستی پارێزگار یەكلابكەنەوە.
ئەندامانی پارتی و یەكێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە جیا سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد. وەفدەكەی یەكێتیی، تاكە ئەندامەكەی پێكهاتەی مەسیحیشی لەگەڵ خۆی بردبوو.
نوسینگەی سودانی دەڵێ، دیدارەكانی ئەمڕۆ بۆ ئەوە بووە سەرۆك وەزیران ئاگاداری لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنەكان بێت بۆ سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك. پارتی و یەكێتیی هەردووكیان بەشێوەی نافەرمی بانگەشەی ئەوە دەكەن زۆرینەیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكهێناوە. پارتی بەمدواییە لێكتێگەیشتنی لەگەڵ 2 ئەندامەكەی بەرەی توركمانی و ژمارەیەك لە نوێنەرانی پێكهاتەی عەرەبی كردووە، وەكو وتەبێژی بەرەی توركمانیی بەمدواییە لە لێدوانێكدا بە (درەو)ی راگەیاند" پارتی قایل بووە بەوەی پۆستی پارێزگار بە نۆرە بێت"، لەبەرامبەردا بەپێی دواین زانیارییەكان، یەكێتیی كە خۆی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو لە كۆی 16ی كورسی ئەنجومەنی پارێزگا 5 كورسی هەیە، یەك كورسی پێكهاتەی مەسیحی (كورسییەكەی رەیان كلدانی) لەگەڵدایەو دەنگی سێ ئەندامی پێكهاتەی عەرەبیشی بردووە، واتا بە تێكڕا ئێستا یەكێتیی (9) دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای هەیەو ئەمەش دەنگی زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی پارێزگایەو دەتوانێت لەرێگەیەوە پۆستی پارێزگار بۆ خۆی یەكلابكاتەوە، بەڵام گەورەترین كێشەی بەردەم یەكێتیی دەنگی پێكهاتەی توركمانە، چونكە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، كەركوك دۆخی تایبەتی پێدراوەو بەبێ بەشداری هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكە ناتوانرێت حكومەتی خۆجێی دروستبكرێت، بۆ چارەسەری ئەمە یەكێتیی بیر لەوە دەكاتەوە پۆستەكان دابەش بكات و یەكێك لە پۆستە باڵاكان بۆ پێكهاتەی توركمان بەجێبهێڵێت تا ئەو كاتەی لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندی بە ئیئتیلافەكەیەوە دەكات.
لەم دیدارەكانی ئەمڕۆیدا لەگەڵ نوێنەرانی پارتی و یەكێتیی، سودانی جەختی لەسەر ئەوە كردووە "پەراوێزخستن" نەبێت.
دوای 7 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئێستا كەركوك تاكە پارێزگای عێراقە كە پارێزگاری نوێی هەڵنەبژاردووەو لایەنەكانی نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
رۆژی 11ی تەموزی رابردوو بە فشاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بەست، بەڵام كۆبوونەوەكە لەوكاتەوە تائێستا بە كراوەیی ماوەتەوە، لە چاوەڕوانی رێككەوتنی لایەنەكان.
ئەحمەد کەرکوکی یەكێك لە ئەندامانی یەكێتییە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ئەمڕۆ بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە لەگەڵ سودانی، ئەو لەبارەی كۆبوونەوەكە دەڵێ:" بەڕێز سودانی ئاماژەی دا بە گرنگی دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی ئیستحقاقی ئینتخابی هەر هێزێکی سیاسی براوەو رێزگرتن لە ئیرادەو دەنگی کەرکوکییەکان".
بەپێی قسەی كەركوكیی، لە دیدارەكەدا سودانی باسی لە سیناریۆکانی دابەشکردنی پۆستەکان لەپاش هەڵبژاردنەکان كردووە، وتویەتی: کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستە ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندیە بکرێت.. چاوەڕێین بەزووترین کات و پێش تەواوبوونی ئەو وادە یاساییەی بۆ ئەندامان دانراوە پۆستەكانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرەکانیان یەکلایی بکەنەوە.