دیسانەوە غەزە

Draw Media

2023-11-12 16:47:15



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

وێنەی ئەو سەدان هەزار مرۆڤەی لە غەزە ماڵەکانیان بە کۆڵیاندا داوە، مەبەستم ئەو چەند جانتا و بوخچە بچوکانەیە کە بۆیان هەڵگیراوە، بۆ ئەوەی بەرەو شّوێنێکی تر هەڵبێن، شوێنێک لانی هەرەکەمەی ئارامیی تێدابێت کە ژیان لە سادەترین مانایدا پێویستی پێیەتی، یان شوێنێک بتوانێت مردنیان بۆ ماوەیەک دوابخات، ئەو وێنانەی ساڵی ١٩٩١ی دوای راپەرین وەبیردەهێنێتەوە، کە لەدوای پەلامارەکانی بەعسەوە بۆسەر کوردستان، کەوتنە بەرجاوی جیهان. لە هەردوو دۆخەکەدا دوو میلەت ئامادەن، کە لە فۆرمێک لە فۆرمە هەرە قێزەونەکانی سیاسەتکردن و حوکمڕانیی و لە جۆرێک لەجۆرە هەرە ترسناکەکانی بەدکاریی ناو مێژوو، رادەکەن. دوو میلەت لە حوکمڕانی بێویژدان، لە پارتی سیاسیی بێمێشک و بێباک، لە سیاسیی دز و جەردە، لە دینی کراو بە سیاسەت و لە سیاسەتی کراو بە دین، هەموویشیان مارەکراو لە تازەترین و پێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردن، رادەکەن.

ئەوەی لە غەزە دەیبینین هەڵاتنی میلەتێکە بەدوای ژیاندا، ژیان لە ساکارترین و لە سادەترین شێوە و ماناکانیدا. ژیانێک رۆژانە ٢٤ کاتژمێر مەرگی تێدانەبارێت، مردن لە هەموو ئاراستەکانەوە نەیەت، ئاو هەبێت بیخۆیتەوە، رووناکی هەبێت وابکات بەرپێی خۆت ببینیت، دەرمان هەبێت بتوانێت یان هیوای ئەوەت پێببەخشێت کە نەخۆشکەوتیت چاکتبکاتەوە، وزە هەبێت بتوانێت ئامێرەکانی گواستنەوە بخاتەکار و بتگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستە بۆیان دەچیت. ژیانێک درۆن و دەبابە و فرۆکە و سوپا یاسا سادەکانی نەنووسن. یەکێک نەتکات بە دوژمن و بتکوژێت و یەکێکی تر بە شەهید و رەوانەی بەهەشتت بکات.  کەس بەناوی خودا و دینەوە خۆی بە خاوەنی ئەو پارجە زەوییە نەزانێت کە تیایدا دەژیت، خۆی بە خاوەنی ئەو ژیانەش نەزانێت کە ماوەیەکی کەم لەسەر ئەم هەسارەیە دەیبەیتە سەر.
 


وێنەی ئەو سەدان هەزار مرۆڤە ئاوارە و هەلاَتووە یەک راستیمان پێدەڵێت: خەڵک نایەوێت بمرێت، نایەوێت بەناوی دین و بەناوی نیشتیمان و بەناوی هەر مەسەلەیەکی بەپیرۆزکراوەوە رووبەرووی کوشتن ببنەوە.  خەڵک دەیەوێت بژیی، ژیانێک بەلانی هەرەکەمی بەختەوەریی و کەرامەتەوە، ژیانەک هەر کەسێک خۆی دەستنیشانی ئەوەبکات چۆن بژی و چۆن بمرێت.

هەڵاتنی ئەو هەموو خەڵکە، سەرەڕای بوقە میدیایی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و جیهانییەکان، هەڵاتنە لە سەرجەمی ماناکان و شوناسە سەپێنراوەکان، مانا و شوناسی دینیی و نادینیی. ئەوان، ئەو سەدان هەزار مرۆڤە، لە کۆی ئەو شتانە رادەکەن کە کەسانیتر بۆ ئەوانیان دروستکردوە. ئەوان کە بەو شێوازە تراژیدییە سەرهەڵدەگرن، لە هەموو شتەکان هەڵدێن تەنها لە مانا و شوناسی مرۆڤبوونی خۆیان، نەبێت. لە ڕاستیدا ئەو هەڵاتنە دەستەجەمعییە هەوڵدانێکی غەریزیی و نیمچەغەریزییە بۆ پاراستنی مرۆڤبوونی خۆیان، پاراستنی ئەو فرسەت و ماوە کەمە کە ئەوان دەواتنن وەک مرۆڤ تیایدا لە جیهاندا بمێننەوە و بژین.

لەم ساتەدا هەردوو بەرەی جەنگەکە دوو ناوی ناشیرینن بۆ دووجۆر لە کۆبوونەوەی مرۆیی و بۆ دوو جۆر لە روانین بۆ کەسانیتری لەخود نەچوو. بۆ تێکەڵکردن خاک بە دین و بۆ گرێدانی کوشتن بە ماف و بە رۆیشتن لە غەزەوە بەرەو بەهەشت. ئەم دوو لۆژیکە لۆژیکی وێرانکردنی تەواوەتی یەکترین، هەردووکییان بەناوی خودایەک و دینێک و مافێکی خوداییەوە، کە لە خودی ژیان خۆی گرنگتر و لە خودی ئینسان خۆی، بەرزترن، دەدوێن و جەنگ و خوێنڕشتنەکانیان بە خوێندنەوەی تێکستە دینییەکان دەستپێدەکەن. ئەم هێزانە دونیایەک دروستدەکەن تەنها بۆ خۆیانە، بۆ ئەوکەسانەیە لەخۆیان دەچن و باوەرِیان بەو حیکایەتە تەنهایەیە کە ئەوان بەناوی موقەدەسێک لە موقەدەسەکانەوە دەیگێڕنەوە.
 


شتێک بەناوی چارەنووسی ئینسانیی هاوبەشەوە لە نێوان ئەو بەرە جەنگاوەرانەدا نەماوەتەوە، هەردوولا لەسەر بەدەعەجانکردن و لەئینسانخستنی یەکتری کاردەکەن، هیچ لایەکیان لانی هەرەکەمی ئینسانبوون لەناو لایەنەکەی بەرامبەریدا، نابینێت. رقێک ئاراستەیان دەکات مێژووەکەی دەبەنەوە بۆ هەزاران ساڵ، رقێک سەرچاوەیەکی خودایی پێدەبەخشن، پێشیان وایە مافێکی خودایی و هەقیقەتێکی موقەدەس، ئاراستەی دەکات. لە چل ساڵی رابردوودا کەی ئەو رقە لاوازبووبێت، هەر لایەنێکیان بەناوی دین و خوداوە، سەرلەنوێ زیندو و بەهێزی دەکەنەوە. کەیش خواستی ئاشتیی و پێکەوەبوونی ئینسانیش فشاری لەسەر ئەو رقە دروستکرد، ئەوان سەرلەنوێ چالاکیدەکەنەوە و سەرلەونێ ئازادی دەکەنەوە.   

لە مێژە زانراوە هەر سیاسەتێکی شوناس لەگەڵ بیرۆکەی ئازادیی تاکەکەس و مافە گەردونییەکانی مرۆڤدا نەگونجێت، سیاسەتێکی خنکێنەرانەی شوناسە، بەرگریی لە شوناسێک دەکات نەک تەنها لە فۆرمی قەفەزی داخراودا کاردەکات، بەڵکو دەرەوەی ئەو قەفەزەش وەک رووبەرێکی ناحەز و دوژمنکار وێنادەکات. هەر سیاسەتێکی شوناس رێزی بێقەید و شەرتی کەرامەتی مرۆڤی نەگرت، ژیانی وەک موقەدەسی ژمارە یەک مامەڵە نەکرد، ڕێگرنەبوو لەوەی کەسانی لەخۆی نەچوو ببن بە دوژمن، سیاسەتێکە زۆر بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ سیاسەتێکی مەرگچێن، سیاسەتی سڕینەوەی یەکجارەکی یەکتری.

ئەوەی لە غەزەدا دەیبینین بەریەککەوتنی ئەو دوو دیدگا قەفەزییە بۆ شوناس و بۆ ماف، باڵادەستیی ئەو ڕوانینە ترسناکەیە بۆ گۆڕینی مرۆڤ بۆ دوژمن، ئامادەگیی ئەو بێباکییە نابەرپرسیار و تۆقێنەرەیە، کە کەمترین نرخ بۆ ژیانی مرۆڤەکان دانانێت. ئەوەی لەو رووبەرە بچوک و قەرەباڵغەدا بەریەک دەکەوێت و دەجەنگێت، دوو رقی فوتێکراوە، کە رەگوڕیشەی خۆیان دەبەنەوە بۆ لای بڕیارەکانی خودا. رقێک منداڵ و ژن و گەنج و پیر، دەکوژێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand