ناكۆكیەكان كۆنگرەی یەكێتی دوادەخات
2023-09-29 16:44:29
درەو:
كۆنگرەی پێنجەم لە رۆژی سێیەمیدایە، بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆتایی بێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بكەوێتە سبەی، هێشتا نیوەی مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆ پەسەند نەكراون و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵنەبژێردراون، ناكۆكی لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆك و ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوا بكەوێت.
لە ئێستادا لەناو هۆڵی كۆنگرە لیژنەی ئامادەكار مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەخوێندرێتەوەو گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و پەسەند دەكرێت، لە ئێستادا لە لەناو هۆڵی كۆنگرە مادەی (10 و 11)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، كە تایبەتە بە سزادان و لە دەستدانی ئەندامێتی، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت چاوەڕوان ناكرێت ئەمڕۆ پەیڕەو تەواو بێت و سەركردایەتی هەڵبژێردرێت، بۆیە دەكەوێتە رۆژانی داهاتوو.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا ناكۆكی لەسەر چەند بابەتێك هەیە لە نێوان ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی، لەوانە:
• دەسەڵاتەكانی سەرۆكی یەكێتی كە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكی یەكێتی زۆرترین دەسەڵاتی هەیە، سەرۆكی هەرسێ ئەنجومەنەكەیە (ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژوەندیەكان، ئەنجومەنی پشتیوانی)، دەسەڵاتی دارایی و سیاسی و پەیوەندییەكان و یاسایی و دیراساتی گشتی لەدەستی خۆیدایە.
• سەرۆكی یەكێتی دەسەڵاتی هەیە لەداوی كۆنگرە (10) ئەندامی سەركردایەتی دابنێت، بەڵام خۆی پێشنیازی كردووە، ژمارە دانەنرێت بەڵكو سەرۆك دەستكراوە بێت چەند ئەندامی سەركردایەتی دیاری دەكات.
• سەرۆكی یەكێتی خۆی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەستنیشان دەكات و سەرۆكایەتیان دەكات.
• شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، كە لەمادەی (21)ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆنگرە لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی هێنا سەرجەم كورسیەكان دەباتەوە، ئەگەر تەنیا یەك لیست بوو ئەوا بە دەنگی ئاشكرا دەنگی بێدەدرێت.
• ئەمە سەرەرای بەشێك لە كارەكتە دیارەكانی ناو یەكێتی كە بەشداری كۆنگرەیان نەكردووەو تا ئەمڕۆش لە گفتوگۆدابوون لەگەڵیان بۆ ئەوەی رازیان بكەن بچنە كۆنگرەو پشكیان هەبێت لە ئەندامانی سەركردایەتی، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و نەچوونە كۆنگرەوە.