نەمانی هاوسۆزی

Draw Media

2023-06-07 08:21:46



سه‌ردار عه‌زیز

ڕۆژێک لە گوندێک لە هیند: کە دانیشتوانەکەی تێکەڵە لە موسوڵمان و هیندۆس، قاو بڵاودەێتەوە کە ماڵێکی موسوڵمان گوێرەکەیەکیان سەربڕیوە. گروپێکی هیندی توندڕەو دەچنە ماڵە موسوڵمانەکەو لە سەلاجەکەیاندا گۆشت دەدۆزنەوە. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی توندڕەوە هیندۆسەکان کابرای خاوەن ماڵ بکوژن. ئەم ڕوداوە، لەکاتێکدا تراژیدیایە بەڵام لە هەناویدا کۆمەڵێک وانەی زۆرمان بۆ هەڵدەگرێت، بەتایبەتی دەرباری کۆمەڵێک کێشە کە ئەمڕۆی کوردستانی باشور بە دەستیەوە دەناڵێنێت. هەوڵئەدەم بە کورتی لە ڕوانگەی هاوسۆزییەوە قسە لەسەر ئەم پرسە بکەم.

هیند هەتا پێش هاتنی ناريندرا مودی وەک وڵاتێکی عەلمانی دیموکراسی دەناسرا. بەڵام پاش هاتنی مودی ئاڕاستەی وڵات گۆڕا بەوەی هیند وڵاتی هیندۆسەکانە. هیندۆسییەت تێکەڵەیەکە لە ئاین و نەتەوەییەتی لەم دۆخەدا. ڕێک وەک پارتی دادو گەشەپێدانی ئەردۆگان.

مودی بەوە ناسراوە کە پۆپیولیستە، بەو مانایە چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ چیەتی خەڵک داڕشتوەو خۆی کردوە بە نوێنەری، بەمجۆرە خەڵک بریتییە لەوەی کە مودی پێی قبوڵەو ئەوەی وەها نەبێت دژ بە خەڵکە. [لە ماوەی رابوردودا هەندێک کەس هەوڵدەدەن هەندێک هێز لە کوردستان بە پۆپیولیست لە قەڵەم بدەن بەوەی هەوڵی وروژانی جەماوەری دەدەن، ئەمەش پێناسەیەکی هەڵەیە].

کاتێک هیند دەبێتە وڵاتی هیندۆسەکان و هیندۆسییەت هەوڵدەدات بەهاکانی خۆی زاڵبکات بەسەر کۆمەڵگاو حکومەتدا، ئەوا هیچ بوارێک بۆ ئەویتری جیاواز نامێنێتەوە، بەڵکو دەستوبرد دەبێتە نەیار یان دوژمن. ئەم بە دوژمنکردنە بەشێکی پێویستە لە میانەی پرۆسەی زاڵکردنی تاک شوناسی ئاینی و سیاسی.

لە دۆخێکی وەهادا موسوڵمانانی هیند قوربانی گەورەی ئەم پرسەن. هیند کاتێک لە چلەکان سەربەخۆیی ڕاگەیاندا وەک وڵاتێکی دیموکراسی و عەلمانی شوناسی خۆی دیاریکرد. لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو بەشەی کە ناوی لە خۆی نا پاکستان لێی جودابووەوە. گەر تەماشای ناوی پاکستان بکەیت بەمانای سەرزەمینی پاکەکان دێت. کە مەبەست لێی بەشەکەی تری هیند پیسە. [چیرۆکی پاکستان تراژیدیایەکی ترە، بەڵام بە شێوازی جیاواز].

ئێستا کە هیند وەک پاکستانی لێدێت موسوڵمانان دەبنە ڕەگەزە پیسەکە. ئەمەش تەنها دەربڕینێک یان بانگەشەیەکی سیاسی و دینی نیە، بەڵکو مایەی ئازارو برسێتی و ئاوارەیی ملیونان مرۆڤە. هەرچەندە بیرم لە ئەوەکردەوە کە بەراوردێک لەنێوان مودی و ئەردۆگاندا بکەم کە چۆن کوتومت هاوشێوەن لەوەی کە دژ بە نوخبەی تەقلیدی وڵاتن، لای ئەردۆگان کەمالییەکان، لای مودی نەهرۆییەکان، مەبەست لێی ئەو نوخبەیەیەی کە جەواهیر لال نەهرۆ بەرهەمی هێنا. ئەردۆگان دەیەوێی وڵات بکات بە ئیسلامی، مودی بە هیندۆس. ئەردۆگان دەڵێت شانازیی و پێگە بۆ خەڵکە ستەملێکراوەکە دەگەڕێنێتەوە، مودی هەروەها. مودی لە ڕوی ئابورییەوە زۆر سەرکەوتوەو هیند لە هەڵکشاندایە، تورکیاش بۆ ماوەیەک وەهابوو. زۆر خەسڵەتی هاوبەشی تر هەیە لە نێوانیاندا. بەڵام لێرەدا زیاتر جەخت لەسەر چەمکی هاوسۆزی دەکەمەوە بەتایبەتی لە باشور.

لێرەدا هاوسۆزی وەک وەرگێڕانێک بۆ چەمکی empathy بەکاردەبەم. بە دیدی بیرمەندی ئەمریکی جۆرج لاکۆف هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییە. ئەو دەڵێت لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە باوکم پرسی دیموکراسی چیە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: دیموکراسی ئەوەیە کە کەس لە تۆ زیاتر نیەو کەسیش لە تۆ کەمترنیە. بەم پێیە هاوسۆزی جۆری پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکاندا لە دۆخێکی تایبەتدا. بەڵام هاوسۆزی تەنها یەکسانی نێوان کەسەکان نیە. بەڵکو لە هەمانکاتدا بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەویتردا بە سۆزەوە، نەک بە کینەو تۆڵەو توندوتیژییەوە. ئەمە زۆر بەتایبەتی کاتێک کە کەسێک دەچێتە خانەی نەیارەوە یان هەڵەیەک دەکات.

ئەمڕۆ لە دونیادا دوو جۆر هەڵوێست بەگشتی زاڵە بەسەر مرۆڤەکاندا، هەڵوێستێکیان ئەوەیە کە کاتێک کەسێک جودایە لە تۆ لە زۆر ئاستدا، ئایا بە سۆزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت؟ یان بە رەفزکردنەوە. مامەڵەی سۆزی مانای قبوڵکردن یان دانپیانان نیە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە لێی تێدەگەیەت بەڵام مەرج نیە قبوڵی بکەیت. بەومانایە کاتێک ڕووبەڕووی کەسێکی جیاواز دەبیتەوە، هیندۆسێک بۆ موسوڵمان لە هیند، ئیسلامییەک بۆ عەلمانی لە تورکیا، ئەوا بە نەفرەت و توندوتیژی و هەوڵی سڕینەوە مامەڵەی لەگەڵ ناکەیت بەڵکو بە سۆزەوە.

مرۆڤێک گەر شوناسی تایبەتی ئاینی هەبێت ناتوانێت لەگەڵ ئەوانیتردا هاوسۆزبێت، ئەمە تایبەت نیە بە هیچ دینێک بەڵکو هەموو دینیەکان و هەروەها ئایدلۆژدارەکان بەتایبەتی چەپەکان هاوشێوەن. مامەڵەی ئەویتراندن لەنێو چەپەکاندا زۆر خراپترە لە مرۆڤە دیدنییەکان.

ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چوارچێوەو ئاگایی و دەربڕینی جۆراوجۆریی دژ بە هاوسۆزی دەبینەوە لە کوردستان. هەرکاتێک کەسێک یان گروپێک جیاواز- دەکرێت خێرا پرسی کەمینەو زۆرینە بەرامبەری بەکاردێت. هەمیشە دەوترێت؛ زۆرینەی کۆمەڵگا وەهایە یان ئەمەیە. لۆجیکی زۆرینەو کەمینە، بە مانای باش و خراپ نایەت. بەو مانایە مانای وەهانیە ئەگەر کەمینە بوه‌یت خراپیت، و زۆرینەی بوویت باشبیت. بەم پێیە موسوڵمانانی هیند کە کەمینەن خراپن و نابێت گۆشتی مانگا بخۆن چونکە مانگا لای هیندۆس پیرۆزە، خواردنی مانگا سوکایەتی دەکات بە پیرۆزی زۆرینە. ئێمە لە کوردستان بەردەوام لە بەردەم لۆجیکی پیرۆزی زۆرینەین، کە ناڕاستیەکی خەیاڵیکراوە.

ئێمە هەموومان لە خێزانی موسوڵمانەوە هاتوین. ئیسلامی دایکم ئیسلامی تاعەت و زیارەت و بەشکردنی خواردنی خۆش لەگەڵ دەرودراوسێدا، ئەگەر عەرەبیش بن، پێدانی پاشەڕۆکانە بە پشیلەو سەگەکان، بەبێ هیچ مەبەستێک جگە لەوەی کە خودا پێی خۆشە. لە ئیسلامی دایکمدا خودا سۆزی هەیە، هاوسۆزی هەیە، نەک تەنها بەرامبەر مرۆڤەکان بەڵکو بەرامبەر ئاژەڵ و بونەوەرەکانی تریش. بەڵام ئیسلامی سیاسی پڕاوپڕ جودایە لەمە. جگە لە دەسەڵاتخوازی و بازرگانی و وەرگرتنی ملیون لە وڵاتانی ترو پەرتکردنی کۆمەڵگاو پڕکردنی دونیا لە ڕق و کینەو بەتاڵکردنەوەی مرۆڤەکان لە سنگفراوانی، لە هاوسۆزی و لە قبوڵکردنی جیاواز هیچی تر نیە. ئەمەمان زۆر بەڕوونی بەرامبەر ئێزیدییەکان بینی. بە کورتی مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازدا، پاڵەوانی نواندن لەبەرامبەر لاوازدا، بۆ بەدەستهێنانی پارەو پێگەی دونیایی دوری ئاسمان دورە لەو ئیسلامەی کە خودا بە هاوسۆزی دەبینێت و ناتۆقێت لە بوونی جودایەک یان جیاوازێک.

نەبوونی هاوسۆزی لەنێوا ئیسلامییەکاندا تەنها بەرامبەر ئەویتری غەیرە موسوڵمان نیە. ئەوەی کەمێک بە ووردی لە دۆخی باشور بنواڕێت دەبینێت کە ململانێی نێو حیزبە ئیسلامییەکان زۆریان لەسەر پارەو کورسی و دەسەڵات، پاڵنەری سەرەکی ئەو دۆخەیە. لە ڕاستیدا ئیسلامییەکی سەر بە خەتێکی فیکریی یان دارایی جیاواز زۆر بێ هاوسۆزترە بەرامبەر ئیسلامییەکەی تر هەتا نائیسلامییەک. ئەمە بنەمای کۆمەڵگایەکی هەمیشە ناسەقامگیرە. کۆمەڵگایەک کە تیایدا کەسەکان دەترسن لەوەی ئەویتر بگاتە دەسەڵات و ئەم بسڕێتەوە.

هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییەو تەنها لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا پیادەدەبێت. بەڵام کرۆکی ئەم هاوسۆزییە لە عەلمانیەتدایە. عەلمانیەت هەوڵدەدرێت وەک کوفری لێبکرێت، کە جۆرێکی باڵایە لە گەوجاندن. ئەگەر هاوسۆزی بە مانای ئەوەبێت کە لەگەڵ ئەویتری جودادا بە سۆزەوە مامەڵە بکەیت بە مانای ئەوەدێت کە لە ڕوانگەی باوەڕو بەهاو پیرۆزی خۆتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەویتردا نەکەیت. ئەمەش تاکە مانای عەلمانیەتە. عەلمانیەت یانی دینی خۆت بۆ خۆت، دینی خۆم بۆ خۆم: لَكُمْ دِينُكُمْ ولي دين. مرۆڤی هاوسۆز مرۆڤێکی تەندروست ترو ئارامترو سەقامگیرترە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand