لەبارەی سێ کەیسەوە بۆ (نەوەی نوێ) دەدوێم

Draw Media

2023-05-31 13:08:26



عه‌بدوڵای مه‌لا نوری

یەک: کەیسی پەرلەمان:

- ١٤ ساڵ پێش ئێستا، بۆ یەکەمجار کاک نەوشیروان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان سکاڵای لە دادگای فیدراڵی کرد، بەڵام ئەوکات لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتیی هەم پێکەوە بوون، هەم لە هەرێم و بەغداش بەهێزو گوێ لێگیراوبوون، دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی کاک نەوشیروانی رەتکردەوە.

- لە ٣٠ی حوزیرانی ٢٠١٣، پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و گۆڕان، لەسەر پرسی درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان و مەسعود بارزانی گەورەترین شەڕی دەستەویەخەمان کرد.

- لە ٢٠١٥، دیسان بەهۆی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی سیستمی سەرۆکایەتی و تاک حیزبی و بێبایەخکردنی هەڵبژاردن و سیستمی پەرلەمانی، لەلایەن پارتییەوە دەرگای پەرلەمان داخراو خەریک بوو شەڕی ناوخۆش دروست ببێت.

- لەم خولەی پەرلەماندا پەرلەمانتارانی یەکگرتوو پێش هەموان، دواتر سەربەخۆکان و کۆمەڵ ئیستیقالەیان کرد، برادەرانی نەوەی نوێ تا دوێنێش پێش دەرچونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، هەر پەرلەمانتار بوون.

دوو: کەیسی کامێرای پۆینت تو پۆینت:

لەسەر ئەم کەیسە زۆرێک قسەیان کرد، پەرلەمانتار، چالاکوان، مێدیا، برادەرانی نەوەی نوێ ئاخر کەسبوون کە قسەیان لەسەر کرد.

سێ: کەیسی پاشەکەوتی موچە:

لە رابردوودا مامۆستایان و چالاکوانان هەزاران جار قسەیان لەسەر پاشەکەوت کرد، خۆپیشاندانی لەسەر کرا، خەڵک گیرا، لێیان درا، بایکۆتی دەوامی لەسەر کرا. ئەوەی زۆر ناشرینەو هی ئەوە نیە مرۆڤ لێی بێدەنگبێت، ئەوەیە: برادەرانی نەوەی نوێ زۆر بە رەهایی و بێشەرمانەو بێباکانە بە جۆرێک لەسەر ئەو سێ کەیسە قسە دەکەن، وەک ئەوەی پێشتر کەسی تر هیچی نەکردبێت، هەموان ترسنۆک دۆڕاو بن و تەنها نەوی نوێ نوێ شتی کردبێت.

کورت و پوخت لەبەرئەوەی ئەو برادەرانە مێدیایەکی زەبەلاح و سەدان پەیجی فەیکیان لەبەردەستە، بە ئارەزوی خۆیان سواری کۆڵی هەموو کەیسێک دەبن و دەستبەسەر قوربانیدان و رەنج و ماندوبوونی رابردوی هەمو کەس و لایەنێکدا دەگرن.

هەر کەسێکیش بڵێ وا نییە زۆر فاشیانە، بە قسەی ناڕاست و نائەخلاقی هێرشی دەکەنەسەرو هەوڵی شکاندنی دەدەن.

برادەرانی نەوەی نوێ دەبێ بزانن، ١٠ ساڵی تر موعارەزەبن ناتوانن هێندەی پەرلەمانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ پرۆژەو قسەی جدی و شەڕ لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکدا بکەن. ئەسڵەن حەقە لە خۆتان بپرسن لەم ماوەیەدا چ شتێکتان کردووە کە پێش ئێوە کاری لە سەر نەکرابێت؟!

رێگای راست ئەوەیە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی خۆتاندا، هەوڵ و ماندوبونی ئەوانی تریش لەبەرچاو بگرن. کاتی خۆی گۆڕان کە دروست بوو، بەرهەمی پێکەوەگرێدانی خەباتی چەندین ساڵ رەخنەی نوسەران و مێدیای ئازادی وەک رۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنەو لڤین و تێکۆشانی کۆمەڵێک سیاسی ئازاو خاوەن روئیا بوو. ئەگەر ئێوە بتانەوێ رێزلێگیراوبن و وەک جەستەیەکی نامۆی بێزراو تەماشا نەکرێن و توانای بەردەوامیتان هەبێ، ئەوا دەبێ بابەتیانەو راستگۆیانە وێنەکە وەک خۆی ببینن، نەک وەک ئەوەی کە خۆتان دەتانەوێ هەمو راستییەکان دەشێوێنن، کورت و پوخت ئێوە پەیڕەوی سیاسەتی درۆ بکە درۆ بکە تا خەڵک بڕوا دەکەن، دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand