چۆن لە ئەخلاق تێبگەین؟

Draw Media

2023-05-28 11:13:55



مه‌ریوان وریا قانع 

 

یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانەی ناو دونیای ئێمە کە قسە و باسێکی کەمی لەسەرکراوە و لەسەردەکرێت، چەمکی ئەخلاقە، ئەگەرچی دەستەواژەی ئەخلاق و بەدئەخلاقیی بەشێکی بەرچاوی زمانی قسەکردنی ناو ژیانی رۆژانەیە. ئەگەرچی ھەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەوەی مرۆڤەکان دەیکەن و ئەنجامی ئەدەن بە باش و خراپە بەشێکی دانەبڕاوی ناوی ژیانی کۆمەڵایەتییە. ھاوکات حوکمدانیش لەسەر شتەکان و دیاردەکانیش بە باش و بە خراپ، بە ئینساف و بە بێئینسافیی، لەو شتانەیە کە بەشێکی زۆری خەڵک ڕۆژانە ئەنجامیئەدەن، کەچی تێڕامان لە چەمکەکە وەک چەمکێکی تیوریی و فیکریی، وەک چەمکێکی ئاڵۆز و گرفتئامێز، لە دونیای ئێمەدا لاواز و پەراوێزییە. 
ئەخلاق، کە لێرەدا بە مانای ئەتیک بەکاردێت، پەیوەندیی بە جۆر و شێوازیی ژیانەوە ھەیە، بە شێوازی ھەڵسوکەوتی تاکەکەس و گروپەکانەوە لەناو کۆمەڵگادا. جەوھەری ئەخلاق ئەوەیە پێمانبڵێت چی راستە بیکەین و چیش ھەڵەیە لێی دووربکەوینەوە، چی دادپەروەرانەیە پەیرەوی بکەین و چیش بێدادییە لێی بەدووربین. بەڵام شتەکان بەو سادەییە نییە کەو ئەو دوو رستەیەی سەرەوە پێماندەڵێن. 

با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە چەمکی ئەخلاق بۆ کەسەکان و بۆ ھێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان مانای جیاواز و لەیەکنەچویی ھەیە. لای کەسێکی دینیی، لای سەلەفییەک، لای کەسێکی سەر بە ئیسلامی سیاسیی، لای سۆفیەک، چەمکی ئەخلاق شتێک دەگەیەنێت، جیاواز لای کەسێکی لیبرال، یان نادینیی، یان کەسێکی دیموکرات لە دڵەوە باوەڕی بە جیاوازیی و لێکنەچونی مرۆڤەکان و مافی جیاوازبوون ھەبێت. ئەم تێگەیشتنە جیاوازانە بۆ ئەخلاق بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و بەشێکە لەو راستییە کە مرۆڤەکان ناتوانن کۆپی یەکتربن و کەسانی جیاوازیش تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ھەڵە و راستیی و ئەشێ و ناشێ و باش و خراپ و دادپەروەریی و نادادپەروەریی، ھەیە. زۆرجاریش تێگەیشتنی ئەمیان بۆ ئەو شتانە، تێگەیشتنی ئەویتریان بە بەد یان نائەخلاقیی یان نەشیاو، ناودەبات. لە پشتی چەمکی ئەخلاقیشەوە چەمکەکانی وەک ”مرۆڤی باش“، ”کۆمەڵگای باش“ و ”ژیانی باش“ ئامادەن. بەزۆر مانا ئەخلاق وەک رێگای گەیشتن بە بەختەوەرییش نیشانئەدرێت.

 
بە شێوەیەکی گشتیی ئەخلاق کاریگەریی گەورە لەسەر پەیوەندیی مرۆڤ بە مرۆڤەکانی تر و بە کۆمەڵگا و بە سروشتەوە بەجێدەھێڵێت و ئاراستەی تێگەیشتنی مرۆڤاکانیش بۆ چەمکەکانی ”ئازادیی“ و ”بەرپرسیارێتی“ و ”دادپەروەریی“ و ”بێدادی“ش دەکات. ھەر یەکێک لەو چەمکانەش رەھەندی ئەخلاقیی گرنگیان ھەیە و دیدگای ئەخلاقیی جیاواز بە شێوازی جیاواز، لەناو ھەریەکێکیاندا ئامادەیە. 

ئەخلاق لە جیھانی ئەمرۆدا ھیچ مانایەکی نابێت گەر مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤ نەپارێزێت، ھەرچی ھێرشکردنێک بۆسەر ئەو مافانە، لەژێر ھەرناو و بەپێی ھەر بەھانەیەک بێت، کارێکی نائەخلاقییە.  ھیچ حوکمدانێکی ئەخلاقیی، لەژێر ھەر ناو و بەھانە و بەناوی ھەرچییەکەوە بێت، نابێت بتوانێت بچێتە دەرەوەی سنوورەکانی پاراستنی مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤەوە، دەنا دەگۆڕێت بۆ حوکمدانێکی نائەخلاقیی.  

لە ڕاستیدا ئەخلاق بەر لەوەی پەیوەندیی کەسێک بێت بە دەوربەر و ژینگە و ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتییەوە کە لەناویدا دەژیی، واتە بەر لەوەی پەیوەندییەک بێت کە مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دروستیدەکات، ئەو پەیوەندییەیە کە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا، دروستیدەکات. ئەو پەیوەندییەیە کە وا لە مرۆڤێک دەکات لە خەمی دروستکردنی خۆیدابێت وەک بوونەوەرێکی عەقڵانیی و نرخێنەر و بەرپرسیار. مرۆڤ بۆئەوەی بتوانێت لەگەڵ کەسانیتردا لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیدا بێت، پێویستی بەوەیە سەرەتا لەگەڵ خۆیدا لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیدا بێت. بەم مانایە ئەخلاق، لە ھەنگاوی یەکەمدا، پەیوەندیی کەسەکانە بە خودی خۆیانەوە، پەیوەندەیی خودە بە خود خۆیەوە، ئەو پەیوەندییەیە وا لە کەسێک دەکات خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی بەرپرسیار، ببینێت و لە رێزگرتنی خودەوە بپەرێتەوە بۆ رێزگرتنی ئەوانیتر. بەم مانایە ئەخلاق، بە پلەی یەکەم، ئیشکردنی ھۆشیارانە و ئامانجدارانەی مرۆڤە لەسەر کەسایەتی خۆی. لەمەشدا کەسایەتی خۆی دەخاتە ژێێر رکێف و چاودێری کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقییەوە کە ئەو وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی دروستدەکەن. بەم مانایە ئەخلاق لەیەکەمیان ھەنگاویدا چالاکییەکی بەرپرسیارانەی تاکەکەسە بۆ دروستکردن و داھێنانی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی عەقڵانی و بەرپرسیار، وەک کەسێک خەمخواردنی لە خودی خۆی ھەنگاوی یەکەم و سەرەکیی خەمخواردنی بێت لە ئەوانیتر و لە کۆمەڵگا، نەک پەیڕەویکردنی ئەو یاسا ئەخلاقییە دەرەکییانە کە ئەوانیتر دروستیدەکەن و چاوەڕواندەکەن ھەمووان لە کۆمەڵگادا پیادەیبکەن. ئەمجۆرە لە ئەخلاق، کە لە دەرەوەڕا دێت و بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنرێت، ئەخلاقێکە دابڕاو لە ئازادیی تاکەکەس، لە ئازادیی ھەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە و نرخاندنی کەسەکان بۆ پرنسیپەکان و بریاردانی سەربەخۆیان لەسەر راستیی و دروستی ئەو پرنسیپانە، یاخود لەسەر ھەڵەبوون و بەرجەستەکردنی رۆحیەتی سەپاندنی یەکجۆر لە مرۆڤ و کۆپیکردنی ھەمووان لەسەر ئەو جۆرە تایبەتە پێشنیارکراوە. 

لە ڕاستیدا ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما سەرەکیی و کۆڵەکە ھەرە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەخلاق ئەگەر کۆمەڵێک یاسا و بەھا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنرێت، مرۆڤ ناچاربکرێت پەیرەویان بکات و نەتوانێت و ئەگەری لێدەرچونیانی لەبەردەمدا نەبێت، لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە ھەڵیدەبژێرن و پێیدەگەن و پیادەیدەکەن، نەک ئەوەی کورتکرابێتەوە بۆ یاسا و ڕێسا و بەھای کۆمەڵێک چاوساغی دیاریکراو لە کۆمەڵگادا و  لە دەرەوەڕا و بەزۆر و نائازادنە بەسەر مرۆڤەکاندا سەپێندرابێت. دۆخی سەپاندن و ناچارکردن، مانایەک بۆ ئەخلاق، وەک پەیوەندی ئینسانیی مرۆڤەکان بە خودی خۆیان و بە دەوروبەرەکەیانەوە، ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ توانای ھەڵبژاردنی ھەبێت و ئازادانە و بە مەبەستی دروستکردنی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقی، پەیڕەویان بکات. 

بەم مانایە ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئازادییەوە ھەیە، پەیوەندیی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت، بیڵێت. ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەوشێوەیەیە. مرۆڤ کاتێک دەبێتە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی کە ژینگەی ناشیرن و خراپ بە ناشیرین و خراپ ناوبنێت و ژینگەی خنکێنەر وەک ژینگەیەکی خنکێنەر بناسێنێت و بەھای سوکایەتیکەر بە مرۆڤ وەک بەھای سوکایەتیکەر پێناسبکات. ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەوە ئەنجامبدات کە بەڕاستیی دەزانێت، بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، نەک عەقڵ و تواناکانی بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی بداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و خودا چییە و ئەمیش وەک مرۆڤ چۆن لەژێر سێبەری ئەو ئەمرانەدا، بژیی. ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەی کە ساتەوەختێکی مێژووی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و لەبەردەم  گەشەکردنی ئازادانەی کەسەکاندا دروستیدەکات بۆئەوەی خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان بەرجەستەدەکات، ئەرکی ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگیی ئەخلاقە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە ئەو کارانەی بۆ مەیسەرببێت.

ئەمڕۆکە، لەناو ئەو ھەموو فشارە ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینییەی لە دونیای ئێمەدا ھەیە، ئەگەری دروستبوونی بوونەوەری ئەخلاقیی بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمکرد، ئەگەرێکی لاواز و پەراوێزییە. لە دونیای ئێمەدا ھەم رای گشتیی و ھەم سیاسەت و ھەم رێگاکانی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانە و ھەم دین و بەشێکی گەورەی بانگخوازەکانی، مرۆڤی ئێمە ناچاردەکەن ئازاد نەبێت، بچووک و بێدەسەڵات و گێرایەڵ بێت، لەژێر فشاری ئەو ھێزانەدا بژیی کە دەیانەوێت مرۆڤەکان کۆپیبکەن و ھەموویان بکەن بە یەک کەس: ئەو کەسەی ئەوان دەیانەوێت.


 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand