پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

Draw Media

2023-03-28 20:24:37



درەو:
دکتۆر کەمال کەرکوکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوك- گەرمیان

 

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

پێشەکی

لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا، چەند بیرۆکەیەک سەبارەت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەخەینە ڕوو:

1- ڕاستیی ئەو وتارەی قەیرانەکەی دروست کرد.
2. کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر.
3. ئەو سیناریۆیانەی لەبەر دەست بوون و لێکەوتەکانیان.
4- کارلێکەکانی کە دروست بوون و چارەسەرییەکان لە سایەیاندا.
5. ڕاسپاردەکان.

ڕاستیی ئەو وتارەی قەیرانەکەی دروست کرد

لە چوارچێوەی زنجیرە وتارێکدا کە پێشتر لە پێگەی ئەلمۆنیتۆر و ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕیدلاین و زە نێسار (ماڵپەڕێکە لەگەڵ نووسەرێکی کەنەدی بەڕێوەی دەبات و تیشک دەخاتە سەر هەموو هەواڵەکانی کورد لە گشت بەشەکانی کوردستان)، کە هەموویان بە شێوەیەکی زۆر نەرێنی دۆخی کوردستان دەخەنە ڕوو، جا لە ڕێگەی بابەتێکەوە سەبارەت بە پاشەکشەی هونەر لە سلێمانی، یان لە سەر توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی بافڵ و قوباد تاڵەبانی، یان سەبارەت بە سەردانە خێراکانی بافڵ بۆ بەغدا و، نووسەر (وینترۆپ ڕۆدجەرز - Winthrop Rodgers) دوا بابەتی دژی "حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان" بڵاوکردەوە.

بە پێداچوونەوەی نووسینەکانی و مێژووی کارەکانی، ئەم خاڵانە گەڵاڵە دەبن:
1- نووسەر بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی کوینز Queens  بێلفاستی ئیرلەندا تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ویلایەتی مەین Maine  لە ئەمەریکا تەواو کردووە. نووسەرێکی ئەمەریکییە.
2- ڕۆژنامەنووس و توێژەرێکی ئازادە (Freelance)، واتە بابەتی پەرشوبڵاو بۆ لایەنە جیاجیاکان دەنووسێت، لەو دەزگا جۆراوجۆرانە بابەت بڵاودەکاتەوە کە دەستی پێیان دەگات و، زۆربەی کات، ئەو دامەزراوانە حەقدەستێکی نادەنێ، چونکە نووسەرێکی باوەڕپێکراوی خۆیان نییە یان ستوونی تایبەتی خۆی نییە. بۆیە تێبینی دەکەین لە هەر دامەزراوەیەک یان سایتێکدا بابەتێک بڵاودەکاتەوە و دوای ئەوە دەچێتە سایتێکی دیکە، واتە بەپێی دەرفەتی بڵاوکردنەوەی بەردەستی، نەک لەبەر ئەوەی دامەزراوەکە داوای بڵاوکردنەوەی لێ دەکات و، جیاوازییەکی گەورەیش لە نێوانیان ئەوەدا هەیە دامەزراوەیەک داوا لە شارەزایەک بکات بابەتێک بڵاو بکاتەوە و، ئەوەی توێژەرێک داوای بڵاوکردنەوەی بابەتێکی خۆی بکات.
3. لە کۆی بابەتەکاندا تێبینی دەکەین هەوڵی دۆزینەوەی پێگەیەک بۆ خۆی دەدات لە ڕیزی توێژەران سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی وەک توێژەرێک پیشان دەدات کە لە کوردستان - سلێمانی دەژی و، تێبینییە ڕۆژانەکانی دەگوازێتەوە و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات ناوی بچێتە نێو لیستی شارەزایانی بیانی لە هەرێمی کوردستان.
4- وەک هاووڵاتییەکی ئەمەریکی مافی خۆیەتی پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و کونسوڵی ئەمەریکاوە بکات بۆ ئەنجامدانی دیمانە یان وەرگرتنی ڕستەی کورت بۆ ئەوەی لە بابەتەکانیدا بەکاریان بهێنێت. لە ڕێگەی دۆستێکمان لەگەڵ  لەگەڵ USAID کاری دەکرد بۆمان دەرکەوتووە ئەوان پشتگیرییەکی زۆری ئەو هاونیشتمانیانەیان دەکەن کە لە عێراق کار دەکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن و کێبڕکێ لەگەڵ پسپۆڕانی دیکەی بیانی بکەن، هەمیشە باڵیۆز یان کونسوڵ یان سەرۆکی نوێنەرایەتیی USAID پەیوەندی خۆیان بەهێز دەکەن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی جۆراوجۆری ئەمەریکی کە ئارەزوو دەکەن لە پرسی عێراقدا کار بکەن، چونکە ئەمە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوان وەک دیپلۆماتکار کە لە وڵاتێکی بیانیدا کار دەکەن و دەرکەوتنیان لە چەندین بابەت یان بڵاوکراوەدا، شتێکی باشە بۆ ئەوان.
5- ئەو وتارەی لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە (ماڵی کارتەکانی کوردستانی عێراق دەڕووخێت Iraqi Kurdistan’s House of Cards Is Collapsing)، بە گشتی بریتییە لەو خاڵانەی میدیاکانی سەر بە یەکێتی یان ئێن ئاڕ تی (ئەو وردبینی زمان بووە لە ئێن ئاڕ تی کە هاوکاریان بووە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە زمانی ئینگلیزی) بڵاویان کردووەتەوە. ناونیشانی (ماڵی کارتەکان) ئیلهامی لە ناونیشانی زنجیرەیەکی زۆر بەناوبانگی ئەمەریکی وەرگرتووە کە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا دەخاتە ڕوو، بەتایبەتی پەیوەندییە تێکەڵاوەکانی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس و بازرگانان. لە کاتی پەخشی زنجیرەکەوە، دەستەواژەی ماڵی کارتەکان بووەتە باو و بۆ ئاماژە بۆ ناوەندەکانی دەسەڵات لە وڵاتێک یان قەوارەیەکی دیاریکراودا.
6- بەرزترین پێگە کە پێی گەیشتووە بوونی ئێستایەتی وەک توێژەرێکی سەردانیکەر لە پەیمانگای توێژینەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی (Institute of Regional and International Studies) لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی و توێژەری سەردانیکەریش بە زۆری شوێنی نیشتەجێبوون و خەرجییەکی مانگانەی پێ دەدرێت کە زۆربەی کات کەمە. هەروەها توێژەری سەردانیکەر نازناوێکە توێژەرە گومناوەکان لە سەرەتای ژیانی کارکردنیاندا بەکاری دەهێنن بەتایبەتی ئەگەر بڕوانامەی دکتۆرایان نەبێت. ئەم پێگەیە زۆربەی کات بە خاڵی دەستپێک دادەنرێت بۆ ڕێخۆشکردن بەرەو توێژینەوە چونکە دەبێتە مایەی ئاسانکاری بۆ پێشکەشکردن بۆ پرۆگرامەکانی دکتۆرا لە زانکۆکانی ئەمریکا.
7- لێرەدا پێویستە ئاماژە بکرێت بەوەی ویلایەتی مەین یەکێکە لە ویلایەتەکانی ئەوسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و یەکێکە لە ویلایەتە هەژارەکان (لە ڕیزی هەژارترین 15 ویلایەتە)، بۆیەش دەبینین ئەم ڕۆژنامەنووسە ماستەرەکەی لە ئێرلەندا تەواو کردووە نەک لە ئەمەریکا.

کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر (پاشکۆیەک بە گرینگترین خاڵەکانی ژیاننامەکەی)

کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی بایدن هات بۆ پڕکردنەوەی پۆستە سیاسییەکانی ئیدارەکەی، بە وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەیشەوە، بە توخمەکانی پێکهاتەکانی ئەفریقایی و لاتینی ئەمەریکی، واتە بەوانەی بە ڕەچەڵەک لە ئەمەریکای باشوورەوە هاتوون. بە پێداچوونەوە بە ژیانی پیشەییدا، ئەم تێبینییانە دەکەین:
1- شارەزایی ئەو لە چەسپاندنی ڕۆڵی هاووڵاتییانی ڕەشپێستی ئەمەریکا لە دامەزراوە ئەمەریکییەکان چڕ دەبێتەوە و زۆربەی کارەکانی لە وەزارەتی دەرەوە لەسەر ئەوە بوونە، لە سەرەتای تەمەنیدا کارمەند بووە لە تیمی سیناتۆری کۆچکردوو ئێدوارد کێنێدی (برای سەرۆک جەی ئێف کێنێدی - دیموکراتی خەڵکی بۆستن)، واتە دیپلۆماتکارێکی دێرین نییە، بەڵکو سیاسەتوانێکی - دیموکراتە و پۆستەکانی لە زۆربەی ساڵەکانی کارکردنی لە وەزارەتی دەرەوە لە ئاستی بەرزی دیپلۆماسیدا نەبوون.
2- بڵاوکردنەوەی ئەو وتارەی سەرەوە لە پەیجەکانی خۆی لە سۆشیال میدیا هەڵەیەکی دیپلۆماسییە و، ڕوونە کە پێشاندانی ئەو قسەیەی نووسەر بۆ بابەتەکەی لێی وەرگرتووە تیایدا باسی پاشەکشەی ئازادیەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات پاڵنەری بووە و، ئەم قسانەیشی شتی نوێ نین، چونکە تیمی ئیدارەی بایدن (بەشێکی زۆریان کارمەندی ئیدارەی ئۆباما بوون) زۆرجار باسیان لە هەندێک بنەما کردووە کە بۆ گەلەکەمان ناگونجێن لەبەر ئەوەی ئەوان نوێنەرایەتیی ئەجێندای ئەوپەڕی چەپی لیبراڵ دەکەن و، کردەوەکانیان کاریگەرییان لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، وەک دەوڵەتانی کەنداو و ئیسرائیل، هەبووە.

ئەو سیناریۆیانەی لەبەر دەست بوون و لێکەوتەکانیان

دەبوو ئەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدرێن:
1- ئەو وتارە هیچ گرینگیی پێ نەدرێت چونکە بابەتێکە هیچ کاریگەرییەکی نییە و، ڕوونە نووسەرەکەی لە سلێمانییە و واشنتۆن تەواو ئاگاداری هەموو ڕیزبەندییەکانی نێوان سلێمانی و هەولێرە و، هیچ شتێکی نوێ لە وتارەکەدا نییە چونکە بافڵ و قوباد تاڵەبانی نامەی وایان بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە جیاوازەکان ناردووە لەم وردەکارییانە زیاتریان تێدایە، واتە دەبوو بابەتەکە وەک جوڵانەوەیەکی ڕووکەشیی دیکەی یەکێتی دژ بە پارتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرایە، هەرچەندە من پێم وایە بابەتەکە بە هاندانی بەرهەم ساڵح نووسراوە نەک پاڤڵ تاڵەبانی و، ڕەنگە بەرهەم خۆی پەیوەندیی لەگەڵ Foreign Policyی بۆ نووسەرەکە ڕێک خستبێت.
2- وەڵامنەدانەوەی هیچ هەڵمەتێکی میدیایی نەوەی نوێ یان یەکێتی یان هەر لایەنێکی سیاسیی دیکە، چونکە ئەوان هەوڵ دەدەن، لەڕێگەی کەناڵە حزبییە تەسکەکانیانەوە، هەڵمەتی جۆراوجۆر بەرپا بکەن، کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی سادەترین هەواڵی بچووکترین گوند لە دژی ئەم حکوومەتەی ئێستا زەق دەکەن. هەڵمەتەکەیش لە ڕووی کاریگەرییەوە دەچووە پاڵ هەر هەڵمەتێکی دیکە کە بەم دواییە ئەنجامیان دا و گرینگییان پێ نەدرا.
3. هەڵسوکەوت کردن وەک دەوڵەت و حکوومەتێکی ڕەسەنی خاوەن ئامرازی دروستی خۆی، کە بریتین لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەولێر و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن. دەبوایە کۆنسوڵی ئەمەریکا بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە - هەولێر بکرێت (نەک لەلایەن سەرۆکوەزیران یان کەسێک لە سەرکردایەتیی باڵای حکوومەت) و، نامەیەکی ناڕەزایەتیی توندی پێ بدرێت تیایدا خاڵەکان بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەک کە ناڕوونی قبووڵ ناکەن، پێی بڵێن ئێمە ئەم ڕەفتارە ڕەتدەکەینەوە و، ناکرێتت کونسوڵ وتارێک (لەگەڵ یان دژ) بڵاو بکاتەوە و ئەمە هەڵەیەکی دیپلۆماسیی زەقە و لە دەرەوەی سیاقەکانی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسییە و بە وەستانی کونسوڵ لەگەڵ لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکە دادەنرێت.
4- هاوپێچی خاڵی (3) و، لەگەڵ وەرگرتنی نامەکە، پێویست دەبوو بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزخانەیان لە بەغدا بینێرێت چونکە کاری دامەزراوەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی بە سەردا دەسەپێنێت و، نامەکەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای پابەند دەکرد بە نامەیەک بۆ حکوومەتی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە و ئەو پرسە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. لەبەرئەوەیشی ئێستا ئەمەریکا لە دۆخێکی سەختدایە لەگەڵ هاوپەیمانە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، هەروەها لەبەر ئەوەی فشارەکانی شەڕی ئۆکرانیا بەرەو هەڵکشان دەچن، لەوانە بوو کونسوڵەکە بانگهێشتی واشنتۆن بکات (یان بۆ بەغدا چونکە کونسوڵ دەبێت بە وردی پابەندی سیاسەتەکان و ئەو ڕێکارانە بێت کە لە لایەن باڵیۆزخانەوە دانراون) یان بیگۆڕن یان ڕێوشوێنێک بۆ هێورکردنەوەی "کێشە دیپلۆماسییەکە" بگرنە بەر و، ئێمەیش دڵنیایی یان نووسراوی فەرمیمان دەکەوتنە دەست کە تیایاندا باڵیۆزخانە ڕوونکردنەوەی دەدا یان داوای لێبوردنی دەکرد و، ئێمەیش دوای کپبوونی دەنگی دەهۆڵی یەکێتی و ئەوانی دیکەك دزەمان بە نووسراوەکە دەکرد بۆ پێشاندانی قووڵیی پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا و چۆن حکوومەت هەنگاوی ڕەسەن دەنێت و وەک حکوومەت هەڵسوکەوت دەکات نەک وەک حزب.

5- زۆر گرینگ بوو قەیرانێک دروست نەکەین کە کات و ساتەکەی نەگونجاو بێت لە کاتیکدا کوردستان لە گەرمەی دانوستان[نێکی ماراسۆنی و ستراتیجیدایە لەگەڵ بەغدا و، یەکێک لە ئامرازە گرینگەکانمان لەو دانوستاندنانەدا ئەو بیرۆکەیە باوەیە کە دەڵێت هەرێمی کوردستان پێگە و گرینگیی بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە و، بەتایبەتی پارتی سەنگێکی جیاوازی هەیە. پێویست ناکات ئێمە بێین ئەم وێنەیە بشکێنین و مەسەلەکە بورووژێنین و خۆمان بخەینە کونجێکی زۆر تەسکەوە کە لەگەڵ پێگەی پارتی ناگونجێت.

کارلێکەکانی کە دروست بوون و چارەسەرییەکان لە سایەیاندا

1- لە سۆشیال میدیا کەمپەینێکی میدیایی لاواز ئەنجام درا و دەست بە تۆمەتبارکردنی کونسوڵ بە شتی جۆراوجۆر کرا، لەوانە ئەوەی کە یاسای هاوڕەگەزبازیی پێشکەش کراووە و هتد. ئەم بابەتانەش بە تایبەتی کە ئەو ڕەشپێستە، دەیکەنە دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکی کە هەوڵ دەدات سیاسەتی چەپ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و تیمی بایدن کارا بکات، لەبری ئەوەی سەرنج لە سەر هەڵە دیپلۆماسییەکەی بێت.
2- ئێمە بە ئاشکرا و بە هەڵمەتێکی میدیایی حزبی هێرشمان کردە سەر هەڵە دیپلۆماسییەکەی، بۆیە ئەو بوو بە قوربانییەک کە "مافی خۆی لە بڵاوکردنەوەی بابەتێک کە ڕستەیەکی خۆی تێدا هەبوو، بەکار هێنا" کەچی ڕووبەڕووی ئەم هەڵمەتە بوو.
3- نووسەری بابەتەکەمان گەیاندە ئاستێک کە خەونی پێیەوە نەبینیبوو و، لەمەودوا هەر کەناڵێکی میدیایی بیانی کە خوازیاری ڕاپۆرتی نەرێنی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بێت، پەیوەندی بە ئەوەوە دەکات، بەو پێیەی ئەو ڕۆژنامەنووسە قەیرانێکی لەناو ماڵی سیاسی کورد و لەگەڵ دیپلۆماسی ئەمەریکیدا دروست کردووە، واتە ئەستێرەی بەختی نووسەرمان بە شێوەیەکی وەسفنەکراو درەوشاندەوە.
4- ھەڵمەتی ڕاگەیاندنەکان بە شێوەیەک بوو وەکو ئەوەی  قەیرانێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمەریکادا ھەیەو وابکەین بە ئاشکرا دەربکەوێت، هەروەها ئەو دژە هەڵمەتەمان سەلماند کە دەڵێت ئەمەریکا لە حکوومەتی ئێستا ڕازی نییە.
5- کەمپەینەکە سەرکەوتوو نەبوو،چونکە  دەری خست گوتاری حزب، نەک دامودەزگاکانی حکوومەت، پەسەند دەکرێت.
6- ئیدارەی بایدن بە ئاسانی دیپلۆماتکارێکی ڕەشپێست لە کارەکەی دوورناخاتەوە و نایگۆڕێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڵمەتێکی سەختمان لە دژی ڕاگەیاند، بەمەیش بۆشایی دیپلۆماسیمان دەبێت کە ئەرێنی نییە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا. لەبەر ئەمە نابێت هەڵوێستی ئێمە یان بڕیارمان لەسەر کونسوڵ لەسەر بنەمای ئامانجێک بێت کە بەدی نایەت و بەم شێوەیە گرێیەکی ناپێویست بخەینە ناو پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمەریکا.
7- وا دەرکەوتین کە سادەترین شت تووشی هەستیاری دەبین، توڕەیی وامان لێ دەکات کەرەستەی نادروست لە شوێنی هەڵەدا بەکار بهێنین و قەیرانی ناپێویست دروست بکەین. هەموو ئەمانەیش لە بەرژەوەندی پڕوپاگاندای یەکێتین.

ڕاسپاردەکان
1- ساڵی 2023 ساڵێکی زۆر گرینگە، کە ئەم ڕووداوانە بەخۆوە دەبینێت:
ئا- لەگەڵ بەغدا: دەرچواندنی چەند یاسایەکی بنچینەیی کە کاریگەریی درێژخایەنیان دەبێت، وەک  یاسای بودجە و، هەردوو یاساکانی نەوت و گاز و، کاراکردنی جێبەجێکردنی مادەی (140) و گەڕانەوەیبارەگاکانی پارتیمان بۆ کەرکوک. هەموو ئەم یاسا و بابەتانە خوازیاری کارتی ڕەسەنی دانوستاندنن و چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکانمانن و، سوودوەرگرتن لە گشت ئامراز و هاوپەیمانەکانمانن.
ب. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان: هێشتا دۆخی ئابووری و مووچەی فەرمانبەران خەمی ڕۆژانەی هاوڵاتییانن و، لەلایەن یەکێتی و نەوەی نوێ و لایەنە کێبڕکێکارە جیاوازەکانەوە دەقۆزرێنەوە، بۆیە سەرکەوتن لە خاڵی (ئا) ئاسانکاری بۆ ڕێکخستن و چەسپاندنی دۆخی ناوخۆیی دەکات.
ج. لە ماوەی ئەم ساڵەدا، پێویستە سەرنجمان لەسەر جێبەجێکردنی گرینگترین ئەو پرسانەی سەرەوە بێت، چونکە ئەمە سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ کوردستان فەراهەم دەکات و خولی دووەم بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستا مسۆگەر دەکات.
2- پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا: ئەم پەیوەندییە دەبێت لە دوو ئاستدا بێت. یەکەمیان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی ئەمەریکا و، پەیامێکی توندی پێ بدرێت بە ڕەتکردنەوەی ئەو کارانەی کە لە دەرەوەی پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسیدا ئەنجامیان دەدات. ئاستی دووەمیش، سەرۆکایەتیی وەزیرانە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتە، کە ئێمە دژی بڵاوبوونەوەی هیچ وتارێک نیین و، زۆر ڕوونە چۆن کەناڵە ئسمانییە جیاوازەکان بابەتی هەواڵی و لێکدانەوەی سیاسیی جۆراوجۆر پەخش دەکەن، کە سەرەڕای نادروستیی زۆربەیان و، کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستوەردانی لە کاری هیچ یەکێک لەو کەناڵانە نەکردووە. ڕەتکردنەوەی حکوومەتیش بەهۆی ئەو هەڵە دیپلۆماسییەی کونسوڵی ئەمەریکاوە هات، کە وای پێشان دا ئەمەریکا پاڵپشتیی لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە دەکات ، یان خۆی لە ڕیزی سلێمانی دادەنێت لە دژی هەولێر، لە کاتێکدا ئێمە دڵنیاین لەوەی سیاسەتی ئەمەریکا لە سەری پرەنسیپی دەستوەرنەدان و هاندانی پرۆسەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان بنیات نراوە و، هەرگیز لەگەڵ لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە ناوەستێت. هەروەها دەبێت لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە - نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن هەڵوێستی فەرمیی حکوومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ نووسینگەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بنێردرێت.
3- ڕاگرتنی هەڵمەتەکە بە زووترین کات و، لێدوانە گشتییەکان کپ بکرێن.
4- نابێت ناو و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی بخزێنرێنە ئەو کارلێکە سیاسییانەی کە حکوومەت لە ڕێگەیەوە و بە ئامرازەکانی خۆی دەتوانێت کاریان لە سەر بکات، یان ئامرازەکانی حزب دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. دەبێت سەرۆک مەسعود بارزانی تەواو دوور بێت لەهەر هەڵمەتێک، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت و ڕەمزییەتی ئەو بە پارێزراوی بمێنێت، بەو پێیەی کە ئەو مەرجەعی بۆ بڕیاری کوردە لای هەمووان، تەنانەت ئەگەر یەکێتیش نەیەوێت دان بەوەدا بنێت، بەڵام بەغدا و هەمووان مامەڵەی لە ڕێگەی ئەو بڕیارە کوردییەوە کە لای سەرۆک بارزانییە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی کورد و بنەماکانی دەکەن.

دکتۆر کەمال کەرکوکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوك- گەرمیان
٢٥-٣-٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand