نەخێر کارتۆن نییە؟

2023-03-27 19:55:15



د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

بە قەناعەتی دیکارت کە ئەڵێن قەناعەتی بەهیچ شتێک نەبووە، کەون و کائینات بگەڕێی میللەت نابینی لەم کوردە عەجیبتر. خوانەکا یەکێک لەبنی دنیاوە شەکرێک بشکێنێ، گورج ئەم نەدی و بدیانە لێرەوە ئەیکەن بە بنێشتە خۆشە. جابۆ ئەوەی بنێشتەکەمان پێدا نەنوسێ یەکسەر داخڵی مەوزوع ئەبین و ڕجاتان لێ ئەکەین نەخەڵەتابن باوەڕ بەو ئەمریکا قەشمەرە بکەن کە گوایە قەوارەکەمان کارتۆنە، نەخێر کارتۆن نییە بەم بەڵگانە:
١ـ ئەگەر کارتۆن بوایە هەڵبەتە بەو هەموو بارانە ئەتلیسایەوە - شێخ دارای کەشناسی -
٢ـ کارتۆنی چی؟ کوا کەس بینیوێتی خرابێتە ژێر کومبارەوە -خاوەن ماڵێکی پڕ تەڕەشوع -
٣ـ نا، وانییە. تامەکەی لە تامی سۆمەری کیس ئەچێ نەک مقەبا -لاکێشێکی ئەسڵ-
٤ـ ئەوەی ئەڵێ کارتۆنە خالۆ ناودەمی پڕ ئەکەین لە فیشەک -مارفی لای خولەی چەخماخساز-
٥ـ تۆ بڵێ بە چییدا ئەزانم کارتۆن نییە؟ بەوەدا کە یەک مناڵ حەزی لێ ناکات - دادەیەکی باخچەی مناڵان-
٦ـ شەڵڵا کارتۆن بوایە ئێستا نەختێ شڕکەو پڕکەمان تێ ئەکرد -کرێچییەکی ئیزندراو-

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand