هەرێم لەبەرچاوی دونیای دەرەوە

Draw Media

2023-03-26 13:55:40



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

ساڵانێکی درێژ کورد بوونەوەرێکی نەبینراوی ناو جیهان بوو، کەسانێکی زۆر کەم دەیانبینی کە زۆربەیان رۆژنامەنوس و نووسەرو ئەم یان ئەو ئۆرگانی بەرگریکردن بوو لە مافەکانی مرۆڤ. لەم قۆناغەدا وێنەی کورد لای ئەو بەشە کەمەی کە دەیانبینی وێنەی میلەتێکی شاخاوی ئازابوو  کە بۆ وەدەستهێنانی مافە سەرتاییەکانی لە خەباتێکی خوێناویدا بوو، وێنەی گەلێک بوو قوربانی دەستی چەند دەوڵەتێکی سته‌مگەر لەناوچەکەداو  قوربانتی سیاسەتی ناپاک و مەسڵەحەتخوازیی جیهانیی

ئەم وێنەیە دوای فەشەلی شۆڕشەکان و دوای پەلاماردانی ژەهراوی خەڵکی کوردستان و وێرانکردنی بڕێکی گەورەی نیشتیمانەکەیان، دەبێت بە وێنەی یەکێک لە قوربانییە گەورەکانی ناو مێژووی سەدەی بیستەم. لەدوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمیشەوە، دوای هەڵبەزو دابەزێکی زۆر، وێنەکە لە بەرچاوی جیهاندا دەگۆرێت بۆ وێنەی میلەتێک کە خەریکی بیناکردنی دیموکراسیەت و چەسپانی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاسایشە، لە ناوچەیەکدا پڕ لە جەنگ و کوشتن و نائارامی. بوو بە وێنەی خاڵێکی رووناک لەناو تاریکییەکی گەورە لە دەوروبەریدا. ئەم وێنەیە گەرچی پروپاگەندەی دوای جەنگی روخاندنی سەدام، بە تایبەتی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دروستکرابوو، بەڵام وێنەیەکی جیهانیی بەربڵاوبوو. 

سەرجەمی ئەم وێنانە لە دەیەی رابووردودا گۆڕانی گەورە و هەمەلایەنیان بەسەردا هات. حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی سەرەتا لە لایەن رۆژنامەنووسان و ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و حکومەتی یاسا دەکەن، کەوتنە نووسینی راپۆرتی رەخنەیی و نێگەتیڤ لەسەردەسەڵاتدارانی هەرێم و وردەکاریی گەندەلیی و تالانیی و بێریزیەکانیان بە جیهان نیشانئەدا. ڕێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتیی و ڕێکخراوی هیموان رایت ۆچ و ڕێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور و چەندانی تر رۆلی سەرەکییان بینیی. ئەمانە بێسڵکردنەوە و دوور لە پروپاگەندەی ئەمریکییەکانەوە وێنە راستەقینەکەی هەرێمیان نیشانئەدا کە دورگەیەکە بۆ جەردەیی و بێدادیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. دواتر ئەم وێنە نێگەتیڤە، سەرەڕای نکوڵیکردنی دەسەلاتدارانی هەرێم لە راستیی و دروستیی وێنەکە، تا دەهات زیاتر و زیاتر بە جیهانی دەبوو. 

لەئێستادا هەم ژمارەیەکی گەورە لە رۆژنامەنوسان، ئەوانەی لەسەر هەرێم دەنوسن، نوسینی هێجگار نێگەتیڤ لەسەر دەسەڵاتدارن دەنوسین و ئەو کوشک و کەشتی و بازاڕانەی لەدەرەوەی وڵات بە پارەی دزراوی نەوت کڕدراون و ئەو پارەو سەرمایانەی دزەیانپێکراوەو بەناوی خۆیان و بنەماڵەو کەسانی نزیک لەخۆیانەوە لە بانکەکاندا دانراون، نیشانئەدەن. ھەم هاوکات سەرجەمی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و لە مافی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ژنان دەکەن، دیسانەوە وێنەیەکی هێجگار خراپی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی نیشانئەدەن. ئەوەی تازەیە هاتنە سەرخەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و خودی ئەمریکا خۆشیەتی بۆ نیشاندنی ئەو وێنە ناشیرینەی حوکمڕانانی هەرێم. ئەوەی راپۆرتەکانی جنین پلاسخارت ی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراو و راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و دواهەمین وتاری وینسرۆپ رۆدگەرس لە گۆڤاری فۆرن پۆلسی بخوێنێتەوە،  چەسپاندنی ئەو وێنە نێگەتیڤەی لە ئاستێکی تەواو بەرفراوان و جیهانیدا بۆ دەردەکەوێت. لە ڕاستیدا ئەو وێنەیەی لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دروستکراوە، وێنەی کۆمەڵێک دەسەڵاتداری جەردە و بێباک و نابەرپرسیارە کە رۆڵێکی هێجگار خراپ لە ورد و دروشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا دەبینن کە حوکمڕانیی دەکەن. ئەو وێنەیەی کە ئەو راپۆرتە دروستیدەکات وێنەی دوو پارتی سیاسیی خۆسەپێن و ستەمگەر و وێنەی کۆەمڵێک بنەمالەی سیاسیی گەندەڵە لەسەر مۆدێلی شێخەکانی خەلیج، کە کۆمەڵەک شێخی نەوتفرۆش و گەندەڵ و بێبەزەیین. 
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمیرکادا وێنەیەک ئامادەیە کە وردەکارییەکانی بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بێ سێ و دوو، ئەیناسێتەوە و رۆژانە لەگەل تەفاسیلەکانیدا دەژیی. راپۆرتەکە باس لەوەدەکات هەردوو پارتە سیاسییەکەی کوردستان هێزی ئەمنی و سەربازیی سەربەخۆی خۆیان هەیە کە بە پێی قازانج و مەسڵەحەتی دەسەلاتدارانی ئەو پارتانە بەکاردەهێنرێن. راپۆرتەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەستوری عێراقی مافی ئەوەی بە حکومتەی هەرێم بەخشیوە کە هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام پارتی و یەکێتی لەباتی ئاسیش و هێزی هاوبەش و نیشتیمانی هەر یەکەیان ئاسایشی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی، هەیە. هەردوو پارتەکە خاوەنی هێزی پێشمەرگەی سەربەخۆی خۆشیانن، هەردووکیان هێزی پۆلیسی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بەناو لە ژێر کۆنترۆلی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمدان. هەروەها هەردوو حیزبەکە دەزگای زانیاریی و موخابەراتی سەربەخۆیان هەیە کە بەناو لە ژێر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدایە. بەشێکیش لەم هێزانە بەبێ هیچ لێپرسینەوە و سزادانێک کاردەکەن و کەس ناتوانێت لە کاروکردەوەکانیان بپرسێتەوە. راپۆرتەکە باس لە دۆخی بێیاسایی و گرتنی لە گۆترە و هەڕەمەکیش دەکات، باس لەوەدەکات زۆرجار هێزەکانی ئاسایش یاسایان پشتگوێخستوە تۆمەتبارانیان بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن، دەستگیرکردووە. لە ژێر سایەی یاسای دژە تیرۆریشدا، و زۆرجار دەستگیرکراوەکان بۆ ماوەی درێژخایەن بەبێ تۆمەت لە زیندانەکاندا دەستبەسەرکراون. ڕاپۆرتەکە هاوکات باس لە پێشێلکردنی سەربەخۆیی دادگاکان دەکات و نیشانیئەدەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە ئارەزووی خۆیان ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانیان گرتوە و لە زینداندا گلیانداونەتەوە. باس لەوەش دەکات چۆن سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر دۆسیە هەستیارەکان هەیە و کاریگەرییان لەسەر  بڕیارەکانی سیستمی دادوەریی هەبووە و هەیە. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکەن چۆن کۆی ئەو ماشێنە بیرۆکراسییەی دروستکراوە، لەگەڵ ئەو زانکۆ و ناوەندانەی خوێندی باڵادا کە هەیە، بە حیزبیکراون و حیزب و بەپرسە گەورەکان دەستنیشانی ئەوەدەکەن کێ لەو شوێناندا کاربکات و بەرپرس بێت. 

بە کورتییەکەی ئەو وێنەیەی بۆ حکومەت و حیزب و حوکمڕانەکانی هەرێم دروستبووە، تەنانەت لای خودی ئەمریکییه‌كان خۆیشیان، وێنەی نوخبەیەکی گەندەڵ و دزە، کە دەسەڵات بۆ قازانج و مەسڵەحەتی شەخسی خۆیان بەکاردەهێنن، سڵ لەوە ناکەنەوە سنووری ئازادییەکانی مرۆڤ تەواو بەرتەسکبکەنەوە، پارەکانیان بە شێوازی جیاواز بنێرنە دەرەوەی وڵات و بەشێوازی جیاواز سپی بکەنەوە، ئینجا هێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان ھەبێت کە بۆ بەرگیکردن لە خۆیان و پاراستنی قازانج و مەسڵەحەتی تایبەتیی خۆیان،  دروستکراون. بە کردەوەش هەرێمەکەیان بۆ زۆنی سیاسیی جیاواز لە غیابی لانی هەرەکەمی هەرجۆرە ئیجماعێکی سیاسییدا، دابەشکردبێت.

ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە ئەوەیە حکومەتی ئەمریکا هەمان ئەو وێنەی بۆ حوکمڕانەکانی هەرێم هەیە کە ساڵانێکی درێژە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دروستیانکردوە و باسیدەکەن.  ئەمریکییەکان وێنەی ئەو دورگە دیموکراس و ئارامەی بۆ هەرێم و دەسەڵاتدارەکانیان دروستکردبوو، گۆڕیوە بە وێنەی هەرێمێک کە کۆمەڵێک خێزان و حیزبی دەسەڵاتداری نابەرپرسیار و گەندەڵ بەڕێوەیدەبەن، بەجۆرێک دۆخێکیشیان دروستکردوە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لێیان هەڵدێن. 
بێگومان ئەم وێنەیە ساڵانێکی درێژە لەلایەن میدیا و رۆشنبیر و خوێندەوارە بەرپرسەکانی ناو هەرێم خۆیەوە بۆ حوکمڕانانی هەرێمەکە دروستکراوە. لەناوخۆی هەرێم خۆیدا وێنەی نێگەتیڤ و ڕاستەقینەی هەرێم لەلایەن خوێندەواران و رۆشنبیرانی کوردەوە زووتر و بەر لە هەمووان بینراوە و باسکراوە، بەڵام چونکە زمانی نوسین و قسەکردنی ئەو ڕۆشنبیرانە لەگەڵ حوکمڕانانی هەرێمەکەدا زمانی کوردیی بووە، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەش دەستیان بە ژمارەیەکی گەورەی ئەو ڕۆشنبیر و خوێندەوارانە گەیشتوە و سڵیان لە گرتن و راونان و تەنانەت کوشتنیان نەکردۆتەوە، بۆیە توانیویانە بەزۆر خۆیان وەک خاوەنی «خوێنی شەهیدان» و «پیاوی دیموکراسخواز» و کەسانی «سۆشیال دیموکرات» نیشانبدەن. وێنەیەکی درۆزنانە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئێستا ئیتر دونیای دەرەوە بەهەمان ئەو زمانە ئەدوێت کە ڕۆشنبیرانی کورد دوو دەیەیە پێی ئەدوێن و ئەونوسن. ئێستا ئیتر وێنە ڕاستەقینەکە لەبەرچاوی دەرەوە و ناوەوە روون و ئاشکرایە. هەردوولا سەیری هەمان شت دەکەن و هەردوولا هەمانشت دەبینن

وەک هەمیشە کاردانەوەی دەسەلاتدارانی ھەرێم بەڕووی ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە گەورەیەدا بریتییە لە ئینکارکردن و ئینشانوسین و موزایەدەکردنی سیاسیی و دینیی. یەکێکیان، بەنەفەسی هێزە ئیسلامیی و سەلەفییەکانی کوردستان، ئەمریکییەکان بە بەرگیکردن لە هاورەگەزبازیی تۆمەتباردەکات و کۆی وردەکارییەکانی دروستبوونی ئەو وێنە نێگەتیڤە بە هاورەگەزخوازییەوە گڕێئەدات. ئەویتریان بە زمانێکی ئینشایی باس لە خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکان دەکات. سێهەمیش بەشە رەخنەییەکەی کۆمەڵگای کوردیی تۆمەتباردەکات بە دروستکردنی ئەو وێنە نێگەتیڤە. هەموویان ئەو خاڵە دەشارنەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ئەو وێنەیە خودی ئەو عەقڵیەت و ئەخلاقەیە کە وڵاتەکە و خەڵکەکەی وەک موڵکی شەخسی خۆیان سەیردەکەن.


 

 

 

 

 

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand