عێراق: بیست ساڵ دوای ئازادبوون لە بەعس

Draw Media

2023-03-19 12:29:59



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ئەم ساڵ، بیست ساڵ بەسەر روخاندنی رژێمەکەی سەدام حوسیندا تێدەپەڕێت. جەنگی ئەمریکا دژ بەم رژێمە لە بەرە بەیانی رۆژی ٢٠ مارتی ساڵی ٢٠٠٣دا دەستپێکرد و سێ هەفتە دواتر، لە رۆژی ٩ نیساندا، بەغدای پایتەختی ولاتەکە گیرا و ئەو حوکمڕانییەی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ ەوە بە تێکەڵەیەک لە ترس و پاداشت، کوشتن و گرتن و ڕاونان، بە هێزی ماشێنەکانی سوپا و ئاسایش و موخەبارات، بە پارەی زۆری ئابوریی رەیعی نەوت و بە کۆمەکی دەیەها وڵاتی ناوچەکە و جیهان، بە کۆمەکی ئایدۆلۆژیای پان عەرەبیزم و دواتریش جۆرێک لە ئیسلامیزم، دروستیکردبوو، کۆتاییپێهات. داگرتن و روخانی پەیکەرە گەورەکەی سەدام حوسەین لە ناوەڕستی شاری بەغدادا رەمزی کەوتنی حومکرانییەکەی ئەم دیکتاتۆرە و پارتە سیاسییەکەی بوو.  لەگەڵ کەوتنی بەعس لە عێراقدا کۆتاییش بە شێوازێک لە دەوڵەتی مەرکەزیی هات کە دیکتاتۆرێکی ئایدیۆلۆژیی، لە پایتەختی وڵاتەکەوە و لە ڕێگای ئەو دەزگایانەی لەسەرەوە باسمکردن، حوکمی سەرجەمی ولاتەکەی دەکرد. دیکتاتۆرێک بەناوی عێراق و ئومەی عەرەبییەوە قسەیدەکرد و خۆی بە هەڵگری پەیامێکی مێژوویی دەزانیی و باسی لە ئازادیی وڵەتەکەیی و جیهانی عەرەبیی، دەکرد. خستنی ئەم سیستمە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە هاوشان بوو بە لەدایکبوونی خەونی بە دیموکراسیکردنی وڵاتەکە، دروستبوونی دەوڵەتی یاسا و گەشەدان بە سیستمێک ڕێزی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بگرێت، کەمینەکانی ولاتەکە لە پەژارەی کەمینەبوون رزگاریان بێت و ژنان و گروپە پەراوێزییەکان هەلی پێشکەوتنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی یەکسان بەدەستبهێنن و هەمووان ببن بە هاوڵاتیی یەکسان و خاوەن ماف. 

هەر لەیەکەمین رۆژی کەوتنی بەغداوە دەرکەوت وەدیهێنانی ئەم خەونە  پێویستی بە موعجیزەیەکی گەورە هەیە، لە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەعس بەسەر پایتەختەکەدا، یەکەمین شت کە روویدا تاڵانیی و دزیی و ڕاو و ڕوتێکی هەلایەن و کەم وێنەبوو. ئەوەی قابیکی دزین و تاڵانیکردن بوو دزرا و تاڵانی کرا. تۆڵەی سیاسیی دەستیپێکرد و گروپی چەکداری بچووک لە هەموولایەکەوە دروستبوون. 


لە ئێستادا هێلە سەرەکییەکانی مێژووی ساڵانی دوای کەوتنی بەعس لای زۆرینەی عێراقییەکان ئاشکرایە. کابوسی بەعس کۆتایی پێهات، بەڵام خەونی بە دیموکراسییکردن و دادپەروەریی و هاوڵاتی خاوەن ماف و ڕێز هەرزوو پوچ و بەتاڵکرایەوە. ئەوانەی دوای بەعس هاتنە سەر حوکم، نەک تەنها هێزگەلێکی تەواو نادیموکراس و نامۆ بە لانی هەرەکەمی مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتنی ژیانی دانیشتوانی ئەو وڵاتەبوون. بەڵکو کەوتنە تالانکردنی وڵاتەکە بەهەمان ئەو شێوەیەی بەغدا لەیەکەم رۆژی دوای ئازادبوونیدا، تاڵانکرا. دەرکەوت ئەو نوخبە سیاسییە تازەیەی هاوتنەسەرحوکم نوخبەیەکی تاڵانچیی عەیار بیست و چوارن، یەکێک لەو شتانەی کەوتنە تاڵانکردنی کەرەستەخاوە سەرەکییەکەی ولاتەکە، نەوت، بوو. 

زۆربەی ئەوانەی هاتنە سەرحوکم کەسانێک بوون لە ململانێ و جەنگیاندا لەگەڵ بەعسدا، وەک بەعس و خراپتریان لێهاتبووە، بەڵام بەعسێک ئەمجارەیان بە بەرگ و پۆشاکێکی دینییەوە، بە بەرگێکی سەلەفیی و بە بەرگێکی شیعیی و بەبەرگێکی ئیخوانییەوە، هتد... بەڵام بە حوکمی ئەوەی ئەمانە لەناوخۆیاندا نوخبەیەکی دابەش و فرە ئینتیما و فرە مەزهەبی جیاوازبوون، نەیانتوانی ئەو کۆگیریەی بەعس بە هۆی هێز و پارەی نەوت و توندوتیژیی و پاڵپستی دەرەکییەوە دروستیکردبوو، دروستبکەنەوە. وڵاتەکە بە کردەوە دابەشبوو بەسەر کۆی ئەو لایەنانەدا کە هەریەکەیان لەناوچەی نفوزی خۆیدا حوکمران و دەوڵەتێکی سەربەخۆبوون. شتێک لەو سیستمە مەرکەزییە توندڕەوە نەمایەوە کە لە پایتەختەوە هەموو وڵاتەکەی حوکمدەکرد. بە کردەوە ناوچەی نفوزی هەر هەزێکی سیاسیی بوو بە پایتەختێکی بچووک و دەسەڵاتدارانی ناو ئەو هێزە حوکمی ناوچەکە و حوکمی هێزەکانی تری لە خۆیان لاوازتریان، دەکرد. ئەو سیستمی دوو ئییدارەیی و دوو زۆنییەی ساڵانێکبوو لە ژێر دەسەڵاتی دوو حیزب و دوو بنەماڵەی سیاسیدا لە کوردستاندا دروستبووبوو لە سەرتاپای عێراقدا دروستکرایەوە و بە کردەوە وڵاتەکە بوو بە کۆمەڵێک زۆنی جیاواز کە هێزی جیاواز حوکمرانبون لەناویدا. 

بە شێوەیەکی گشتی مێژووی ئەم هێزانە لە بیست ساڵی رابردوودا مێژووی بەگژاچوونەوەی یەکتریی و بەگژاچوونەوەی دەوڵەت بەمانا مەرکەزیی و هاوبەشەکەی، مێژووی دروستکردنی میلیشیا و سێنتەری تایبەتی دەسەڵاتە، مێژووی کاری پێکەوەیی نایاسایی و نانیشیتیمانییەی جەندان هێزە لەگەل ولاتانی دراوسێدا. ئێستا، بیست ساڵ دواتر، ئەوەی دەیبینین جۆرێکە لە حومکڕانی لە غیابی بوون و ئامادەگیی هەر سیستمێکی حوکمرانیی کۆگیردا. لە ڕاستیدا شتێک لە عێرقدا بە ناوی سیستمی حوکمڕانییەوە بوونی نییە، ئەوەی هەیە، دوای تێپەڕین بەناو ئەزموونی زەرقاوی و بەغدادی و خەلافەتەکەی داعش و دروستبوونی حەشدی شەعبیی و نموونە کوردییەکەی حوکمرانی لە هەرێمدا، بریتییە لە دروستبوونی کۆمەڵێک تۆڕی پەیوەندیی کە لە راستیدا تۆڕی قازانجی نایاسایی و تۆڕی گەندەڵیی و تۆڕیی میدییایی ئاراستەکراو و تۆڕی ئەمنیی و تۆڕی میلیشیایی و تۆڕی ئیقلیمی هەمەجۆرە. ئەم تۆڕانە کۆمەڵێک حیزب و کەسایەتی سیاسیی و دینیی و سەربازیی و خێڵەکیی خاوەن نفوز و خاوەن گروپی جەکدارن کە هەندێکیان هاریکاریی ئەوانیتریان دەکەن و هەندێکیشیان دوژمنی سەرسەختی ئەوانیتریان، بەلام هەموویان یان زۆربەیان ولاتانی ئیقلیمی ئاراستەیان دەکەن و دەیانپارێزن و بەرگریان لێدەکەن. ئەم تۆرانە لەنێوان خۆیاندا هەم دوژمنی یەکترین هەم دۆست، هەم دژ بەیەکتری کاردەکەن هەم لە کاتی پێویستدا هاریکاری یەکترن. بەپێی قازانج و مەسڵەحەت و فشاری ئیقلیمیش هەم شێوازی پەیوەندیی و هەم جۆری کارەپێکەوەییەکانیان و هەم شێوازی دوژمنایەتیکردنیان گۆرانی بەسەردا دێت. 

ئەم دۆخە وایکردوە عێراق نە دەولەت بێت بەمانای دەوڵەت و نە کۆمەڵگاش بە مانای کۆمەڵگا، بەڵکو  چەندان تۆڕی پەیوەندیی جیاواز و ناکۆک بەیەکتریی و سەرزەمینی تەڕاتێنی هێزە ئیقلمیەکان و درێژکراوە ناوەکییەکانیان بن لە وڵاتەکەدا. ئێران و تورکیا و سعودەیە و ولاتانی خەلیج بە شێوازی جیاواز لەناو سیاسەت و کۆمەڵگای عێراقیدا ئامادەن، هەرە بەهێزەکەیان و ئامادەترینیان ئێرانە، دوای ئێرانیش تورکیایە. لە راستیدا ئەم دوو ولاتە تەنها دوو دراوسێی فەرمی عێراق نین، بەڵکو دوو وڵاتن خۆیان بە خاوەنی عێراق بە گشتیی یان بەشێکی دەزانن. ئێران تەنها خۆی وەک پارێزەری هێز و دەسەلاتدارێتی شیعەکانی عێراق نابینێت، بەڵکو خۆی بە خاوەنی عێراق دەزانێت و وەک خاوەنی عێراقیش هەڵسوکەوت و مامەڵەدەکات. تورکیاش بە هەمانشێوە لانیکەم خۆی بە خاوەنی ویلایەتی موسڵ دەزانێت و وەک خاوەنی ویلایەتی موسڵیس مامەڵەدەکات. تا ئەم ساتەش جەندانجار هەم خودی ئەردۆغان خۆی و هەم کەسانیتری ناو دەسەڵاتدارێتیەکەی، جەختیان لەم خاوەندارێتییە کردۆتەوە. 

بە کورتییەکەی، بیست ساڵ دوای رزگاربوون لە بەعس ئەوەی هەیە و دروستبووە نە وڵاتە بە مانای وڵات و نە دەوڵەتە بە مانای دەوڵەت، بەڵکو کۆی ئەو تۆڕانەیە کە لەسەرەوە باسمکردن، کۆمەڵێک  تۆڕ لە ململانێیەکی سەختدان لەگەڵ یەکتریدا، ململانێ لەسەر پارە و دەسەڵات و نفوز و دەسکەوت. ئەم دۆخە زۆرینەیەکی تورە و نائومێدیشی دروستکردوە کە بە خێراییەکی گەورە ژمارەیان زیاددەکات و لەگەڵ زیادبوونیشیاندا کێشەکانی ولاتەکە گەورەتر و قووڵتر دەبێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand