چۆن لەو ڕاپرسییە تێبگەین؟

Draw Media

2023-02-19 13:48:46



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ڕۆژنامەی "الصباح"، کە ڕۆژنامەی فەرمی حکومەتی عێراقە، راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە (راپرسیەكە لەلایەم كۆمپانیای شیكار بۆ تووێژینەوەو راپرسی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوەو لە سایتی درەو بڵاوكراوەتەوە)  و تیایدا زۆرینەی ئەوانەی پرسیاریان لێکراوە دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی هەرێم داوە و خواستی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانیان بۆ بەغدا نیشانداوە. لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەوە حکومەتی هەرێم بە فەرمی وەڵامی رۆژنامەکەی دایەوە و خودی ڕۆژنامەکەی بە «مایەپووچ» ناوبرد. لە هەمانکاتدا بەو زمانە ئینشاییەی ساڵانێکی درێژە قسەی پێدەکەن دروستبوونی هەرێمیان بە خوێنی ڕژاوی «هەزاران شەهید» و بە «خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکان»ەوە گرێدا. هەندێک بەرپرسی تر لە ئاستێکی تەواو نزمتردا وەڵامی ڕۆژنامەکەیان دایەوە. وەک هەمیشە کەسیان بەلای ئەو مانا سادانەدا نەگەڕان کە لە پشتی ئەو دەنگدانەi زۆرینەوەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم.

هەموو کۆمەڵگایەک کۆمەڵگایەکی قسەکەرە، جا چ لە پەیوەنیدا بە خۆیەوە یاخود لە پەیوەندیدا بە حوکمرانەکانییەوە. لە هەموو جیهاندا کۆمەڵگایەک نادۆزینەوە بە شێوازی جیاواز قسەنەکات و لە ڕێگای ئەو قسەکردنەشەوە خۆی بۆ خۆی و خۆی بۆ حوکمڕانەکانیی و دەوروبەرەکەشی، نمایشنەکات. وەکچۆن تاکەکەس قسەدەکات بۆ ئەوەی بەیانی دۆخی خۆی بکات و بە هەمانشێوە کۆمەڵگاش وەک یەکەیەکی دەستەجەمعیی، قسەدەکات و خۆی بەیاندەکات. 


قسەکردنیش هەم  شێوازی جیاوازی هەیە و هەم بە قۆناغی جیاوازیشدا تێدەپەڕێت. لە قۆناغی یەکەمدا، ئەگەر گوێیەک هەبێت بۆ بیستن و جاوێکیش هەبێت بۆ بینین، کۆمەڵگا لە ڕێگای زمانەوە دەدوێت. ئەوەی دەیەوێت و داوایدەکات بە دەنگ و نووسین و هێما دەیڵێت و بەیانیدەکات. ناڕەحەتییەکانی، دڵەراوکێکانی، مەترسیی و دوودڵییەکانی، خەون و خواستەکانی بەیاندەکات. (کۆی ئەو هەموو نووسین و قسەکردنە زۆرەی کۆمەڵگای ئێمە لە سێ دەیەی رابردوودا کردویەتی، دەرکەوتی ئەم ئاستەی قسەکردن و خۆنمایشکردنە). کاتێک دەنگ و قسەکردن و نووسین بێنرخ و بێبایەخدەکرێن و گوێیەک نامێنێتەوە بۆ بیستن، کاتێک بەشەکی زۆری کەنالەکانی قسەکردن و خۆنمایشکردن مۆنۆپۆڵدەکرێن، قۆناغی ئەنجامدانی کردەی بینراو و بەرجەستەکراو دەستپێدەکات. لێرەدا کۆمەڵگا بە زمانی جوڵاندنەوە  و نارەزاییدەربڕین و جوونە سەر شەقام دەدوێت (لە ١٧ شوباتەوە ئەم زمانە بە خەستی ئامادەیە و خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕین بەشێکی بەرچاوی ئەو زمانە کردەییە بووە کۆمەڵگای ئێمە قسەی پێکردوە. ساڵێک نادۆزینەوە پەنا بۆ شەقام نەبرابێت بۆ نارەزاییدەربڕین بەرامبەر بە مەسەلەیەک یان جەند مەسەلەیەکی دیاریکراو). کە ئەم زمانە کردەییەش دادی نەدا ئیتر پەنا بۆ زمانی بایکۆت و بەشدارینەکردن دەبرێت، کۆی ئەو پردانە دەڕوخێنرێت کە کۆمەلگا بە حوکمڕانەکانیەوە گرێئەدات. ئەم شێوازە تایبەتە لە قسەکردنی کۆمەڵگا، بۆ نموونە، لە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان و لە بایکۆتی ئەو بۆنە و یادکردنەوە فەرمیانەدا بەرجەستەیە کە دەسەلاتداران ڕێکیاندەخەن و بەڕێوەیدەبەن. بایکۆتکردن زمانی جیاکردنەوەی ماڵی کۆمەڵگایە لە ماڵی حیزب و ماڵی خەڵک لە ماڵی حوکمڕانان و بنەماڵە سوڵتانییەکان. ئەگەر حوکمرانان و بازنە داخراوەکانی دەوروبەریان کۆمەڵگاکەیان هەم گۆڕیبێت بۆ کۆمەڵگای چەندان گیتۆی داخراو و هەم دەیان کۆمەڵگای تەریب و بێپەیوەنیدان لەناو یەک کۆمەڵگادا دروستکردبێت، ئەوەی لەبەردەم کۆمەڵگادا بۆ رەفزکردنی ئەو ستراتیژیەتی بەگیتۆکردنەدا ماوەتەوە، رەفزکردنی بنەما مادییەکانی ئەو توانایانەیە کە ئەو کردەی بە گیتۆکردنەی مەیسەرکردوە. ئەم رەفزەش لای ئەو زۆرینەیەی لەو ڕاپرسییەدا بەشداریان کردوە، خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆی هەرێمەکەدا دەبینێتەوە، کە لە دیدی ئەواندا بووە بە شوێنێک بۆ ئاوسانی بەردەوامی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و ئەمنیی ئەو حوکمڕانانە و بنەماڵە سوڵتانییەکان.  ئەم خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمە تۆخکردنەی ئەو سنوورە پتەوەیە کە خەڵک لە نێوان خۆیان و ئەو جیهانەدا کێشاویانە کە بنەماڵە حوکمرانەکان و کەمینە داخراوەکەی دەوروبەریان دروستیانکردوە. گەیاندنی ئەو سنوورەیە بە دوا خاڵی خۆی کە خاڵی سڕینەوەی هەرێمەکە خۆیەتی، هەرێمێک لە خەیاڵگەی کۆمەڵگاکەدا گۆراوە بۆ کۆمەڵێک چاڵە نەوت و بۆ تۆڕێکی گەورە لە بازرگانی قۆرخکراو و جەند دەغیلەیەکی گەورەی پڕ لە پارەی دزراو.  

بەشداربووان لە ڕێگای ئەو ڕاپرسییەوە رەفزێکی سەرانسەری کۆی ئەو شتانە نیشانئەدەن کە حوکمرانان  دەیکەن و ئەنجامیئەدەن. لە ڕاستیدا ئەم خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، لەوە کەوتوە قسەبێت، قسەی ئاسایی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆی و لەگەڵ حوکمرانەکانیدا، بەڵکو بووە قیژە، قیژەیەکی گەورە، رەنگە دواهەمین قیژە، کە پێویست دەکات هەمووان لە هەرێمەکەدا بەخەبەربهێنێتەوە. لە هەناوی ئەم خواستی هەڵوەشاندنەوەیەی هەرێمدا، جۆرێک لە پرۆژەی ئینتیحارکردنی دەستەجەمعیی ئامادەیە، کە بەرهەمی سەندنەوەیەکی سیستماتیک و توندوتیژانەی ئومێدە لە کۆمەڵگا و دەرەنجامی بێمتمانەیەکی قەترانیی گەورە و هەمەلایەنی خەڵکە بە حوکمڕانەکانی.
وەکچۆن بەرهەمی کوشتن و وێرانکردنی هەموو ئەلتەرناتیڤێکی عەقلانیی ئەو دۆخەیە لە هەرێمەکەدا سەروەرکراوە. دەرنجامی سەروەرکردنی سیستمێکی ئابورییە کە ئابوریی  زوڵمە. دەرەنجامی قۆرخکردنی ئێستا و ئایندەی زیاد لە نەوەیەکە لە هەرێمەکەدا و 
گۆڕینی زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگاکەیە بۆ ڕەعیەتی بێماف و بێئایندە. 
لەزۆر سەرەوە خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم درێژەی ئەو دۆخە سایکۆلۆژییە دەستەجەمعیەیە کە پاڵ بە کەسانێکەوە دەنێت کۆچ بکەن و ریسکی خنکان لە دەریاکاندا، یان کوژران و پروکان لە ڕێگاکاندا، تاقیبکەنەوە. 
ئەوانەی کۆچدەکەن لەگەڵ ئەگەری مردندا هاوڕێگان، خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمیش هاوڕێگابوونە لەگەڵ ئەگەرێکی مەترسیداریی لەو شێوەیەدا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand