به‌په‌له‌

"هەنگاو بۆ دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز هەڵدەگرین"

Draw Media

2023-01-28 11:12:06



(درەو): 
سەرۆك وەزیرانی عێراق باس لە هەوڵەكانی دەكات بۆ دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، یاسایەك كە هێشتا لە عێراقدا بوونی نییە‌و وا تەماشا دەكرێت كێشەی نەوت‌و بودجە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندیدا چارەسەر بكات. 
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، یاسای بودجە پشكدار دەبێت لە چارەسەركردنی بەشی زۆری پرسی حەواڵەی دارایی بەگوێرەی دەستور. 
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گروپی كەناڵەكانی فرانس 24، سودانی دەڵێ" گرنگترین هەنگاو هەڵدەگرین بۆ دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز، ئەم یاسایە پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت رێكدەخات".
لەبارەی بوونی هێزە بیانییەكانیشەوە لەناو خاكی عێراقدا، لەم چاوپێكەوتنەدا سودانی هەندێك گۆڕانكاری لە لێدوانەكەی پێشوویدا كردووە كە ناڕەزایەتی لایەنە هاوپەیمانەكانی ئێرانی لێكەوتەوە، سودانی ئاماژەی بەوەكردووە" عێراق پێویستی بە هێزی شەڕكەری بیانی نییە، بەڵكو پێویستی بە هاوكاریی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا یاخود وڵاتانی دەرەوەی هاوپەیمانێتییەكە لە بواری روبەڕووبونەوەی تیرۆرو گرەنتیكردنی سەقامگیری‌و ئاسایش. 
سودانی وتویەتی" بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەسەر داوای حكومەتی پێشووی عێراق بووە‌و ملكەچە بۆ دیالۆگیی پیشەیی بەگوێرەی رێككەوتنێكی سیاسی كە لایەنە ئەمنییە فەرمییەكان دیاری دەكەن سەبارەت بە پرسی مانەوەی راوێژكاران‌و دیاركردنی ژمارە‌و شوێنی مانەوەیان، هەروەها هاوكاری لە بواری راهێنان‌و ئاڵوگۆڕی زانیاریی". 
سودانی باسلەوە دەكات، پێویستیان بە شێوازێكی نوێی پەیوەندی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، كە لەسەر بنەمای هاوكاری‌و كاری هاوبەش بێت لەگەڵ گەرەنتیكردنی سەروەری عێراق بەسەر خاك‌و ئاو و ئاسمانەكەیدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق پێداچوونەوە دەكات بەمەبەستی دیاریكردنی چوارچێوەی پەیوەندییەكە بەگوێرەی ئەو بنەمایانە. 
"لە رۆژی یەكەمەوە كە دەستبەكاربووین، تامەزۆر بووین بۆئەوەی رۆڵی لێكنزیككردنەوەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران‌و سعودیە‌و وڵاتانی تری عەرەب ببینین، بۆ درێژەپێدانی لێكنزیكبوونەوەو لێكتێگەیشتن تا دەگاتە ئاسایش‌و كەمكردنەوەی گرژییەكان لەناوچەكە، ئێران‌و سعودیە دڵنیاییان پێداوین‌و ئێمەش بەردەوامین لە هەوڵەكانمان، سوربونێك لە هەردوولاوە هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانیان بە سەرپەرەشتی عێراق‌و بەمزوانە بەشداردەبین لە بەدیهێنانی ئەو دیدارە لە بەغداد".
لەبارەی قەیرانی نرخی دراو، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێ" بەهۆی ئەم هەڵبەرزو دابەرزەی نرخی دراوەوە بەرزبوونەوە لە نرخدا روویداوە، بەڵام بەگشتی لە 2003وە تائێستا، دارایمان لە باشترین دۆخدایە، داهاتی بەردەوامی نەوت‌و كۆگای خۆراكمان هەیە. 
"رێوشوێن‌و بڕیاری گرنگمان هەیە كە دەبێتەهۆی بەدیهێنانی چاكسازی ئابوری لە سیستمی دارایی‌و بانكییدا، كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەرێگەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراوەوە بازرگانی شێواندووە.. پێشتر فرۆشتنی دۆلار لە رۆژێكدا دەگەیشتە 300 ملیۆن دۆلار، لە بازرگانییەكی نایاسایدا، پارەكە لەژێر ناونیشانی ئاودیوكردن‌و شتنەوەی پارەدا دەرۆیشتە دەرەوە". 
سودانی ئاشكرایكرد" بە سەرۆكایەتی وەزیرەی دەرەوە‌و گروپێك لە كەسانی پشپۆڕ، وەفدێكی عێراقی دەچێتە واشنتۆن، لەگەڵ خۆیدا چەند دۆسیەیەك دەبات، یەكێك لە دۆسیەكان لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمریكا‌و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا تاوتوێ دەكرێت، بۆ بۆ راوەستانە لەسەر لێكەوتەكانی جێبەجێكردنی ئەو پێوەرانەی وەزارەتی خەزانەی ئەمریكا دایناوە، بەجۆرێك گرەنتی ئامانجەكە بكرێت لە هەردوولاوە". 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand