پارتی‌و یەكێتی و گۆڕان رێككەوتوون (هەڵبژاردن بە چوار بازنە بكرێت) 

Draw Media

2023-01-23 13:16:47



(درەو): 
بەبێ (كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ) پارتی‌و یەكێتیی‌و گۆڕان رێككەوتوون یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە‌و هەڵبژاردن بە (4) بازنە بەڕێوەبچێت (بەپێی وتەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی). 
لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە، فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵی دادگەریی+ یەكگرتوو+ نەوەی نوێ) بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد، ئەم فراكسیۆنانە پێشتر بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، بایكۆت یاخود كشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان راگەیاندووە.
ئەو لایەنانەی كە بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بریتی بوون لە فراكسیۆنەكانی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان+ پێكهاتەكان)، ئەم لایەنانە پێكەوە دەنگیاندا بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تا كۆتایی ئەمساڵ‌و دواخستنی هەڵبژاردن.  
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) سەبارەت بە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەموو لایەنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەمواربكرێتەوە‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمیش كارا بكرێتەوە‌و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت، واتە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ. 
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی:" بەپێی ئەوەی رێككەوتنمان لەسەر كردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان شێوازی هەڵبژاردن بە چوار بازنە دەبێت‌و بایۆمەتری هەڵبژاردنی 2021ی عێراقیش وەكو بنەمای تۆماری دەنگدەران وەردەگیرێت.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand