سێ کۆڵەکەی سەرەکیی پێشکەوتن

Draw Media

2023-01-16 13:32:09



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

ھێز، هێزی هەر کۆمەڵگایەک، لە دونیای ئەمڕۆدا لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکیی بونیاددەنرێت. یەکەمیان، کۆڵەکەی زانستە. دووهەمیان کۆڵەکەی تەکنۆلۆژیایە. سیهەمیان کۆڵەکەی دەزگای خاوەن ڕەوایەتی یاسایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییە.
یەکەم: زانست هێزی ژمارە یەکی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی دونیای ئەمڕۆیە. ئەو هێزەیە کە بەشدارە لە پاراستن و مانەوە و پێشخستنی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە. زانست ئەو ئامرازە سەرەکییەیە مرۆڤایەتیی بەهۆیەوە ڕووبەرووی ئەو کێشە و تەحەدا گەورانە دەبێتەوە کە بەردەوام ڕووبەڕووی دەبێتەوە. دواهەمین تەحەدایەک کە سەرجەمی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی بووەوە و ژیانی لە دەیان ملیۆن مرۆڤ سەندەوە، تەحەدای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. ئەم ڤایرۆسە دۆخێکی پڕترسی هێنایە کایەوە و لەزۆر ڕووەوە مەترسی لەسەر ژیانی ملیارەها مرۆڤ، دروستکرد. ئەوەی ڤاکسینی دژە ئەم ڤایرۆسە و سنووردارکردنی کاریگەریی و زیانەکانی دۆزیەوە، ئەو لابۆرە زانستییانەبوون کە بەشی هەرەزۆر و هەرە پێشکەوتویان لە ولاتانی خۆرئاوادا نیشتەجێن و بە زانکۆ گەورەکانی ئەو بەشەی دونیاوە گرێدراون. لە کاتێکدا سەرکردەی هێزە سیاسییە دینییەکانی لای ئێمە بە خۆشحاڵییەوە باسی ئەوەیان دەکرد ڤایرۆسەکە «سەربازی خودا»یە و بۆ کافران نێردراوە. دەڵێم لە کاتێکدا ئەمانەی لای خۆمان بەم زمانە دینیی و عەڵیەتە خورافییە باسیان لەو تەحەدا گەورەیە دەکرد کە ڕووبەڕووی هەموو مرۆڤایەتی بووبووەوە، زمانی زانست و عەقڵیەتی زانستی لەناو لابۆرەکانی خۆرئاودا بێماندووبون کاریاندەکرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ھەڕەشەکانی ئەم ڤایرۆسە. کە ڤاکسینەکەش دۆزرایەوە، هەمان ئەو کەسانەی باسی «سەربازی نێردراوی خودا»یان دەکرد بەر لە هەمووان ڤاکسینەکەیان لە خۆدا بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری مردن. ئەم بێنرخکردن و بێبەهاکردنەی زانست لە دونیای ئێمەدا یەکێکە لە ھۆکارە گەورەکانی دواکەوتنی ئەم بەشەی جیھان. مێژووی بێنرخکردنی زانست لەم ناوچەیەدا مێژوویەکی درێژە. کاتێک رەفاعە تەھتاوی دوای سەفەر و مانەوەی پێنج ساڵ لە فەرەنسا، لە نێوان ساڵانی ١٨٢٦-١٨٣١ دا دەیەوێت کتێبی سەفەرنامەکەی چاپبکات، ناچاردەبێت بڕگەیەک لە کتێبەکەی لاببات، چونکە، پێیان ووتبوو گەر ئەو بڕگەیە لانەبات پیاوانی دینی زانکۆی ئەزھەر تەکفیری دەکەن. بڕگەکەش باسی ئەو دۆزینەوە زانستییەی گالیلۆی دەکرد، کە نیشانیئەدات ئەوە خۆر نییە کە بەدەوری زەویدا دەەسوڕێتەوە، بەڵکو زەوییە بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. «عولەمای دین» و بانگخوازەکانی سەدەی نۆزدەھەم ئەو دۆزینەوە زانستییە سادەیەیان قبووڵنەبوو، پێیان وابوو ئەو قسانە کوفر و  بەگژاچوونەوەی موقەدەسات و لادانە لە ڕێگای خودا. عەقڵیەتی ئەو «عالم»ە دینیانەی ئەزھەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە دوای ئەو عەقڵیەتە زانستییەوە بوو، کە لەسەدەی شازدەھەمدا لە ئەوروپادا دروستبووبوو. لە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆناکەشدا ئێمە هەمان دیمەنمان بینیەوە. ئەم بێنرخکردنەی زانست دۆخێکی گشتییە تەنھا پیاوان و ھێزە دینییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو دۆخێکی گشتیی و بەرفراوانە. 


دووهەم: تەکنۆلۆژیا. تەکنۆلۆژیا کۆڵەکەی دووهەمی هێز و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییە. تەکنۆلۆژیا ئەو سیستمەیە کە بەهۆیەوە زانست و مەعریفەی زانستیی بۆ دۆزینەوەی میتۆد و ئامراز و ئۆرگانی نوێ، بەکاردەهێرنێت بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو کە پابەستە بە چارەسەرکردنی کێشەیەک یان مەیسەرکردنی دەستگەیشتن بە شتێک، کە بەبێ ئەو تەکنۆلۆژیایە چارەسەرکردن و دەستپێگەیشتنی زەحمەت یان مەحاڵ بێت. تەکنۆلۆژیا هەم هاریکاریی داهێنان و دروستکردنی ئامێر و ئامراز و ئپرگان و تەکنیکی نوێ ئەکات، هەم یارمەتی دۆزینەوەی چارەسەری باشتر و گونجاوتر و خێراتر بۆ ئەم یان ئەو کێشە. دەشێت لێرەدا نموونەی داهێنان و دروستکردنی چاپخانە بهێنینەوە کە بووە هۆی چاپکردن و بڵاوبووکردنەوەی بەرفراوانی کتێب و بەشداربوون لە پرۆسەی بە خوێندەوارکردن و پێشخستنی کۆمەڵایەتیدا. چاپخانە  وەک ئامرازێکی تەکنۆلۆژی نوێ دەچێتە شوێنی نووسینەوەی کتێب بە دەست و لەم ڕووەوە خزمەتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی دەکات. لێرەشدا کاردانەوەی پیاوانی دین  و ھێزە دینییەکان شوێنی لەسەر وەستانە.
 لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا پیاوان و دەزگا دینییە ئیسلامییەکان بەکارھێنانی چاپخانەیان یاساغکرد. بەڵام کەمینە دینییەکانی وەک جولەکە و ئەرمەنیی و مەسیحییەکان ئەم کارەیان نەکرد. ئەوان لە ئەستەنبوڵ و سالۆنیکی و لوبنان چاپخانەیان هێنا و کتێب و بڵاوکراوەیان پێ چاپدەکرد، بەڵام بۆیان نەبوو ئەم کارە بە زمانی عەرەبی بکەن، بەڵکو بە زمانی عیبریی و ئەرمەنیی و زمانەکانی تری کەمایەتییە دینییەکان. ئەو کتێبانەش کە بە زمانی عەرەبی لە چاپخانەکانی ئیتالیادا چاپکرابوون، دیسانەوە فرۆشتنیان لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا تەواو زەحمەتکرابوون. سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوەدەکەن کاتێک هەندێک بازرگان دەیانەوێت کۆمەڵێک کتێبی بە عەرەبی چاپکراو و هێنراو لە ئیتالیاوە لە بازاڕی ئەستەنبوڵدا بفرۆشن، لەلایەن خەڵکەوە پەلامارئەدرێن و فەلاقەدەکرێن. ئەم دۆخە وادەکات دامەزراندنی یەکەمین چاپخانەی فەرمی سەر بە دەولەتی عوسمانی دوابکەوێت بۆ ساڵی ١٧٢٧. لەو ساڵەدا بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی چاپخانەیەکی فەرمی دادەمەزرێت، بەڵام چاپخانەکە بۆی نابێت کتێبی فیقی ئیسلامیی و کتێبی تەفسیر و کتێبی فەرمودەکانی پێغەمبەر و کتێبەکانی عیلمی کەلام و قورئان چاپبکات. سوڵتانی عوسمانی لە دەرکردنی ئەم بڕیارەدا پشت بە فەتوای شێخول ئیسلام دەبەستێت کە بەرزترین دەسەلاتی دینیی ناو ئیمپراتۆریەتەکە بووە. سێ ساڵ دوای دانانی چاپخانەکە، واتە لە ساڵی ١٧٣٠دا، یاخیبوونێک دروستدەبێت، پەلاماری چاپخانەکە ئەدرێت و ئەسوتێنرێت.  
کۆڵەکەی سێهەم، بوونی دەزگای خاوەن ڕەوایەتی یاسایی و کۆمەڵایەتییە. بەشێکی گەورەی هێزی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان پابەستی جێگرتنەوەی کۆمەڵێک دەزگای یاسایی و خاوەن رەوایەتییە، بۆ خواست و ویست و زەوق و حەزی حوکمڕان و دارودەستە و بازنە بچووک و داخراوەکەی دەوری. لە مێژووی مۆدێرندا گرنگترین دەزگایەک بەم ئاراستەیە دروستبووبێت دەزگای پەرلەمان و دەزگاکانی داوەرییکردنی مۆدێرنە. ئەم دەزگایانە لەسەر بنەمای دانانی دەستور کاریانکردوە و بڕیاریان دەرکردوە و داوەرییان کردوە. بە مانایەکی دیکە بوونی دەزگای یاسایی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان، بە تایبەتی پەیوەندییەکانی دەسەڵات، پەیوەندیی نێوان حوکمڕانان و کۆمەڵگا، لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بەهێز و پێشکەوتون. لەمەشدا دیسانەوە ئەو ناوچەیەی ئێمە لە دۆخێکی تەواو خراپ و قەیراناویدا ژیاوە، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ. مێژووی سیاسیی کۆمەڵگا موسڵمانەکانی ناوچەکە، مێژووی سیاسیی ئیسلام خۆیشی لە سەرەتای سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، میژوویەکە بێدەزگا و بێدەستور و بێ بوون و ئامادەگی میکانیزمێک بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی خەلیفە، ئەمیر، سوڵتان و حوکمڕان. لەباتی دەستور و پەرلەمان و دەزگای لێپرسینەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتی حوکمڕان، تەنھا ”بەیعە“ ھەبووە کە ئەویش ھێندەی شانۆگەرییەکی ڕێکخراوبووە ھێندە ئامرازێکی ڕاستەقینەی دەستگۆڕکێی دەسەڵات نەبووە. ھەموو ئەمانەش وایانکردوە فۆرمی جیاواز لە ستەمگەریی سیاسیی و دینیی دروستببێت. 


مێژووی سیاسیی و حوکمرانیی لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا، لە سەرەتای سەرەتاوە، مێژوویەکی بێدەستور و بێدەزگای خاوەن ڕەوایەتیی بووە. دانانی یەکەمین دەستور لەناو مێژوی سیاسیی کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا دوادەکەوێت بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم. لە ساڵی١٨٧٦دا عوسمانیەکان بۆ یەکەمجار دەستورێک دەنووسن و دەیخەنە بواری کارپێکردنەوە، بەلام ساڵێک دواتر، سوڵتان عەبدولحەمید، هەم دەستورەکە پەکدەخات و ئیشکردن بە دەستوور ڕادەگرێت و هەڵدەوەشێنێتەوە. لە راستیدا بەشێک لە هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی تا ئەمرۆش دیموکراسیەت و دەستورگەرایی و پەرلەمانتاریزم وەک کوفر و لادان لە ئیسلام دەبینن و مامەڵەدەکەن. 
بە کورتییەکەی، ئەوەی دەبینرێت ئامادەگیی جۆرێک لە عەقڵیەتی دینییە کە بەردەوام چەند سەدەیەک لە دوای گەشەی عەقڵیەتی زانستیی و تەکنۆلۆژیی و دەزگایی بەشە پێشکەتوەکانی جیهانەوەیە. ئەوەی شوێنی مەترسییە ئامادەگیی سەختی ئەم عەقڵیەتە دینییەیە تا ئەمڕۆکە، کە جگە لە کێشە و قەیرانی گەورە هیچشتێکی تری پێ بەرهەمناهێنرێت. کە ئەمە دەڵێم ئەمە مانای ئەوە نییە ھێزە نادینییەکان لە ھەر سێ ئاستەکەدا کاری باشتریان کردبێت. ئەوانیش، ھەندێک بە ھاریکاریی ھێزە دینییەکان و ھەندێکجار بەبێ ئەوان، درێژەیان بەھەمان دۆخی کارەساتاوی داوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand