قەیرانی ژینگە جیاوازەکان

Draw Media

2023-01-08 13:14:18



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 


هەموو مرۆڤیک کە لەدایکدەبێت دەکەوێتە ناو زیاد لە ژینگەیەکەوە و هەریەکێکیش لەو ژینگانە کاریگەریی تایبەت لەسەر ئەو کەسە بەجێدەهێڵن. دەکریت لێردا چوار جۆر ژینگەی سەرەکیی لەیەکتری جیابکاینەوە. یەکەمیان: ژینگەی مادیی و سروشتییە. دووهەمیان ژینگەی کۆمەلایەتیی و کولتورییە. سیهەمیان: ژینگەی مەعریفی و جوارەهەمیان: ژینگەی ئەخلاقییە.
ژینگەی یەکەمیان ئەو ژینگە فیزیاییە کە مرۆڤ تیایدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت، ئەم ژینگەیە پەیوەندیی بە هەڵکەوتەی جوگرافیی ئاکاری ئەو سروشت و کەش و هەوایەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویدا دەژیی. لەم ڕووەوە ژینگە هەیە بیابانیی و گەرم و ناسەوز، ژینگەش هەیە شاخاویی و تەڕ و پڕ لە درەخت. ژینگە هەیە بەستەڵەک و سارد و بەستوو، ژینگەی تر هەیە دەریایی و فێنک و سەوز و پڕ ئاو، هتد.... ئەم ژینگە جیاوازانە کاریگەریی جیاوازیان لەسەر ژیان و هەڵسوکەوت و پەیوەندیی کەسەکان بەیەکترییەوە، هەیە. ئەگەر ژینگەکە بیابانی و گەرمبێت، کاریگەریەک جێدەهێڵێت جیاواز لەوەی بەستەڵەک و بەفراویی و بەستوو بێت، ئەگەر لە  پاڵ دەریا و ڕوبار و سەوزایی زۆردابێت، جیاوازدەبێت لە شوێنێکی وشک و برینگ و گەرم و بێدار و درەخت بێت. گرێدانی شێوازی ئاکار و جۆری پەیوەندیی و شێوەژیانی خەڵک، تەنانەت گرێدانی شێوازی  بیرکردنەوەی مرڤەکان، بەو ژینگە مادیی و سروشتییەوە مێژوویەکی درێژی لە فیکری تیوریدا، هەیە. لە دونیای ئێمەدا، بۆ نموونە  لای کەسانی وەک فارابی و ئیبن خەلدون، لە ئەوروپاشدا تا سەردەمی مۆنتسیکیو، ئەمجۆرە  بیرکردنەوەیە ئامادەبووە. ئەو تیورەیەی لێرەدا ئامادەبووە گریمانی گرێدانی هەڵسوکەوت و باوەڕ و عەقیدەی خەڵکی کردوە، بە جۆری کەش و هەواو و ئەو ژینگە مادییە سروشتییەوە کە لەناویدا، دەژین. فارابی تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ژینگەی مادیی و کەش و هەوا و سروشتی شوێنێک، جۆرێک لە خەڵک دروستدەکات کە «تەبع»ی تایبەت و خو و ڕەوشت و ئاکاریان تەواو جیاوازبێت لە کەسانیتری ناو ژینگەی تری جیاواز لەو ژینگەیە، ئەمەش وایلێدەکات بەو قەناعەتە بگات کە دینێک ناتوانێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی بشێت و بەکەڵکی هەموو کۆمەڵگاکان بێت، بەڵکو ژینگەی جیاواز و خەڵکی جیاواز پێویستیان بە دینیی جیاواز هەیە. 
ژینگەی دووهەم «ژینگەی کۆمەڵایەتیی و کولتورییە»ە. ئەم ژینگەیە ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتیی و کولتورییە هاوبەشە دروستدەکات کە کۆمەڵگاکان لە مێژووی خۆیاندا بۆ ڕێکخستنی پێکەوەبوونی کەسە جیاوازەکانی ناوی، بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی هەندێک هاوبەشی تایبەت، دروستیدەکەن. لێرەدا قسە لە بوونی کۆمەڵێک بەها و نرخ و عادەت و خوی کۆڵەیەتی و شێوازی مامەلەکردن دەکرێت، کە کەسەکان پەیڕەوی دەکەن و لە ڕێگایەوە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان ڕێکدەخەن. باس لەوە دەکرێت خەڵک چۆن و بە چ شێوەیەک کاردەکەن، چۆن پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابیندەکەن، چۆن پارە پەیدادەکەن، چۆن حوکمدەکەن، هتد...هاوکات قسەش لە دابەشبوونەکانی ناو کۆمەڵگا دەکریت، بۆ نموونە، ئایا کەسەکان سەر بە چ گروپێکی کۆمەڵایەتیی، ئەتنی، کام دین، کام ناوچەی دیاریکراون. لە ئاستی دەرەکیدا باس لەوەدەکرێت مرۆڤ لە کام دەوڵەتدا دەژی، سەر بە چ نەتەوەیەکە، لە چ بەشێکی جیهاندا نیشتەجێیە. هەموو ئەمانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئەوە هەیە مرۆڤ چۆن دەژیی و چۆن بیردەکاتەوە و چۆن هەڵسوکەوت دەکات. بۆ نموونە، گەر کەسێک کورد بیت و لە ئێران یان لە تورکیادا بژیی، تەواو جیاوازە لە کەسێک فەرەنسیی یان ئەمریکی یان سویدی بیت و لە یەکێک لەو ولاتانەدا بژیی. ژینگەی کۆمەلایەتیی پەیوەندیی بەو ژینگە خێزانیی و پێگە چینایەتیی و دینیی و ئەتنیی و نەتەوەییەوە هەیە کە مرۆڤ هەڵگریەتی. هەرچی ژینگەی کولتورییە، پەیوەندیی بە کۆی ئەو بەها و نرخ و عادەت و «خو» و «ڕەوشت»انەوە هەیە کە لەو ژینگەیەدا ئامادەیە. 
ژینگەی سێهەم، «ژینگەی مەعریفیی»ە. ئەمەیان ئەو ژینگەیەیە کە تیایدا مرۆڤ پرسیارەکانی دەکات و لە ڕێگای زانیاریی و مەعریفە و زانستەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی، دەستدەکەوێت و دەتوانێت لەو جیهانە بگات کە لەناویدا دەژیی. ئەم ژینگەیە، بە پلەی یەکەم، پەیوەندیی بە جۆری ئەو قوتابخانە و فێرگانەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویاندا فێردەبێت پرسیاربکات و و بیربکاتەوە و بەرخوردبکات. سیستمی خوێندن و فێربوون بنەما و کۆڵەکەی سەرەکیی «ژینگەی مەعریفیی» پێکدەهێنێت کە مرۆڤ لەناویدا پێدەگات، فێردەبێت بەشێوەیەکی زانستییانە بیربکاتەوە و دیاردەکان و شتەکانی دەوربەری، تێبگات و ڕاڤەبکات. بۆ نموونە دەکرێت جیاوازییەکی گەورە ببینین لەنێوان  کەسێکدا لە ناو سیستمێکی خوێندنی تازەی شارستانیی و لە زانکۆیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتودا خوێندبێتی، لەگەڵ کەسێکدا لەناو سیستمێکی خوێندنی سونەتیی و جۆریک لە زانکۆی دواکەوتودا فێربووبێت. ئەگەری ئەوە گەورەیە کەسی یەکەمیان وزەی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەهێزتر و پێگەیشتوتربێت لە کەسی دووهەمیان. کەسێک لە ژینگەیەی مەعریفیدا بژیی کە دەزگا و ناوەندی دیاریکراوی تێدابێت خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستییبێت لەسەر ئەو دیاردانەی رووئەدەن، تەواو جیاواز دەبێت لەوەی لە ژینگەیەکی مەعریفی تەواو هەژار و بێزانیاریدا بژیی. سیستمێکی فێربوونی وەک ئەو «مەدرەسە دینیی» و «مەدرەسە قورئانیانە»ی لە پاکستان بە پارەی وڵاتانی خەلیج دروستکرا و تاڵیبانی تێدا پەروەردەکرا، تەواو جیاوازە لەو سیستمی خوێندنانەی زانا گەورەکانی جیهان لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا، پێدەگەیەنن. ژینگەی مەعریفیی یەکێکە لە ژینگە گرنگەکانی ناو ژیانی مرۆڤ کە دەشێت هەم بیکات بە زانایەکی گەورە، هەم بە جاهیل و دڕندەیەکی، گەورەش. 

 

 

ژینگەی چوارهەم بریتییە لەو «ژینگە ئەخلاقی»یەی مرۆڤ لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت. ”ژینگەی ئەخلاقیی“ بریتییە لەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کەسەکان لەناویدا ئامادەن و پێماندەڵێت چۆن بژین و چۆن هەڵسوکەوت بکەین و چ جۆرە مامەڵەیەکی خۆمان و ئەوانەش بکەین لە خۆمان ناچن و جیاوازن. ئەم ژینگە ئەخلاقییە دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چی قبووڵنەکەین، بە چی رازیبین و بەچیش ناڕازیی، چی بە ئاسایی و شیاو بزانین و چیمان بەلاوە نائسایی و نەشیاوبێت. پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت. «ژینگەی ئەخلاقیی» دستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبوون و تێکچووندایە. دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بە خۆمان و بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین، چیش پێویستە نەکرێن و ئەنجامنەدرێن. ”ژینگە ئەخلاقیی“  هاوکات  کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاریدەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردن و چی مایەی شەرمکردن بێت، چی توڕەمان بکات و چی وامان لێبکات سوپاسگوزار و ڕازیبین. پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین، چاو لەچیش نەپۆشین و چ شتێکیش لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە. 
جیاوازیی «ژینگەی مادیی» و «سروشتیی» لەگەڵ ژینگەکانی تردا ئەوەیە کە یەکەمیان، زۆربەی کات، ژینگەیەکی پێدراوە، خۆی هەیە، بوونێکی بابەتیی هەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. بەڵام کۆی ژینگەکانی تر ژینگەی مرۆڤکردن، مرۆڤەکان خۆیان و بەیەکەوە دروستیدەکەن و هەرخۆشیان دەتوانن بیگۆڕن. ئەوەی لێرەدا گرنگە جەختی لێبکەین ئەوەیە مرۆڤ وەکچۆن پێویستە لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت ، ژینگە سروشتییەکە، بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتوو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەکانی تریشدا بێت بۆ ئەوەی ئازاری خۆی و ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات، هەم خۆی وەک مرۆڤێکی باش و دروستکەر و چاکەکار ھەبێت و هەم ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و مەعریفیی و ئەخلاقیەکەشی. کۆی ئەم ژینگانەش بە بەردەوامی لە جوڵە و گۆڕان و تازەبوونەوەدان، هیچ یەکێکیان جێگیر و نەگۆڕ نییە، تەنانەت ژینگە مادیی و سروشتییەکەش دەگۆڕێت. بینین و تێگەیشتن لەم ڕاستییە سادەیە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکیی و بنەرەتییەکانی دروستکردنی دونیایەکی باشتر و گونجاوتر، لەوەی لە ئێستادا هەیە و ئامادەیە. بە بۆچونی من کۆی ئەم ژینگانە لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا لە قەیرانی گەورە و هەمەلایەندان. ژینگە مادیی و سروشتییەکە ڕووی لە تێکچون و داوەشانە. مرۆڤ هەر سەریی ئەو هەموو پلاستیک و نایلۆن و باغە و خاشاکە زۆرە بکات کە لە لە شوێنە گەشتیریەکاندا بەجێیدەهێڵن و بەناو سروشتدا بڵاودەبێتەوە. ئینجا ژمارەی ئەو هەموو بیرە تایبەتانە کە بۆ دەرهێنانی ئاو لە سەدان شوێنی جیاوازی دەرەوەی شارە گەورەکانی هەرێمدا و لەناو شارەکانیشدا لێدراون، کە هەڕەشەیەکی گەورەیە لە وشکبوونی تەواوەتی زۆرناوچە.  لەپاڵ ئەمانەشدا بەکارهێنای بەنزین و غاز و سوتەمەنی خراپ و هەڵئاوسانی ژمارەی ئۆتۆمۆبێل و سوتاندنی ناوبەناوی دارستانەکان و دەردانی سەدان ملیۆن تەن دووکەڵ و گازی ڕۆژانە لە هەرێمدا، ڕۆڵێکی بەرچاو لە پیسکردنی هەوا و ژەهراویکردنیدا، دەبینن. 
 

 

هەرچی ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکەیە بە دەیان شێوە ژەهراوی بووە. بێکاریی بەرفراوان، نەبوونی ئومێد بە ئایندە، باڵادەستیی ڕێگای نا یاسایی و نائەخلاقیی بۆ دەولەمەندبوونی خێرا، کەڵەکەکردنی نیمچەمافییانەی سەرمایە، ژینگەیەکی ئابورییان دروستکردوە هەم وێرانە و هەم تیایدا کەرتە سەرەکییەکانی ئابوریی قۆرخکراون، هەم مانایەکیان بۆ کارکردن و ڕەنجکێشانی شەخسییش نەهێشتۆتەوە. جگە لەوەی کار کەمە و ژمارەیەکی گەورەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان بێکارن، بەڵام بوونی کاری ئاسایی خۆیشی دەستەبەری لانی هەرەکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی سادە ناکات. لەناو ئەم ژینگەیەدا ئاسۆکانی جیگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگای کارکردن و رەنجی تاکەکەسییەوە، بەتەواوی داخراون. مۆدێلی حوکمڕانیی خێزانیی کە وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک موڵکی شەخسیی و ڕەعیەتێکی بێماف مامەڵەدەکات، گواستراوەتەوە بۆ ناو هەموو بوارەکانی دیکەش. تەنانەت بۆناو ئۆرگانە مەدەنیی و دینیەکانیش. فۆرمێک لە «دینداریی» تازەش دروستکراوە کە جیهان بۆ دنیدار و بێدین دابەشدەکات و بە زمانی دین قسە لەسەر کۆمەڵگا و دەوڵەت و کایەکان دەکات، زمانی «هاوڵاتیبوونی یەکسان» و «تاکەکەسی خاوەن ماف» و «یەکسانی کەسەکان لەگەڵ یەکدا»، بە یەکسانی ژن و پیاوەوە لەگەڵ یەکداتەواو غائیبە لەناویدا. ئەمە جگە لە غیابی  «مەدەنیبوون»ی پەیوەندییەکان و «پێناس» و «سوناسەکان».  

 

هەرچی ژینگە مەعریفیەکەیە ئەویش بە شێوازی جیاواز لەناو زیاد لە قەیرانێکی هەمەلایەندایە. ڕەنگە هەرە گرنگەکەیان قەیرانی نەناسینیی جیهان و کۆمەڵگا و کێشە سەرەکییەکانیان بێت. ئەمەش لە ڕێگای غیابی ئەو ڕشتە و بوارە زانستییانەوە کە لەسەر کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا کاردەکەن و ئەو زانیاریی و مەعریفە پێویستە بەرهەمدەهێنن کە ئەو کۆمەڵگایە بۆ ناسینی خۆی و ناسینی جیهان، پێویستی پێیەتی. لەم ڕووەوە دۆخی زانکۆکانی هەرێم و ناوەندەکانی تری بەرهەمهێنانی مەعریفە دۆخێکی خراپ و پەرێشانە.  ئەگەر زانکۆکان جاران تەنها بەسیاسیی و بە حیزبی کرابووبن، ئێستا ئیتر بە دینیکردنیشی هاتۆتەسەر. لە ئێستادا چەندان گروپی دینیی دروستبوون کە سنوور بۆ کاری زانکۆ دادەنێنن و ڕێگا لە باسکردنی ئەم یان ئەو بابەت لەناو هۆڵەکانیدا، دەگرن. ئەمەمان هەم لە هەڵەبجە و هەم لە گەرمیان و هەم لە رانیە بینیی، لەمەشدا ئەو جیاوازییە سادەیە کە مزگەوت لە زانکۆ وەک دوو دەزگای جیاواز لەیەکتری جیادەکاتەوە، ژێرپێ نراوە. 
ژینگە ئەخلاقییەکەش لەناو دۆخێکی قەیراناوی گەورەدا دەژیی، کە من لە چەند نووسینێکدا ناوم لێناوە دۆخی «شڵەژانی پێوانەیی». شلەژانی پێوانەیی هێما بۆ ئەو دۆخە رایبەتە دەکات کە تیایدا پێوەرە ئەخلاقییە سەرەکییەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ، راست لە هەڵە، ئەشێ لە ناشێ، جوان لە ناشیرین، لە دۆخی پەککەوتنێکی هەمەلایەندان. بە جۆرێک توانای پۆلینکردنی ئەخلاقییانەی دیاردە و هەڵوێست و گوتار و پەیوەندیی و هەڵسوکەوتەکانی تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی کردوە. ژنان دەکوژرێن و کەسانێکی زۆر دەستخۆشی لە ژنکوژەکە دەکەن، دزیی گەورە دەکرێت و کەسانێک شانازیی بە وێنەگرتن لەگەڵ دزەکاندا دەکەن، لەشکری وڵاتان دەهێنرێنە سەر هەرێمەکە و درۆن و رۆکێتەکانیان خەڵکی بێتاوان دەکوژن، کەچی قسە لە هەرەشە و مەترسیی لەسەر ئاسیش ناکرێت، بەڵام ڕێکخراوێکی ژنان باس لەوەبکات ژن و پیاو یەکسانن و یەک مافیان هەیە، یان فرەژنی وەک ناهەقیی بەرامبەر بە ژن و بە خێزان ببینێت، هەزران دەنگ بەرزدەبێتەوە و باس لە هەڕەشە و مەترسیی لەسەر «ئاسایشی خێزان» دەکەن. ئەم دۆخی شڵەژانی پێوانەییە وایکردوە ژینگەی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لە زۆر ڕووەوە، لە دۆخی بەر لە دروستبوونی ئەخلاقدا بژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕووتی ھێز و دەسەڵاتی چاودێرینەکراودا کە تییادا بەھێز ھەموو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا، ئەنجامبدات، بەبێئەوەی لە بەرامبەریدا ویژدانێکی ئەخلاقیی ئیدانەکار و بەرگریکەر بوونی هەبێت. بە مانایەکی دیکە قەیرانەکانی ئەم ژینگە ئەخلاقییە بەرەو ئەوەدەچێت ژینگە ئەخلاقییەکە بەرەو ئەوەببات ببێت بە ژینگەی بەر لەدایکبوونی ”ویژدانێکی ئینسانیی تەندروست“ کە تیایدا مرۆڤەکان یەکتری وەک کەسانی یەکسان و خاوەن ماف و خاوەن ڕێز، ببینن و مامەڵە بکەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand